وتار
یادەوەری مورافەعە گەورەکە

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

ساڵانێکی زۆر تێپەڕی‌و ئێستاش دیمەنەکانی مورافەعە گەورەکەی مامی ھەمووان لەیادەوەریدا ماوەتەوە، ئەو جوڵە سیاسیەی مام جەلال لەسەر خوانی بیناکردنەوەی عیراق‌و لەدانیشتنی ئەنجومەنی حوکم بە بەرچاوی (پۆل بریمەر)ی حاکمی مەدەنی عیراقەوە، کوردستانیبوونی کەرکوکی لەرێگەی نەخشەو دۆکۆمێنتە مێژووییەکان جارێکی تر سەلماندەوەو بە ھەمووانی ووت، کە چەندی ستەم بەردەوام بێت، چەندە تەعریب‌و پاکتاوی رەگەزیی درێژەی ھەبێت، چەندەش دیمۆگرافیای ئەو شارە بگۆڕێت، کەرکوک بە کوردستانی دەمێنێتەوە.

مورافەعە گەورەکەی مام، رێک رەنگدانەوەی شعرەکەی باوکمە، ”لە پێش ئاگر پرستیدا، لە دیلی و لە سەربەستیدا ھەر کورد بووین و ھەر کوردیش دەبین"، ھەر بەو لۆژیکەش مامی گەورە کوردبوونەوەی خۆی‌و یەکێتی دوپاتکردەوەو لەبەرچاوی ھەمووان دژ بە لۆژیکی نکۆڵیکردن‌و سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک وەستایەوەو لەرێگەی خستنەڕووی دۆکۆمێنتی ئەوانی دیکەوە، بەئیمپراتۆریەتی عوسمانیشەوە جارێکی تر سەلماندی، کەرکوک دوێنێ ھی ئێمە بووەو ئێستاش ھەر ئێمە خاوەنین‌و سبەینێش دەبێت ھەر لەژێر قەڵەمڕەوی کوردستانیبوون‌و جوگرافیای ھەرێم بمێنێتەوە، بەدڵنیاییشەوە، کەس بە ئەندازەی مام جەلال وەک مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدی باوکم کە لەپەرەگرافێکی دیکەدا دەڵێت ”گەلان ھەموو برای منن"، بە ئەندازەی برایەتی گەلانی دیکەوە نەبووە

تەنانەت رەھەندەکانی پرۆسەی مورافەعە گەورەکەش ھەر رەنگدانەوەی باوەڕی پتەوی مام جەلال بووە بە مافی ئەو نەتەوەو پێکھاتانەی کەرکوک کە مێژوویەکە ھاوشان لەگەڵ کورد لەو جوگرافیایە دەژین.

کوردایەتی ھاوچەرخ، کە مام جەلال رابەرایەتی دەکرد، تەنھا پەیوەست نییە بە زەمەنی مورافەعەوە، ھەروەک پرۆسەی مورافەعەش بۆ کێشکردنی رای گشتی ئەوانی دیکە نەبووە، بەڵکو ئەوەی لەلۆژیکی مام‌و لە مێژووی یەکێتیشدا رەنگیداوەتەوە، بەکردەوە ستراتیژێکی راست‌و دروست بووە دەرھەق بە ئەوانی تر، کەسیش ناتوانێ نکۆڵی لە رۆڵی مام بکات لە پشتیوانی پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکوک، بەعەرەب‌و تورکمان‌و ئاشوری‌و تەواوی پێکھاتە ئیتنی‌و ئاینی‌و ئاینزاکان، ئەوەش رێک ئەو لۆژیکەیە کە دەبێت لەدوای کۆچی ئەبەدی مامی گەورە، یەکێتییەکان درێژەی پێبدەن‌و نەیەڵن ئەو شاڕێیەی کوردایەتی‌و ئەو کوردایەتیە ھاوچەرخ‌و مرۆییە بپوکێتەوە.

ئێستا یەکێتی لە غیابی مام جەلالدا، گرنگە لەسەر کۆی رەھەندە سیاسی‌و ئابوری‌و مرۆییەکان شوێن پێی ھەنگاوەکانی مام جەلال بکەوێت، دەبێت ھەوڵبدات لەبارەی کۆی پرس‌و دۆسیە ناوخۆیی‌و ھەرێمیی‌و نێودەوڵەتییەکان ھەمان رێباز پەیڕەو بکات`و کوردستانی و یەکێتی بوونی خۆی لەدەست نەدات، دەبێت یەکێتی ببێتەوە یەکێتییەک، لۆژیکی سزاو پاداشت، وەفاداری‌و پشت لێکردن، نەرمو نیانی‌و ھەڵشاخان لە یەکتر جیا بکاتەوەو نە کەسی لێ زیاد بێت‌و نە بەتۆبزیش کەس بکاتەوە خاوەن، چونکە ئەو سیاسەتی جیاکاریی‌و دابەشبوون‌و پێشێلکردنی بنەما و پاش و پێش خستنی بەرژەوەندیانە دواجار ھەم پێچەوانەی فەرمایشتی مام جەلالەو ھەمیش پێچەوانەی ئاراستە مێژووییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە، ئەوەی دەتوانێ ئەو لاڕێبوونەش رابگرێ‌و نەیەڵێت یەکێتی لە راڕەوی مێژوویی خۆی دووربکەوێتەوە، تەنھا کۆنگرەیە، کۆنگرەیەک کە دەشێت ببێتە مورافەعەیەکی نوێ لەمێژووی یەکێتیدا کە لەپێناو خۆڕاستکردنەوەدا ببەسترێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.