وتار
حەماوەی سیاسی

ئاشتی عەبدوڵا

 ״فرێدریك هیگڵ״ی فەیلەسووفی ئەڵمانی، دەڵێت: سیاسەت بۆ ڕێكخستن و چارەسەركردنی ناكۆكی و ململانێكانی كۆمەڵگەیە.

ئەگەر وێنەیەکی کۆی پراکتیزەکردنی سیاسەت و ئەدای سیاسی وەرگرین لەهەرێمی کوردستاندا، ئەوا باشترین وێنە لەنێو ئەم فلیمە دیکۆمێنتاریەی ساڵانێکە لەهەرێم بەرهەم دەهێنرێت، وێنەی 3 ساڵی رابردووە بە ئێستاشەوە کەتێیدا سیاسەت بەجۆرێک وێناکراوە، کە لەبری مانا راستەقینەکەی و بەپێی ئەم تێزەی فرێدرێک هیگڵ کەبۆ رێکخستن و چارەسەری ناکۆکی و ململانێی کۆمەڵگەیە، تەواو پێچەوانەیە.

لێرە بەمانا سادەکەی سیاسەت بەومانایە دێت لەنێو تاک و کایە سیاسیەکەدا، کەهەمیشە حەماوەی سیاسی بەحەماسەت و توڕەبوون و لێکترازان و قوڵبوونەوەی ململانێکان و یەکترسڕینەوەو بێ بەهاکردنی کارو هەوڵەکانی ئەوانیتر و خود بەڕاستزان و خیتابی عاتیفی، جێی ئەو تێزەی گرتۆتەوە کەئاماژەمان پێکرد.

حەماوەی سیاسی بۆ بەلارێدابردنی زانستی سیاسیە، بۆیە پێویستیەکی حەتمیە تاک هۆشیاری سیاسی هەبێت تا لەنێوان حەماوەو زانستی سیاسیدا جیاکاری بکات و لای روون بێت، کە سیاسەت بۆ باشترکردنی ژیانی تاکە و رێکخستنەوەو چارەسەری کۆی کێشەو پرسەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵام بەهۆی فرە ئایدولۆژیاو زیادبوونی بەرژەوەندی بۆ جێگرتنەوەی ئایدۆلۆژیایەک بەویترو گەیشتنە ترۆپکی دەسەڵات، هەموو ئەم مەفاهیمە راستەقینانەی باسکرا فەرامۆشکراوە،  لەئەنجامدا لەبری ئەوەی سیاسەتکردن خزمەت بەهاووڵاتی بکات، فریوئەدرێت بەحەماوەی سیاسی ، مەبەست لەحەماوەی سیاسی (هەموو ئەو حەماسەتە زیاد لەپێویستەیە، کە لەخیتابە نالۆژکییەکاندا ئەدرێت بەگوێی رای گشتیدا، کەتێیدا نیەت و کردار ئاسمان و رێسمانی فەرقە لەگەڵ گوتارەکاندا، لەئەنجامدا تاک چەواشەدەکرێت بۆ مەرامێکی سیاسی و لەکۆی هاوکێشە سیاسەکاندا بەرژەوەندی هاووڵاتی کۆتا خاڵی خیتابەکانیانە و کەدێتە سەر واقیع جێبەجێناکرێت).

 ئەزموون و ئەو وێنەیەی کە ئێستا لەبەردەستە ئەوەمان پێدەڵێت، کە حەماوەی سیاسیەکان و هات و هاواری شاشە دونیایەکی خەیاڵی و وێناکردنی خود بەفریشتە و کارکردن لەسەر زهنیەتی  هاووڵاتی  بەکۆمەڵێ بەڵێن کەتەنها رووکارێکە بۆ گەیشتن بەمەرامی سیاسی و لەپاڵیدا بەشەیتانیکردنی هەموو ئەوانیتر، ئەو حەماوە سیاسیەیە کەکۆی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا بەم ئاقارەدا بردوە، کە تێیدا هاووڵاتی زەرمەندی یەکەمە و ئاسۆی چارەسەریش رۆژ بەرۆژ لێڵتردەبێت.

  لەسەروبەندی پرۆسەی ریفراندۆمدا ، هەر ئەم حەماس و حەماوە سیاسیە بوو، کە روئیایەکی روونیشی نەبوو بۆ دەر ئەنجامەکەی و هەرێمی کوردستانی بەم رۆژە گەیاند کە زۆرێک لەو دەستکەوتانەی لەدەستدا کەبەخوێنی سەدان رۆڵەی بەدەست هاتبوو.

 هەروەها حەماس و حەماوەی سیاسی ئێستاش بەلەبەر چاونەگرتنی بارودۆخی پڕکێشەی هەرێم و هاووڵاتیان  گڕدەکاتەوە و لەبری هەنگاوێک بۆ چارەسەرو خۆکۆکردنەوە و بونیادنانەوەی ئەوەی رۆیشت ،ئاڕاستەی خیتابی سیاسی بۆ پەرتەوازەیی زیاترو موزایەداتی سیاسی زیاترەو بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیە سیاسیەکان و پشتکردنە لە هاووڵاتی لەوکاتەی کەژیانی تاک پێویستی بەئارامی سیاسی هەیە و دەستپێکی هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری کێشە و ململانێی سیاسیەکان لەپێناو باشترکردنی گوزەران و ژیانی تاک لەم هەرێمەدا دەبوو لەپێشینەی کارەکانی هەموو لایەک  بێت و  لەژێر چەتری بەرژەوەندی هاووڵاتیدا هەموو بیروڕاو ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان کۆببنەوە و لەبری هاتوو هاواری دونیای شاشەکان هەنگاو بنرێت بۆ دونیایەکی واقیعی بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەڵام بەم ئاکارە سیاسیەی کەدەیبینین زۆرێک لەلایەن و سیاسیەکان لەبەرژەوەندی و دونیای ئەواندا ئەو چەترەی هەمووان کۆدەکاتەوە بۆخاتری بەرژەوەندی گشتی نایبینن و لەژێر لێزمەی حەماوەی سیاسی و نالۆژیکی سیاسەتکردنیاندا، رای گشتی زیاتر چەواشە دەکەن. کاتێکیش چمکێکی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆیان هەمان فۆڕم و هەمان ئەدای دەسەڵاتداران دووبارەدەکەنەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.