وتار
قوبادیش کوڕی مامە.....!!

عەبدولواحید محەمەد

لەم رۆژانە ھاوڕێیەکی پێشمەرگایەتی مامی گەورەمان یادەوەریەکی زۆرجوانی بۆ گێڕامەوە، وتی ئێمە پێشمەرگە بووین لەگەڵ بەڕێز مام جلال، بارەگای سەرکیمان لە چەمی رێزان بوو، بە سەرکردایەتی مام چوین بۆ شەڕی رزگار کردنی شارۆچکەی پێنجوین لە کۆتایی ساڵی ١٩٦١ و سەرەتای ساڵی ١٩٦٢، لە شەڕەکەدا سەرکەوتین و دەسکەوتی زۆر باشمان ھەبوو لە چەک و فیشەک و تەنانەت بڕی (١١)ھەزار دیناریشمان بە دەسکەوت، ئەو کات جانتاو  سندوق و قاسە نەبوو پارەکەمان خستە ناو جەمەدانیەکەوە ھەردەمێ لای پێشمەرگەیەک بوو  تا گەڕاینەوە بارەگاکانی خۆمان، ئینجا مام داوای پارەکەی کردو پێشمەرگەکانیش بۆیان ھێنا کە ژماردیان دوای ئەوھەموو ھەورازونشێوو و مانەوە ورێرۆیشتنە پارەکە ھەروەکو خۆی بوو، لە درێژەی گێڕانەوەکەی وتی ئێمە چەند کەسێکمان خاوەن ژن و ماڵ بووین، ماوەیەکی زۆربوو کەسمان چاومان پێیان نەکەوتبوو، دوای چەند رۆژێک مام بانگی کردین و پێی وتین دەبێت بڕۆن بۆ گوندی کلێسە و ماڵی فلان کەس ، وتمان بەڵێ بە بێ ئەوەی  پرسیار بکەین بۆچی دەمان نێریت، وتی بەرگەکانیشتان بگۆڕن چونکە کورتەک و شەرواڵەکانمان  کۆن و دڕاوبوون، بانگی بەرپرسەکانی کرد ئەوانەی بەرگیان باشبوو داوای لێکردن بەرگەکانیان  بە ئێمە بدەن، ئەوانیش جێبەجێیان کرد و پێیان داین ، ئیتر رۆیشتین بۆ دێیەکە و ئەو ماڵەی بۆمان دیاریکرابوو، تەئکیدیشی لێکردینەوە لەوێ نابێت بمێننەوە دەبێت راستەوخۆ بگەڕێنەوە دێی (ئۆمەر گومەت)، وتمان بەڵێ باشە و رۆیشتین ، دواجار گەیشتینە گوندەکە سەیرمان کرد ، خێزانەکانیان بۆ ھێنابووینە ئەو  ماڵەی کە مام بۆی دیاریکردبووین، ئیتر بەیەکتر شاد بووینەوە، بێدواکەوتن لە گەڵیان گەڕاینەوە بۆ بەری کەرکوکی زێی بچوک، خەرجیشمان پێ درابوو بۆ ئەو١٥رۆژەی مۆڵەت درابووین ، کە دەبوو  دوای  ئەو ماوەیە  راستەوخۆ بگەڕێینەوە ھەر وامان کرد، خێزانەکانیشمان چۆن ھێنرابوون بە ھەمان رێگە گەڕێنرانەوە دیارە ھەموی ھەر مام بە گەورەیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی خۆی بۆ پێشمەرگە، ئەو وردەکاریەی کردبوو، ئەو وتی تا  دنیا ماوە باسی مام بکەیت ھەر تەواو نابێت، منیش باوەڕم وایە  ئەو پیاوە دیاردەی سەدەیەک بوو و دووبارە نابێتەوە ، بەڵام راستیەک ھەیە دەمەوێت راشکاوانە بیڵێم، کاک قوباد  لە ھەڵسوکەوت و پەیوەندیەکانی دەیەوێت ئەو رێچکە و رێبازە بە زیندوویی بھێلێتەوە، سەیر دەکەم لەگەڵ ھەموو چین و توێژەکان،مامۆستایان،کرێکاران،کاسبکاران،جوتیاران،گەنجان،بەساڵاچوان،ژنان،قوتابیانوخوێندکاران، خۆی بە ھاوبەش و خەمخۆریان دەزانێت، بەندە دەتوانم شایەتی ئەو راستیە بدەم،ئەو  خەمخۆرێکی جددی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و مامۆستایان بووە و بەردەوامیشە لەسەری، پێویستە بوترێ لەکاتی ئاڵۆزیەکان و پەککەوتنی پرۆسەی پەروەردە، بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو، چەندین جار لە پاڵ بینین و راستەوخۆ دانیشتن لەگەڵی بۆ دیاری کردنی رێگە چارەکان ھەر کاتێکیش پێویست بوو بێت راستەخۆ پەیوەندیم پێوە کردووە لەکاتی گونجاو و نەگونجاوە وەڵامی داومەتەوە وتوێژمان لەسەر رێگەچارەکان کردووە، لێرەدا بەباشی دەزانم وەک نمونەی خەخۆری و بە دەنگەوە ھاتنی، ئاماژە بە چارەسەرکردنی شێوازی پێدانی موچەی مامۆستایانی کەرکوک بکەم ، بە تایبەت دوای ھێرش و پەلاماری ھێزەکانی عێراق بۆ سەر ناوچە دابڕێنراوەکان و داگیرکردنەوەیان کە بۆشاییەک لە کەرکوک دروست بوو، دەبوو بۆ موچە مامۆستایان رێَگای کەرکوک تەقتەق کۆیە ھەولێریان بکوتایەوە، ھەموو لایەکیش دەزانین   وێرای دووری روحیش لەناولەپی عفریت بوو، بۆیە  داوامان کرد موچەکان ببرێتە چەمچەماڵ، بۆ  ئەوەی ئاسانتر مامۆستایان دەستیان پێبگات ، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیم بە کاک قوبادەوە کرد بەڕێز وەزیری پەروەردەش ئاگاداربوو، بەڕێزیشیان فەرمانیکرد پارەکە ببرێتە چەمچەماڵ،  ئەو دەم کێشەی ئەوە ھەبوو کە چۆن ئەو پارەیە ببرێت، من دووبارە پەیوەندیم بەکاک قوبادەوە کرد، ئەویش وتی سەبر بگرە چارەسەری دەکەم و ئاگاداریشت دەکەمەوە، ئەوە بووە دوای ماوەیەک پەیوەندی کردووە، بەڕێزیان فەرمویان ئەوە بۆم چارەسەر کردن، بانکیشم دیارکرد بەپاسەوانەکانی خۆشم پارەکە دەنێرم، ئەو دەم وتم گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێت، قوبادیش کوڕی مامە، چۆن مام خەمخۆری ھەڤاڵ و ھاوڕێکانی بووە کاک قوبادیش خەمخۆری ھەموانە،  بۆیە  پێویستە لەسەر ھەموو یەکێتیەکان ، دۆستان، مامۆستایان، دڵسۆزانی ئەم گەلە و رێبازە پیرۆزەکەی مام، دەنگ بەلیستی  ١٠٥ و بەربژێرەکان بەتایبەت مامی بچوک بدەن، بەو دەنگدانە دەسپێک  روحی مام شاد دەکەن  ئینجا رێبازەکەشی بە زیندوویی دەھێڵنەوە .  

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.