وتار
ھەرێم لەکوێی دادپەروەری دایە.؟!

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

دەستەڵاتی دادوەری لە ڕەوەتی دادپرسیدا لە مەرجە ھەرە پێشەکیەکانی پاڵپشتی لە مافی مرۆڤ بڕەو پێدانیەتی.‌ لە کۆمەلگایەکدا کە یاسا ڕۆڵی سەرەکی لە ھێزی دادوەریدا دەگێڕێ دەوڵەت دەتوانێ بارودۆخێک پێک بێنێ کە تەواوی خەڵک، وێڕای چاوپۆشی لە ڕەگەز، نەتەوە و ئاین باوەڕیانە لە مافێکی یەکسان بەھرەمەند بن بە یەکسانی لە بەرانبەری یاسادا.

بۆیە وا پێویست دەکات ئەو رێسا و رێکارەیاسا یانەی کە دەوڵەت لەرێگەیانەوە یاساکانی خۆی جێبەجێدەکات و دەی چەسپێنێت روون و ئاشکرا بن، نەوەک نھێنی و ھەڕەمەکی و وابەستەی پاوانکاری سیاسی بن لە لایەن دەوڵەتەوە یان دەسەڵاتی پاوانخوازی حیزبی بن. ئە ویش بە مەبەستی زیاتر چەسپاندن وجێگیرکردنی بنەماکانی دیموکراسیەت ، بەپرۆسەیەکی گشتگیروپاراستنی مافەکانی تاکەکانی نێوکۆمەڵگا ، لەچوار چێوەی یاسایی یەکی گونجاو کەدەستەبەری مافەکانی مرۆڤ بێت.

ھەر لەم ڕوانگەیەوە ھەرکەسێک لەیاسا دەرچوو یاخود یاسای پێشێلکرد وەیان دەست درێژی بکاتە سەر مافی کەسێکی تر، یان بە جٶرێ لە جۆرەکان سەرپێچی یاسای کرد ، ئەوە بێگومان کاری دەزگاکانی جێبەجێکردنە وەک بنکەکانی پۆلیس ودەزگا تایبەتمەندەکانر کە بەئیزنی دادوەر دەسگیری بکەن وروو بە رووی دادگای بکەنەوە ،بەبێ ئەوەی پەناببەن بۆ ئازاردانی دەروونی وجەستەیی کەسانی دەسگیر کراو.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەزگاکانی جێبەجێکار ( پۆلیس وئاسایش ) بەئاگابن لە "رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی" چونکە راپۆرتی نوێی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ١٤١ وڵاتی جیھان مەحکووم کراون بە ھۆی ئەشکەنجەدانی زیندانیان. بێجگە لە زیندانیانی سیاسی و تۆمەتبارانی تێرۆریست، زیندانیانی تۆمەتباری دیکە لە قوربانیانی سەرەکی ئەشکەنجە و تووندووتیژی لە زیندانەکان ئەژمار دەکرێن.

ھەروەھا راپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە، ئەشکەنجە بە مەبەستی " دان پێدانان "بە تاوان، ھەڵەیە و لە زۆربەی کات زیندانی بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەو ئازار و ئەشکەنجەیەی کە دەدرێت، ئامادەیە ھەر " دان پێدانان" بە تۆمەتەکانی کە لە سەرێتی بکات کە دوورە لە راستی.

بەپێی وتەی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کۆمەڵێک لەو زیندانیانەی کە دەکەونە بەر ئەشکەنجە و ئازار و ئەزیەت، لە چالاکانی سیاسی و تێرۆریست نین.

زۆربەی قوربانیانی ئەشکەنجە لە جیھان لە توێژی بێبەش و ستەم لێکراوانن.یەکسان بوون بەرامبەر بە یاسا و پەیرەوکردنی پرەنسیپی «سەروەری یاسا» بە کردار نەک تەنیا بە ووتە. نابێت یاساکان وەک «ماڵی جاڵجالۆکە» بن تەنیا بەسەر ھەژاران و بێ پشتیواناندا جێبەجێ بکرێن و دەسەڵاتداران یاساکان پێشێل بکەن و بێ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.

