وتار
میلاک پێویستیەکی بونیادیە....!!

عەبدولواحید محەمەد

پرۆسەی  پەروەردە بە سێ کۆڵەگەی سەرەکی بەڕێوەدەچێت، میلاک، بیناو باڵەخانە ، پرۆگرامەکان، دیارە چەند بنەکایەکیتریش ھەیە وادەکات پرۆسەکە بە باشی و بێ خەوش ئامانجی خۆی بپێکێت، بە ڕای من وەکو پەروەردەکارێک بەپێی ئەولەویەت، میلاک لە ھەمویان گرنگترە، راستە بینا و باڵەخانە گرنگە لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بەبێ بیناش پرۆسەی خوێندن بکرێت، ھەروەھا پرۆگرامیش کەچی دەشێت بە یەک پەرتوک پۆلێک فێربکرێت، ئەو شێوازە لە زۆر شوێندا لە سەر وەختێک پیادە کراوە و مەبەستی پێویستیش تیایدا بەرجەستە بووە، پشت بەست بەو راستیە میلاک لە ھەموو پێداویستیەکانیتر گرنگترە، بێ میلاک ئەگەر تەواوی فاکتۆرەکانیتریش لەبەر دەست دابێت، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بەڕێوە ناچێت، جێگای ھەڵوێستە کردنە ماوەی چوار ساڵە بەھۆی نەبوونی دامەزراندنی میلاکی پێویست، بەردەوام ئاڵۆزی لە نێو قوتابخانە و خوێندنگاکاندا بەدی کراوە، لەو چوار ساڵە نە گواستنەوە نە رێکخستنەوەی میلاک سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، جۆرێک لە دەست دەرچونیش ھەبووە ، ئەو شێوازە لە مامەڵەکردن سەری کێشاوە بۆ خزم خزمێنەو تێپەڕاندنی دۆخەکە  دوور لە پێدراوە کەسیەکان و رێنماییە دەرکراوەکان، ھەمیشە گازاندەی زۆر ھەبووە ، ئەوەی جێگای نیگەرانیە ، ئەو مامەڵە ناتەندروست و ناجێگیرە بە کراوەیی ھێڵراوەتەوە و چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە ، پارساڵ واتە ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨)دوای بە دواداچون و کۆکردنەوەی داتای ورد ئەوەم بۆ رون بۆوە کێشەیەکی زۆر لە میلاکات و پسپۆڕی پێویست ھەیە ، زۆربەی ئەو بۆشاییانە بە وانەبێژ پڕکرابۆوە، ھەموو لاش ئەو راستیە باش دەزانین، وانەبێژ بۆ بوارێک و بۆ زەرفێکی دیاریکراو دەشێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام بۆ چارەسەری ستراتیجی و زانستی دەبێت میلاک ھەبێت، لە میلاکیشدا پسپۆڕی پێویست دابین بکرێت، دیاریشە پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەزگای ئیداری نین تاوەکو بە چەند فەرمانبەرێک ئیدارە بدرێت،  بەلکو دەبێت  بەردەوام  پێدراوەکانی بە پێی پێویست و سالانە پێبدرێت،  بۆ پشتراستکردنەوەی ئەو داکەوتە (واقعە)چەند ئامارێک دەخەمە ڕو:-

١-  ساڵانە بە تێکڕا زیاتر لە ١٢٠ ھەزار قوتابی تازە  دێنە بەر خوێندن ، ئەمساڵ ئەو خەملادنە وەکو خۆی دەرنەچوو بگرە ژمارەکە بۆ  ١٦٠ ھەزار بەرزبۆوە، ھەر ئەوەندە  میلاکی تازەی  پێویستە.

٢-  ئەمساڵ زیاتر لە (٧٠٠)مامۆستا و سەرپەرشتیار خانەنشین بوون، ھەریەکە و لەوانە بۆشاییەکی بەجێھێشتوە، بێگومان پڕکردنەوەی شوێنیان زۆر پێویست ، جێی وەبیرھێنانەوەیە  چوار ساڵە خانەنشینی دەکرێت شوێنگرەوەش نەبووە.

٣-  ئەو گرێبەستانەی لە سنوری پەروەردەکان کراوە، ژمارەیەکی بەرچاو وازیان ھێناوە ، بۆ نمونە لە یەک پەروەردە (٢٥٥) گرێبەست شوێنی خۆیان بە جێھێشتوە، ھۆکارەکان دیارن،  ئەوەی کرابێت بۆ شوێن گرەوەیان، تەنھا بۆ ساڵەکانی (٢٠١٤-٢٠١٥) کراوە لە دوای ئەوە نەکراوە ، ئەوانەش بە قەد خۆیان لێکەوتوی خراپیان  لەسەر میلاک ھەبووە.

         جگە لەوانەش، وازھێنان و چونە دەرەوە و مۆڵەتی بێموچە و درێژخایەن و و دایکایەتی بە رێژەیەک  سالانە ھەر ھەبووە،  کۆی ئەوانە بخەیە سەریەک رێژەیەکی بەرچاو لە میلاکات دەکات، دواجار کاریگەری خراپێ دەبێت ئەگەر رێکارەکان بە کراوەیی بھێڵرێتەوە کە بە داخەوە تا ھەنوکە وابووە، بۆیە لە کۆتایی ساڵی خوێندنی رابردوو، من  ئەم پێشنیارانەم  بە مەبەسی چارەسەر  بۆ بەڕێز وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد:

١-   ئەنجامدانی پرۆسەی گواستنەوە بە مەرجێک لە مانگی ئاب تێپەڕ نەکات.

٢- چەند لێژنەیەکی دەسەڵات پێدراو، پرۆسەی ھاوسەنگکردنی میلاک ئەنجام بدەن، ھیچ معقول نیە لە ناوەندێکی خوێندن ١٠ بەشەوانە و کەمتر و لە ناوەندێکیتر ٢٠زیاتر ھەبێت.

٣-  پڕکردنەوەی شوێنی گرێ بەستەکان ، دیار ە ئەوانە لە بنەڕەتدا پلەو موچەیان لە وەزارەتی دارایی دیاریکراوە ، ئیتر پڕکردنەوەیان گرفتێک دروست ناکات بە تایبەت بۆ پرۆسەی پەروەردە.

لە کۆتایدا ئەوەی بەلای من جێگای سەرسوڕمانەلە جیھان پێشکەوتودا، لایەنی بەرپرس لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن سەرنج و تێبینی ھەموو لایەک وەردەگرن ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی پرۆسەکە بەڕێوەببەن، بە تایبەت رێکخراو و سەندیکا و نەقابەکانی مامۆستایان، کەچی لێرە بە ھەستیاریەوە مامەڵە دەکەن ، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان چەندین یاداشت و پڕۆژەی داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامیش داوای ئەوەی کردووە بەشدار بێت لە رەنگڕێژکردنی بڕیار و راسپارەکان، زۆربەی جاران بە نەڕێنی وەڵام دراوەتەوە،  بگرە ھەندێک جاریش بە جسمێکی غەریب لێکدراوەتەوە، پێموایە تا بەم شێوەیە مامەڵە بکرێت، پرۆسەی پەروەردە بە لاسەنگی دەمێنێتەوە و ئامانجەکانیشی ناپێکێت، یەک وتەی  زۆر بە نرخیش ھەیە لەو بارەیەوە دەڵێت ((گوێ لە ھەموو کەس بگرە و لە ھەموو کەسێکەوە فێر بە، چونکە کەس ھەموو شتێ نازانێ بەڵام ھەموو کەسێک شتێک دەزانێ))

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.