وتار
با چاوەڕێ بین!

ئاشتی عەبدوڵا

دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران لەیەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا قسە زۆر کرا، بە توانج و رەخنە و پیاھەڵدان و سەرنجی ئەرێنیشەوە،

بەڵام دەکرێت کەمێ چاوەڕێ بین، بزانین کێ راستگۆیە و کار بەدروشمەکانی خۆی دەکات، کە پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد و کام نوێنەر ھەڵوێست و دەست ھەڵبرینەکانی بۆ پێداگری دەبێت لەدابینکردنی مافی ھاووڵاتی ، کێ نوێنەری راستەقینەی خەڵکی ماندوو دەبێت، کێ رووسپی دەبێت لەبەرامبەر ئەو سوێندەی لەبەردەم خوا و گەل خواردی، کێش تەنھا نوێنەری خۆی و حزبەکەی و نوێنەری گیرفان و ڤیزەو موزایدە دەبێت!

لێرەدا باسی ئەدای فراکسیۆن و سیاسەتی حزبەکانم نەکرد، دەمەوێت لەسەر ویژدان و راستگۆیی و ھەڵوێست و ئەدای نوێنەرەکان وەکو تاک بوەستم، جا کێ بەدەنگی خۆی رۆشتووە و کێش نێردراوە ئەوە باسێکی ترەو لەئێستادا قسەکردن لەسەری وەک ئەوە وایە شوێن کڵاوی بابردوو بکەوین، چونکە وەک زۆر بڕیار و یاری سیاسیتر بووە بە ئەمری واقیع، لەقەوسێکا (ئەو واقیعەی لەھەرێمەکەی ئێمەیە، بەشێکی زۆری واقیعێکی سەپێنراوە).

زەرورەتی ئەم قۆناغە و دوای ئەوەی ئەزموونی ئەو ھەموو قەیرانەمان کرد و دەستەو وەستانی پەرلەمانتاران و پەرلەمان لەئاستیدا، ئیتر وا پێویست دەکات کە خەڵک بینەری راستەقینە بێت، بۆ دیاری کردنی نوێنەری راستەقینە.

ناونیشانەکەی سەریشەوە و ئەم چەند پەرەگرافە، تەنھا مانشێت و نووسینی رۆژنامەنووسێک نییە، بەڵکو بینیمان و ئەزموونکرا، لەئەنجامی ئەدای ھەندێک (ئەتوانین لەبری ھەندێک بڵێین زۆرینەش) لەپەرلەمانتارانی خولەکانی پێشوو.

دەکرێت زیاتر چاوەڕێبین لە ژنە پەرلەمانتارەکان لەگەڵ بوونی بەربەستەکانی بەردەمیان دووجار ھەم وەکو پەرلەمانتار و ھەم وەکو ژنێک، بەڵام بۆ ئەم خولە ئەتوانن ئەدایان جیاوازبێت و لەنێو ئەو دەزگا تەشریعیەدا رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕن ھەم لەپێناو خەڵک و خاک و ھەمیش لەپێناوقەزیەکەی خۆیان، کۆتاییی بەو مەفھومە و واقیعە بێنن کە رێگە نادرێت ژنان رۆڵی راستەقینەیان لە کایە سیاسیەکەدا ھەبێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.