وتار
یادەوەریی راپەڕین، زیاد لە پیرۆزبایی

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

ئیمرۆ یادو یادەوەری راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری (١٩٩١) ی گەلی کوردستانە، کە بە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و ھاوبەشی خەڵکی توڕەو بەشمەینەتی ژێر چەپۆکی بەعس، توانرا لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا تەواوی خاکی کوردستان لەرژێم‌و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی پاکبکرێتەوە، ئەو راپەڕینە مەزنەی (٥/٣) لە دەروازەی راپەڕینەوە دەستی پێکردو رۆژانی دواتر، شار بە شاری کوردستانی بەکەرکوکی قودسیشیەوو گرتەوەو ئەو راسانە جەماوەرییەش بەخوێنی چەندین رۆڵەی گەلەکەمان تۆمارکران، لەم بۆنەیەدا‌و پاش تێپەڕینی بیست و ھەشتەمین ساڵ جارێکی تر پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی کوردستان‌و تەواوی ئازادیخوازان دەکەم‌و سەری رێزو نەوازشیش بۆ شەھیدە سەربڵندەکان دادەنەوێنم

لەراستیدا یادو یادەوەری راپەڕین، نابێت بە تەنھا گۆڕینی ژمارەکان بێت‌و بەس، بەڵکو ئەو بۆنەیە دەبێت ھەمیشە ئەو پەندە گرنگەی مێژوومان بێت کە لەرێگەیەوە سەرلەنوێ خوێندنەوە بۆ کۆی شتەکان بکەین، پێویستەو دەشبێت، بۆنەو یادی راپەڕِین، وەک یادی بەخۆداچوونەوەو بەدەستھێنانەوەی رۆحی ئەو رۆژگارە بێت، ئەو رۆحەی کە دەتوانێت جارێکی تر ئومێدی گەورە بۆ خەڵک بگێڕێتەوە بە حوکمڕانییەکی راست و دادپەروەرانە و تەندروست، لەژێر سایەی سەروەری یاساو بوژانەوەی ئابووری داتەپیوی کۆمەڵگا‌و گیڕانەوەی قوتی خەڵک‌و نەھێشتنی نەداری. بۆ ئەوەی وەک چۆن خەڵکی کوردستان لەدەستکەوتە کاتییەکانی راپەڕین کە خۆی لەنەمانی بەعس‌و ھەڵبژاردنی پەرلەمان‌و پێکھێنانی کابینەی حکومەتدا دەبینیەوە، بەو ئەندازەیەش ئومێدیان بە دەستکەوتە دوورمەوداکانی راپەڕین لەدەستنەدەن، کە بە داخەوە ھێشتا بەدی نەھاتوون و یەکێتی نیشتمانی کە بە شایەدی مێژوو، بەشایەدی نەبەردی رۆڵەکانی‌و شین‌و شایی خەڵکەکەی، ئەندازیاری یەکەم‌و بێ رکابەری راپەڕین بووە، ھەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئەو شاڕێیەو لەسیاقی ئەو رۆڵە مێژووییەی خۆیدا، چ لەسەر ئاستی کوردستان‌و چ لەسەر ئاستی خەباتی ناوخۆییش بگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەوەختە گرنگەی مێژوو، ئەو یەکێتییەی بەھۆی دنیابینیە راست‌و دروستەکەیەوە ھەمیشە توانای ئەوەی ھەبوو، کە لە نەبوونەوە بوون بخوڵقێنێ‌و لەبەرامبەر ئەو ئەگەرو گۆڕانکارییەکاندا ھێزی خۆ نوێکردنەوەو گونجانی ھەبێت، ئەو یەکێتیەی ئێستا، ھەمان مێژووی ئەودەم، ھەمان شەرعیەتی ئەوسا، ھەمان زەروریەتی ئەو قۆناغەی ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی ھەمان رۆڵ ببینێتەوە، دەبێت لەنوێکردنەوەی جەستەی خۆیەوە دەست پێبکات، دەبێت لەرێگەی پابەندبوونی دیموکراسیانەی بە ژیانی حزبی‌و وێستگە شەرعیەکانەوە، بڕیاری کۆنگرە بدات، ئەو کۆنگرەیەی کە پارساڵ‌و ھەر لەیاد‌و یادەوەری راپەڕیندا بڕیاربوو ببەسترێت، ئاخر بەستنی کۆنگرە لەمانگی ئازارو یادەوەری راپەڕینەکاندا، چەندین مانا ھەڵدەگرێت، لەسەرو ھەموو ماناکانیەوە ئەوەیە کە ھێشتاش یەکێتی، بۆ داھاتووی کوردستان‌و خەونە نەتەوەییەکان، بۆ حوکمڕانیەکی تەندروست ھەر بە رۆحی سەردەمی راپەڕین بیردەکاتەوە.‌

جارێکی تریش یادی راپەڕین پیرۆزو خەرمانی ئەو خەباتە پڕ بێت لەبەرەکەت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.