وتار
دوو رۆژی جیا لەرۆژمێری کوردستان

عەبدولواحید محەمەد

بێگومان رۆژە خۆش و ناخۆشەکانی گەلی کوردستان زۆرن، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتایی سەدەی بیست و یەکەم، دوو رۆژی زۆر زەق و دیار لە مێژوی گەلەکەماندا تۆمار کراون ،ھەر دوو رۆژەکە کاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی نیشتمان و نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی رەنگڕێژکردووە،  یەکەمیان (٢ ئابی ساڵی ١٩٩٠)ە کە دەکاتە ئەو رۆژەی سەدامی گۆڕبەگۆڕ سەرکێشەیەکی بێ وێنە و دژ بە ھەموو بنەماکانی پێکەوە ھەڵکردنی دەوڵەتانی ئەنجامدا و بەبەرچاوی ھەموو جیھان، پەلاماری کوێتی داو بەپێی وتەکانی خۆی لقی گەڕاندەوە بۆ عیراقی رەسەن بە بیانوی  کۆمەڵێک پاساوی جۆراوجۆرەوە کە لە بنەڕەتدا ھیچیان شەرعی نەبوون، تەنھا و تەنھا غروریەت و خۆ بە زلزانین و نەخۆشی ژێردەستەکردنی ھەموو عەرەب و بە حەڵاڵ دانانی موڵکو ئەملاکیان،  ئەو سەرکێشیە زەرەرو زیانی زۆر گەورەی بۆ گەلی کوێت لێکەوتەوە سەرەنجام خەڵکی عیراقیش زەرەرێکی گەورەتریان لێکەوت، بەڵام بۆ گەلی کوردستان شانسێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا ھێنا و وایکرد خەڵکی ئەم ھەرێمی بیقۆزنەوە، لە راپەڕینێکی سەرتاسەریدا بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی باشور ئازاد بکەن، پێویستە بوترێ راستە سەدام سەرکێشی کرد و عیراق و کوێتی لە یەککاتدا توشی نسکۆیەکی گەورە کردـ، بەڵام  نھێنی سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان  یەکڕیزی و یەک ئیرادەیی بوو، رۆژی دووەمیشیان (٣ ئابی ٢٠١٤)یە کە دەکاتە رۆژی داگیرکردنی شەنگال لە لایەن داعش و ماعشەکانەوە،  لەراستیدا ئەو رۆژە بەمانای وتە رۆژێکی کارەساتبار بوو لە دیرۆکی گەلی کوردستان، لەو رۆژە و لەچاوتروکانێکدا  ئەو گروپە  تیرۆرستیە و ھاوبچمەکانیان، ئەو دەڤەرە بێوەیان داگیرکرد و لەپاڵ ئەو داگیرکاریە کارەساتێکی مێژویی گەورەی خولقاند کە ئێزیدیەکان بە (٧٤)ەمین فەرمان ناوزەدیان کردوو،  تیایدا وێڕای کوشتنی ھەزاران بەخوێنی سارد و بەناشرینی شێوە، زیاتر لە (٦٣٠٠) کەسیشیان بە بارمتە گرت کە نزیکەی (٣٥٠٠)یان ژن و کچی عازەب بوون ھەروەھا زیاتر لە (٢٨٠٠) پیاو و گەنج  کە تا ھەنوکە چارەنوسی پتر لە سێ ھەزاریان نادیارە، دەبێت ئەوەش بەبیربھێنرێتەوە ئەو کارەساتە دڕندانە ئەگەر چی داعش ئەنجامدەری بوو، بەڵام بێگومان کەمتەرخەمی ھێزەکانی خۆشمانی تێدا بوو، چونکە داعش پێشتر  و لە (٩ حوزەیران)دا موسڵی داگیرکردبوو، بەردەوامیش ھەڕەشە و گوڕەشەی  ئەنجامدانی ھەموو جۆرە تاوانێکی دەکرد،  کوشتن بڕین داگیر و وێرانکردن کە دەبوو  ئەوە بەجددی و بەھەند وەرگیرابا  بۆ ئەوەی بەلای کەم نەھێڵرابا  ئەو ھەموو زەرەر و زیانەی لێبکەوتایەوە ، بۆیە دەڵێین  ئەو دوو رۆژە جیایە لە رۆژمێری کوردستان، رۆژی (٢ ئاب) بەیەکڕیزی ناوماڵی کورد بەباشی شکایەوە و سەرکەوتنی گەورەی لێکەوتەوە ، بەڵام مخابن رۆژی (٣ ئاب) بەزەرەر و زیانێکی زۆر گەورە شکایەوە، ھۆکاری ھەر سەرکیش پەرتەوازەیی  ناوماڵی کورد بوو، بۆیە زۆر پێویستە بە دەرس و پەند وەرگرتن لە ٢ی ئابی ١٩٩٠  چۆن ئەو رۆژە  بە یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان و بە پشتیوانی جەماوەر نەھامەتیەکان  کرایە سەرکەوتن، دەکرێ  رۆژی ٣ ی ئابیش ئەگەر چی  برینیکی زۆر بە  سفت و سۆیە و ھەرگیز لە بیر ناکرێت بە یەکخستنی ھێز و توانای ھەموو لایەنە کوردستانیەکان ببێتە وەرگۆڕانێکی  زۆر گرنگ، خەونی تیرۆرستان و داگیرکاران و ناحەزان لە گۆڕبنرێت و سەرکەوتنێکیتر تۆماربکرێت و لە دوا ئامانج بە تەواویەت نزیکمان بکاتەوە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.