وتار
کێشەی پەروەردە تەنھا شەممەکان نیە...!!

عەبدولواحید محەمەد

بۆ ئەوەی ھەڵوەستەیەک لەسەر شەممەکان بکەم کە چەند رۆژێکە بۆتە جێی بایەخی چەند کەس و لایەنێک، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، لەپێشدا بەگرنگی دەزانم ئاماژە بەو راستیە بدەم، پێشنیاری بە ئۆفکردنی شەممەکان لەلایەن یەکێتی مامۆستایانی کوردستانەوە بووە، ئەویش پشتبەست بەڕاو سەرنجی لقەکان و بەڕێوەبەرکان و ئەوانەشی ھەتا سەر ئیسقان لە خەمی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا بوون، ھەموو لایەک ئەوە دەزانین لەدوای سەپاندنی پاشەکەوتی زۆرەملێ، کۆمەڵێک داھێنانی سەیروسەمەرە لە پرۆسەی پەروەردە ھاتەکایەوە کە بۆ ھەر دەزگایەکی تر شیاوبێت بۆ پرۆسەی پەروەردە، ھەروەھا خوێندنی باڵا نامۆیەو ناکرێت و نابێت، دەکرێ ئاماژە بە ھەندێکیان بدەین، وەک، کەمکردنەوەی وانەکان، کەمکردنەوەی رۆژانی دەوام، کەمکردنەوەی ماوەی وانەکان، لابردنی ھەندێک وانە بەتەواوی، دوو رۆژ ئۆف و سێ رۆژ ئۆف، راستە ئەوانە ھەموی وەکو چارەسەری فریاگوزاری بووە بۆ دۆخە نەخوازراوەکە، بەڵام تێکڕا لەسەر حسابی پەروەردەو نەوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بووە، دەگەڕێمەوە سەر کرۆکی بابەتەکە، ئەویش بە ئۆفکردنی شەممەکانە، ئەوکات کە ئەو بابەتە لەگەڵ وەزارەت گفتوگۆی لەسەرکرا بەیەکەوە رێکبووین لەسەرئەوەی.

 

 ١- ئەو رۆژە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشو لەبری ئەوە رۆژو وانەو کاتژمێری رۆژەکانی تری خوێندن بەتەواوی بێت.

٢- کاتێک موچە گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی ئەو رۆژەش وەک باقی رۆژەکانی تر بکرێتەوە رۆژی خوێندن، چونکە لەبنەڕەتداو بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە شەممەکان پشوی فەرمی نیە وەک دامودەزگاکانی تری دەوڵەت.

 

دەبێ ئەوەش بەبیربھێنرێتەوە تەنھا لەم دەڤەرەی ئێمە شەممە پشو نیە دەنا لە زۆریەی وڵاتانی تر پشوە، بەھەرحاڵ رەنگە ئەوە لە ئێستادا پاساوی خۆی ھەبێت سەرەنجام دەبێت حاڵمان حاڵی ئەو وڵاتانە بێت، لەراستیدا پرۆسەی پەروەردە، دەزگایەکی ئیداری دیاریکراو نیە تاوەکو مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو گشگرەو پەیوەستە بە تێکڕای ئەم کۆمەڵگەیە ھەر لەسەرەوە تا خوارەوە، ئیتر دەبێت زۆرترین راو لێوردبوونەوەی لەبارەوە بکرێت، لە ھەرێم زۆر بەداخەوە لە چوار ساڵی رابردوودا غەدری گەورەی لێکراوە بەرێژەش ھەموان بەرکەوتیان ھەبووە، بەشی شێر لەو غەدرە حکومەت کردوویەتی ئەوەی تریش مەبدەئی گەورە ئاو دەڕژێنی گچکەش پێی لێدەخشێنێ، پەیرەوکراوە، ئێستاو ئەمساڵ دەبێت چاوپێخشانەوەیەکی تەواوی پێدابکرێت، چونکە تەنھا کێشەی پەروەردە شەممەکان نیە، تاوەکو بڕیاری خێراو لەناکاوی وەزارەت چارەسەر بێت، پێویستە بوتری بۆ منیش ئەو بڕیارە جێگەی ھەڵوێستە بوو لەبەرئەوەی پێشتر وەکو ئاماژەم پێدا پێشنیاری (ی.م.ک) بوو بە سوپاسەوە بە گرنگ وەرگیرا، دەبوو لەو بڕیارەی ئاخیریش (ی.م) ئاگادار با، ھەرچەندە من بۆ خۆم رەخنەم ئاراستەی وەزارەت کرد پێشم وتن دەبوو وا بەپەلە ئەو بڕیارە دەرنەکەن، چونکە ھێشتا بەشێک، وەکو لە دەرکردنی یاساکان دەڵێت (اسباب موجبە)ی ماوە، بەلای کەم بۆ ھەنگاوێکی لەوشێوەیە ھەم رونکردنەوەی دەوێت ھەمیش زەمینەسازی دەوێت، لەبەرئەوەی ھاوتەریب لەگەڵ ئەوە دەبێت کۆمەڵێک ھەنگاوی تریشی ھەیە ھەڵبھاوێژرێت، وەک دەرکردنی ساڵنامەیەکی جێگیر، رێکخستنەوەی پشوەکان کە ئەمەیان خۆی لەخۆیدا بەڵایەکی گەورەیە بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن تەنانەت بۆ خوێندنی باڵاش، ئەوەندەی پشوەکان ساڵی خوێندن ھەراسان دەکەن، نە خوێندن لە شەممەکان ھەراسانی ناکەن، مخابن حکومەتی ھەرێم زۆر بە سەخاوەتەوە پشو دەبەخشێت و بێ لێکدانەوە کە ئەو پشوانە چەندە کاریگەری نەرێنیان لەسەر کۆی جومگەکانی ئەم ھەرێمە ھەیە بە دیاریکراوی لەسەر پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن، بەھۆی ئەوجۆرە سەخاوەتەی حکومەتەوە کۆمەڵانی خەڵکیش راھاتون لەسەرئەوەی بێ حساب مامەڵە لەگەڵ رۆژەکانی ژیانی خۆیان و بەکەم بایەخیەوە سەیری بکەن، لە کۆتایدا داواکارم لە وەزارەت ھەرگیز پەلە نەکات لە بڕیاردان، مەبدەئی ئیشکرنیش وایە دەبێت ((زۆرترین بیرکردنەوەو لێوردبوونەوە دواتر بڕیاری سەنگین و لەکاتی خۆیدا)).

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.