وتار
بۆردومانەکەی ئێران

ئاری هەرسین

ناڕازاییەکانی شاری بەسرەی شیعە نشین پێی ناوەتە قۆناێکی نوێوە، ئەویش چونکە توندو تیژیەکان قوربانی زۆرتریان لێ کەوتۆتەوە و جگە لە دام و دەزگا حکومیەکان، خۆپیشاندەران ھێرشیان کردۆتە سەر کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە بەرچاوی کامێراکانەوە ئاڵای ئەو وڵاتەیان سوتاندوە.

ئەگەر خەڵکی بەسرە لە ھەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەڤەرەکەیان توڕەن، ئەوا مەنتقی بوو ئەو توڕەییە بەڕوی ئەو لایەنە عێراقیانەدا بتەقێننەوە کە مەجالیان بۆ ئێران کردۆتەوە بۆ ئەوەی لە بەسرە باڵادەست بێت. ‌ھە موو کەس دەزانن کە ئەرکی ئێران نیە ئاوی پاکی خواردنەوە و کارەبا بۆ خەڵکی بەسرە دابین بکات و کێشەی بێکاریان بۆ چارەسەر بکات.

عێراق وڵاتێکی دەستکردی ئیستیعمارە و، ئەو کەسانەشی کە ڕێکلام بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و بەھێز دەکەن خەیاڵپڵاون و خەریکی پینەو پەڕۆکردنن. عێراق ھەرگیز دەوڵەتێکی سروشتی و ھۆمۆجین نەبوە و ھەرگیزیش وای لێ نایەت. ھەر ئەوەشە وا دەکات کە ھەموو دونیا خاوەن بڕیار بێت لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە دەستکردەدا، دانیشتوانەکەی لێ دەرچێت.

ئێمەش (زۆر بەداخەوە) وەک بەشێکی بەزۆر لکێنراو بە عێراقەوە، وەک لە ماڵی خۆماندا خاوەن ماڵ نەبین وایە. ئەوەتا ڕۆژێک تورکیا بە مافی خۆی دەزانێ سنوری نیشتیمانەکەمان ببەزێنێت و ئەوەی حەزی لێیە جێبەجێی دەکات و، ڕۆژێکیش ئێران. لە ھەردو حاڵەتەکەشدا دەوڵەتی عێراقە کە چرای سەوز بۆ ئەم دوو دراوسێیەی لێدەدات کە لە ھێرش و مانۆڤرە سەربازیەکانیاندا لە چوارچێوەی سنورەکانی عێراقدا دەستکراوە بن.

بەداخەوە ئەمڕۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەکانی ھێزەکانی سوپای پاسدارانی شوڕشی ئیسلامی ئێران بە چەکی پێشکەوتوو ئاڵۆزەوە ھێرشیان کردە سەر بارەگاکانی کوردانی خۆرھەڵات لە قەزای کۆیە. دیارە کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامەیەکی زۆر ووردی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە داڕشتوە، چونکە ھەر ئەم بەیانیە رامین پەناھیان لە سێدارەداو شەھیدیان کرد. بە واتایەکی تر ئامۆزا نەژادیەکەمان، بە یەک ئاڕاستە دوو ھوشداری جیاوازی بۆ ڕەوانە کردین، کە یەکێکیان پەیامێکی سەربازیە، ئەوەی تریشیان سیاسی (ڕامین پەناھی لەسەر تلیاک کێشان نەگیرابوو، چونکە ئەگەر وابوایە ئەوا دەبوو دەوڵەتی ئێران نیوەی گەورەساڵانی ئێرانی لەسێدارە بدایە)‌.

ئێمە داگیرکەری فەلەستین نەبوین، کەچی سەددام و حیزبی بەعسی عەرەبی لە ترسنۆکیان بەرامبەر بە ئیسرائیل ئێمەیان کیمیایی باران و جینۆساید دەکرد. ئێمە نەچوین و ھیچ کوردێکی خۆرھەڵاتیش نەچوە ھێرش بکاتە سەر کۆنسولخانەی ئێران لە بە سرە و ئاڵای وڵاتەکەیان بسوتێنێت، کەچی ئێران لە ترسی ئەمەریکا و ئەسرائیل تەکنۆلۆژیا سەربازیەکەی لەسەر ئێمە تاقی دەکاتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئیران باشترە جورئەتی ھەبێت و بەرەو ڕوی ئەمەریکا و ئیسرائیل ببێتەوە، با شەڕەکە نەگوێزتەوە بۆ نیشتیمانی کوردستان. باشترە تاران بیر لە بەرژەوندی ھاوبەش بکاتەوە نەک دەست شکاندن. بەم جۆرە کردەوانە نابێت کۆماری ئیسلامی ئێران لای سەیر بێت ھاوسۆزی بۆ براکانیان و توڕە بونیان، وا لەخەڵکی باشوری کوردستان بکات کە بە فەوج (و رایت الناس یدخلون فی دین اللە افواجا- النسر ٢) لە ڕیزدا بوەستن بۆ بە خۆبەخش خۆ ناونوسکردن لە ڕیزەکانی خەڵکی کورد لە خۆرھەڵاتی کوردستان، لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. داھاتویەکی لەو جۆرە لە قازانجی کەس نیە. ھیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم ھەڵە کوشەندەیە دوبارە نەکاتەوە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.