وتار
دەسەڵاتی دادوەری و ھەیمەنەی لۆژیکی ھێز.!

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

ئەنجوومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریە لە ھەرێمی کوردستان ودەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن (حکومەت) ، ھەتا ساڵی ١٩٩٢ دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستان نەبوو، کاری سەرجەم دادگاکانی کوردستان بە یاسای ژمارە  (١٦٠)ی ساڵی (١٩٧٩) رێکدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون.

بەڵام لە دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان و دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٢  ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان ھاتەکایەوە ، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (١٤) ی ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوو کە لە رێکەوتی (١٤/١/١٩٩٣) کاربەم یاسایە کرا و سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە ژێر رۆشنایی ئەم یاسایە دامەزرا  و سەربە وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان بوو.

ھەروەک ئاشکرایە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی وبەھێزی سیستمی سیاسی ھەر وڵاتێکە،کە لەسەر بنەمای دیموکراسیەت دامەزرابێت، بە ھیچ جۆرێک ناکرێت و نابێت دەستێوەردان بکرێت لەم دامەزراوە گرینگەی دەوڵەت، بەڵام مەخابن کە دەسەڵاتی حیزبی و حکومی ئەم دامەزراوە باڵایەیان بە شێوەیەک بچوک کردۆتەوە شکۆ و ھەیبەتیان بۆ نەھێشتۆتەوە، بەتەواوی باڵادەستبونی لۆژیکی ھێز، دامەزراوەی دادوەری لە کوردستاندا شەرمەزار کردوە.

مەبەست لەسەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەومانایەیە کە ھیچ لایەنێکی سیاسی یان کارگێڕی بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوحۆ بۆی نیە دەستوەربداتە نێو کاروباری دەسەڵاتی دادوەری یا بە ھەرشێوەیەک کاریگەری ھەبێت و ھیچ کەسێک یا دەزگایەک لە ‌دەزگاکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ھەتا ئەگەر وەزیری داد بێت یان سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بێت نابێت دەستوەربداتە کاروباری دادگاکان یان فشار بخاتەسەر دادوەرەکان لەکاتی حوکم و بڕیارداندا.

دەستوری عێراقی جەخت لەپرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە، وەک لەمادەی ٨٧ی دەستورەکەدا ھاتوە: "دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە ‌و دادگاکان بەڕێوەدەبەن بەجیاوازی جۆر و پلەکانیەوە و بڕیارەکان بەگوێرەی یاسا دەردەچن"... ھەروەھا لەمادەی ٨٨ی ھەمان دەستوردا داھاتوە "دادوەرەکان سەربەخۆن و جگە لەیاسا لەژێر رکێڤی ھیچ دەسەڵاتێکی تردا نین و نابێت ھیچ دەسەڵاتێک دەستبخاتە کاروباری دەسەڵاتی دادوەریەوە".

ئەوەی کەدەستوری عێراقی جەختی لەسەر دەکاتەوە تەنھا مورەکەبی سەر کاغەزە ! بەتایبەتی لە ھەرێمی کوردستان بە قسە یاسا سەروەرەودەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی تەواوی ھەیە ، بەڵام بەداخەوە بە کردار پێچەوانەکەی راستە ، زۆرێک لە نمونەو بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەیە کە ئەوە دەسەلمێنن کە دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی کئردستان چەندە شەرمنەو دەستەمٶی دەسەڵاتی حیزبی و تەنانەت دەسەڵاتی جێبەچێ کردنیشە،کاتێک کە کەسێکی ئاسایی تۆمتبار دەکرێت و پەلکێشی دادگا دەکرێت خواو خۆیی و کەلبچەکەی دەستی نەبێت کەسی لە پشت نیە ، بەڵام بەر پرسێک ئەگەر زات بکرێت بانگھێشتی دادگای بکەن ئەوە بە مەراسیمێک دەی ھێنن زۆر جار خودی دادوەرتوشی شۆک دەبێت سەری سور دەمێنێت ! ئەم ھەڵسوکەوتە ھەلەو سەقەتە وای کردوە کە لەماوەی رابردود سەرنجی زۆرێک لە رێکخراوە کانی کۆمە ڵگە مەدەنیە جیھانیە کانی بەلای خۆیدا راکێشاوە ، کارگەیشتۆتە ئەو رادەیەی ببێت شوێن سەرنجی رێکخراوێکی وەک : رێکخراوی ( Ask) کە رێکخراوێکی ئەمریکییە لەھەرێمی کوردستان راپۆرتێکی لەسە رەوشی دادوەری و دادگاکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە و بە راشکاوانە لەراپۆرتەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کە دەستێوەردانی حیزبی و بەرپرسانی حکومەت لە دەسەڵاتی قەزایی لەھەرێمی کوردستاندا ھەیەو دەستێوەردانەکان بەزەقی دیارن. ھەربەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوە ئەمریکیەکە دادوەرەکان ھەندێک لەکێشەکان لەبەرژەوەندی حیزبەکان یەکلایی دەکەنەوە..

رێکخراوە ئەمریکیەکە دەستێوەردانەکانی حیزب و بەرپرسانی حیزبی لەکاروباری دادوەری لەھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە پۆلێن کردووە: _دەستێوەردان لە پێکھاتەی ئەنجومەنی دادوەری _دامەزراندنی دەستەی دادگاکان _دەستێوەردانی بریارەکانی کارگێری دادگاکان _دەرھێنانی فایلی ژێردەسەڵاتی دادگاکان _ ھەروەھا فشاربۆسەر دادگا بەمەبەستی دەرکردنی بریار لەبەرژەوەندی لایەنێک. ئەم دەست تێوەردانە ی کەلەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەکرێت بۆ سەر دامەزراوەی دادوەری ھەروەک رێکخراوە ئەمەریکیەکە ( A S K ) ئاماژەی پێکردوە کاریگەریەکی تەواو دەکاتە سەر ناوو نابانگی ئەم ئەزمونە ی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک ئەو بانگە شە بەناو دیموکراسی و کۆی گشتی ئەزمونی دەسەڵاتداری دەخاتە ژێر پرسیارەوە .!؟ . ئەم بێ سەروبەریەوپاشاگەردانیە کە لە مەر ھەرێمەکەماندا دەگوزەریت ، دەکرێت بپرسین ..؟ ئایا ھۆکارەکەی نەبونی سەروەری یاسایە .؟ یاخود نەبونی دەستور ھۆکارە .؟ یان دەسەڵاتی دادوەری وەک دامەزراوە یەک بونی نیەو ئەگەر ھەشبیت دەسەڵاتیکی شەرمنەو لەبەردەم لۆژیکی ھێزدا دەستەوەستانەو دۆشداماوە!.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.