لەشیکردنەوەی دەستوری دەستوری عیراق کە لە ساڵی ١٩٧٠ دەستوریکی دەرکردووە لە موادەکانی ١٩/٢٠/٢١/٢٢/٢٣ دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ دووپات دەکاتەوە تیایاندا ھاتووە ھاوڵاتیان یەکسانن بەرانبەر بە یاسا وێرای جیاوازی رەگەزورەگ وزمان و ئاین و پەیگەی کۆمەڵایەتی، ھەڵی یەکسانی رەخساندوە لە پیش ھەموو ھاوڵاتیان بەپێ سنوری یاسا ،تاوانبار بێ تاوانە تا ئەو کاتەی یاسا مەحکومی دەکا ، بە پێ یاسا تاوان و سزا ھەیە ،کەرامەتی ئینسان پاریزراوە ،نابێ ئەشکەنجەی جەستەیی ودەروونی پەیرەو بکرێ ،نابێ کەس بگیری و بپشکێنرێ و زیندانی بکرێ بێ ئەوەی پشت بەیاسا ببەسترێ ،ماڵ حورمەتی خوی ھەیە نابێ بەبێ شیوازی یاسایی لێ بچتە ژوورەوەو بپشکێنرێ ھەروا ئاماژەی کردووە بۆ پاراستنی نھینی پۆست و تەلەفون وبروسکە،تەنیا لەحاڵەتی دادپەروەری یاسایی دا نەبێ نابێ ئاشکرا بکرێ...لەدەستوری زۆربەی ولاتانی عەرەبی دا مافی ھاوڵاتیان جیگیر کراوە وەک ئازادی بیرورا پەیرەوکردنی سروتی ئاینی و ئازادی ھاتوو چوو بۆ دەرەوەو ناوەوەی وڵات وئازادی مانگرتن وخۆپیشاندان وکۆبۆنەوەوپیکھێنانی رێکخراوو حزب بەپێ یاسا بەڵام لە واقیعی عەمەلی دا ،پیچەوانەی دەقەکانی دەستور پەیرەو دەکرێ.!!

بۆیە دەبێت بە پێی یاسا تۆمەتبار لەماوەی ٢٤کاتژمێر لەلایەن دادوەرەوە یان لێکۆلەرەوە گوفتاری لێ وەربگیرێت ئامادەی بەردەم دادوەربێت ، لەبەر ئەوەی ( المتھم برئ حتی تپبت ادانتە) تومەتباربێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی دەسەلمێت بەبریارێکی دادوەری کەپلەی بنبری وەر گرتبێت مادە(١٩)برگە(٥) لەدەستوری عیراقیدا بەروونی ئاماژەی بۆکراوە.

بەڵام ( س ) کە سزادراوێکە لە بەندیخانەی چاکسازی دەڵیت : کەدەسگیرکرام لەلایەن دەزگایەکی تایبەتەوە بێ ئەوەی بریاری دادوەریان پێبێت دەسگیریان کردم بۆ ماوەی یەک مانگ زیاتر کەس لێی نەپرسیمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو تاوانبار مامەڵەم لە تەک دەکرا، بێ ئەوەی تومەتەکەم لەسەر سا‌غکرابێتەوە.

بێگومان ئەم مامەڵە کردنە پێچەوانەی یاسایە چونکە بە پێی یاسا ھیچ کەس نابێت رابگیرێت (توقیف) یان لێکۆلینەوەی لەگەڵ بکرێت تەنھا بەبریاری دادوەر نەبیت برگە ١مادەی ٣٥دەستوری عیراقی.

بە ھەمان شێوە تۆمەتبار( ج ) سزادراوێکی ترە دەڵێت : رۆژانە فەلاقەدە کراوم و ھەرچی ئەشکەنجە ھەیە لەسەر لاشەی من تاقی کراوەتەوە، بێ ئەوەئ ھیچ تاوانێکم کردبێت، تەنھا بە گومان گیرابوم پاشان لەتاو ئازاری جەستەم ناچاربوم دان بنێم بەو تومەتەی کە بۆم دروست کرابو.

ئەمە لەکاتێکدایە کە یاساکە دەڵێت: نابێ تۆمەتبار ناچار بکرێت بەقسەکردن بەپێی مادەی ١٢٦لەیاسای بنەماکانی دادوەری ، تۆمەتبار بۆی ھەیە بێدەنگ بێت و وەڵامی ئەوپرسیار نەداتەوە کەئاراستەی دەکرێت بەپێی ھەموارکردنی ئەم مادەیە لەلایان دەسەڵاتی کاتی ھاو پەیمانان دەبێ بەر لەئەنجامدانی لیکۆلینەوە لەگەڵ تۆمەتبار پێویستە لەسەر دادوەر کە تۆمەتبار تێبگەیەنێت کە بۆی ھەیە بێدەنگ بێ لەوەڵامی پرسیارەکان ئەو بیدەنگیەش بەبەڵگە لەدژی لێک نادرێتەوە ھەروەک لەھەمان ھەموارکردن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەدەبێت مامەڵەیەکی مرۆی جوان لەگەڵ تۆمەتبار بکرێت کەدیارە ئەمەش رەتکردنەوەی ھەموو جۆرە توندو تیژی و زۆر لێکردنێکە لەگەڵ تۆمەتبار.

