وتار
یاسای چەک و دیاردەی چەک داری

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

ئەگەرچی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم خولی خۆیدا لە ساڵی ١٩٩٢ یاسای قەدەغەکردنی چەکی دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدا تەواوی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەردەوام داوای قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیەیان کردووە . دیاردەی چەک ھەڵگرتن، بەڕێپێدراوو بێ مۆڵەتەوە،بە ھەموو شێوەکانیەوە،کارەساتێکی وای خوڵقاندوە،ھیچ کەسێک لە ھەرێمی کەردستان نەتوانێت، بە ئاسو دەیی ژیان بگوزەرێنێت،چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دە درێت، لەرێی چەکەوەیە،.تائێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت،دوبارە بونەوەی تاوانەکان وای کردووە کە ھاوڵاتیان متمانەیان بە دام ودەزگا تایبەتمندەکان نەمێنێت.

ھەندێک لە یاساناسان پێیان وایە دەبێت یاسای قەدەغەکردنی چەک دووبارە لەپەرلەمان ھەموار بکرێتەوە،بەڵام بە پێجەوانەوە ھەندێکیان رایان وایە حکومەتی ھەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە ئەو یاسایە، کەموکوڕییەکی ئەوتۆی نییە. یاسای مۆڵەتدان و قەدەغکردنی چەک وەک ھەر یاساکانی تر حکومەت کاری لەسەر نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد یاساکە کەموکوڕییەکی وای نییە،ئەگەر کەسانێک لەپەرلەمان یاخود یاساناسان پێیان وابێـت، کەموکوڕی لە یاساکەدا ھەبێت. چەک ھەڵگرتن یان ھێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک ھەڵدەگرن،راستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان ھەیە لەکات ودەرفەتی گونجاودا ھەمان تاوانی پێ ئەنجام دەدەن.

دیاردەی چەک ھەڵگرتن یان ھەڵگرتنی چەک و ھێشتنەوەی لەماڵەکاندا دەکرێت زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆی بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەر ئەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ وای کردبوو، کە خەڵک متمانەیان بە حکومەت نەبێت،ھەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەھۆی سەقام گیربونی ئاشتی لەھەرێم،دیاردەی چەک ھەڵ گرتن کەمێک بەرەوکاڵ بونەورۆیشت،بەڵام لەگەڵ شەرفرۆشتنی داعش بەکوردستان،جارێکیتر ئەودیاردەیە سەری ھەڵ دایەوە.

ھەرچەندە قەدەغەکردنی چەک بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، "بەپێی یاسای چەک بەماددی ٢٩ بەھەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە.بەڵام زیاتر بەپێی مادەی (٢١) لەیاسای چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە ھەیە، کە مۆڵەتیان نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە "بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت"، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە،بەڵکو زیاتر رووی لە سزای دارایی بوە،وەک لەوەی سزای بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت. ھەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵدەگرن،خۆیان گوتەنی لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی ھەرێمیان لەبەرچاوگرتوە،بەڵام کەم تازۆر ڕوبەروی ئەودیاردەیە بونەتەوە،بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە ھەندێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر،ھەندێ جاریش روبەروی کێشەی زۆر بۆنەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماڵەکان چەکیان ھەیە، تەنانەت ماڵی وا ھەیە چەکی قورسی وەک بیکەیسیشی ھەیە، ئیتر چۆن بتوانرێیت ئەو بارودۆخە چارەسەر بکرێت؟ ئەو کەسانەش چەک ھەڵدەگرن، ھەریەکەیان سەر بەحیزبێکن، حیزبەکانیش ھەموو پاسەوانیان ھەیە.

لەماددەی ١٦ـی یاسای چەک ھاتووە، "بەھەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک قەدەغەیە"، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا ھەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن لەلایەن ئێمەوە کۆنتڕۆڵ کراون و لەژێر چاودێریدان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەکفرۆشەکانی کوردستان ھەن، ئەگەرچی چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سنووردار کراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاسایش بزانێـت کێ چەک دەفرۆشێت و کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێـت ئاسایش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجام دەدەن.

وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات بازاری چەک فرۆشی نەبێت، بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێـتەوە،لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت، بە ھیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و ھەموویان بەقاچاخچێتی دەیکەن. چەند جارێک ھەوڵی ئەوە دراوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ ھاتۆتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەھەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک ھەتا ئەو چەکانەش کە بۆ راو بەکار دەھێنرێت، دەبێت مۆڵە تییان ھەبێ.

بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەتی ناوخۆ بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، بۆ قەدەغەکردنی چەک ، چونکە پێویستیان بەپشکنین ھەیە، بەڵام ناتوانن پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکرێت، چونکە کەم ماڵ ھەیە چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدرێت، بەھۆی بونی چەک ھەڵگرێکی زۆرە و ھەرکەسە و سەر بەحیزبێکە و حیزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، ھەر بۆیە بنبڕکردنی دیاردەی چەک ھەڵگرتن بە قسەکردن زۆر ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە،ھەندێکی بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ودوژمنداریەوە،ھەندێکیشی بەھۆی پاڵپشتی کردنی ھەندێ لە لێپرسراوان لە کەسانێک کە بۆ کاری تایبەتی خۆیان دەگەرێتەوە.!!

 بوونی دیاردەی چەک شکۆی یاسا دەشکێنێت و ھەیبەتی ناھێڵێت، بازرگانی ڕەش بەچەکەوە دروست دەبێت و لە دەرەنجامدا ژیانی مەدەنی لە کۆمەڵگەدا دەسڕدرێتەوە.لەو بارودۆخەشدا خەڵکی وا ھەست دەکەن نە دامودەزگە یاساییەکان ھەیبەتیان ھەیە و نە دامودەزگە مەدەنییەکان چالاکییان پێ دەکرێت، نە متمانەشیان بە پۆلیس و ئاسایش دەبێت تا ژیانیان بپارێزێت، واتا روانینێکی نایاسایی و نامەدەنی و سەربازیی لا دروست دەبێت کە پێی وایە تەنیا بە چەکەکەی خۆی، خۆی پێ دەپارێزرێت".

بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا ووشیاریی خەڵکەکە زۆر گرنگە کە بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە،ئایا بۆ بەرگری کردنە لەخاکی نیشتیمان، یان بۆ بەرگریکردنە لەخۆپاراستن‌و ھەردەست درێژیەک کە بۆ بەرگریکردنی رەوایی لەخۆی‌و سەروماڵی، چونکە ئەگەر سەیری رابردو بکەین، ئەو کاتانەی گەلی کورد دەچەوسایەوەو ستەمی لێ دەکرا، ئەوکات بە ئاواتەوەبوین ھەمو ماڵێک لەگوندەکان چەکی ھەبێت، بۆئەوەی لەکاتێک کە حکومەت ھێرشی بۆبھێنابایە، ئەوان بەرگریان لەشەرەف‌و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە لەئێستادا ئەرکی ھەموو لایەکە بەراگەیاندن‌و رێکخراوەکان‌و ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە دیاردەیەکی ناشارستانیەو لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نایاتەوە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.