سزادراوێکی تر ھاتە قسەو ووتی : کە دەسگیر کرام ھەتا یەک ھەفتەش نەمزانی لەسەر چی دەسگیر کراوم و بۆچی من گیراوم ، کە دەم ووت لەسەر چی منتان دەسگیرکردوە ؟ دەیان ووت خۆت گێل مەکە .

ڕاست وایە دەبێ ئەوتۆمەتەی ئاراستەی توموتبارەکە دەکرێت بە جوانی ‌ بۆی روون بکرێتەوەو ھەموو لایەنەکانی تۆمەتەکەی بۆ باسبکرێت و واتا تێبگەینرێت کەلەسەر چی دەستگیر کراوە وە بۆی ھەیە ئاگادار بێت لەسەر پەراوی لێکۆلینەوەو گوفتاری گەواھی دارەکان و ھەرکەسێکی سکاڵاکار.

_ تۆمەتبارمافی ئەوەی ھەیە پارێرزەر ی تایبەت بەخۆی ھەبێت لەکاتی نەبوونی دا دەبێت دادگا پارێزەری بۆ دابین بکات لەسە دابینکردنی خەرجی خەزینەی دەوڵەت دیارە ھەر لەسەرەتاوە دەبێ دادوەر پرسیار ئاراستەی تۆمەتبار بکات کە ئایە دەیەوێت پارێزەر دابین بکات بۆخۆی وە ئەگەر توانای نەبێت دەوڵەت بۆی دابین دەکات ھەروەھا پارێزەری تۆمەتبار بۆی ھەیە ئاگاداری تەواوی ھەبێت لەسەر پەراوی لێکۆلینەوەو دەتوانێت وێنەیەکی پەراوەکە کۆپی بکە لەسەر ئەرکی خۆی مەگەر دادوەر بەبریارێک داواکەی رەتبکاتەوە لەبەر بوونی ھەندێک ھۆکا و دەبێت دادوەر ھۆکارەکان بەروونی ئاماژە بۆبکات.

تۆمەتبار بۆی ھەیە دایەلۆگ لەگەڵ پارێزەرەکەی بکات بەتەنھا و دوور لەچاو گوێی ھەرکەسێک وە دوور لە چاودێری کردن لەسەریانەوە لە رێگەی ھەرئامرازێکی چاودێری کردن بێت.

ھەروەھا کەسی تومەتبار یاخود پارێزەرەکەی مافی ئەوەی ھەیە تانە بدات لەبریاری دادوەر، لەماوەی ٣٠رۆژ لەرۆژی دوای دەرچوونی بریارەکە جگە لەھەندێک بریار نەبێت وەک گرتن و ئازادکردنی بەدەستە بەری.

دیارە مافەکانی تۆمەتبار و دەستەبەری پاراستنیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی یەکێکە لە ماددە گرینگەکانی پێشوە چوونی سیستەمی دیموکراتی ھەر وڵاتێک و دیارە جەوھەر و کرۆکی رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤیش خۆی دەنوێنێت ،کە حەزلە دادپەروەری کۆمەڵایەتی وە دادپەروەری دادوەری و رق لەستەم و ستەمکاری بەکردەوە.

کاتێک ستەم وئەشکەنجەدان شوێنی دادپەروەری دەگرێتەوە ، ھیچ مانایەک بۆسەروەری یاساومافی مرۆڤ وبنەما دیموکراسیەکان ناھێڵێتەوە.

ئێستا دەتوانین بپرسین وبڵێین ھەرێمی کوردستان تاچەند بنەماکانی یاساو دیموکراسیەتی جێبەجێکردووە،لە ئێستادا لە کوێی دادپەروەریدایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەخشەی بۆ کێشاوە.؟!

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
ڕیبوار طە مصطفی
د.عیزەدین مستەفا رەسول
فەرەیدون کونجرینی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.