وتار
نەینەوا کراوەتە شامی شەریف.....!!

عەبدولواحید محەمەد

ھەموو لایەک ئەو راستیە دەزانین پارێزگای نەینەوا دووەم گەورە شاری عێراقە و رۆڵی بەرچاویشی لەجومگە ھەستیارەکانی وڵاتدا  بەتایبەت لەبواری خوێندەواری، رۆشنبیری ، کلتوری، ئابوری ھەبووە، ئەو شارە بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکارەوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەردەوام روبەڕوی تیرۆر و لەژێر  ھەژمونی دەستەو تاقمە نامۆکان بووە، لە مانگی حوزەیرانی (٢٠١٤)ەوەش کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و ھەرچی  لە رابردوودا  بیناکرابوو کەوتە بەرشاڵاوی وێرانکاری ، لەپێشەوەی ھەمویان ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەک پرۆسەی پەروەردەیان بەتەواوی پەکخست، دیارە ئەوە سروشتی ئەو تاقم و باندانەیە، ئەوەی جێگەی تێڕامانە و ھەڵوێستەکردنە، زیاتر لەساڵ و نیوێکە ئەو شارە ئازادکراوە کە ئەوە ماوەیەکی باشە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری فەراھەم بکردبا، بێگومان پرۆسەی پەروەردەش لەپێشی پێشەوەیە، بەو ھەژمارەی ھەمیشە خوێندن و فێرکردن فاکتۆرێکی گرنگ بووە بۆ ئاوەدانی و دڵنیایی دان بە کۆمەڵانی خەڵک کە زەمینە لەبارە بۆ حەوانەوە و بەردەوامیدان بەژیان ،  لەوبارەیەوە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندارەکان بەتایبەت بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی نەینەوا ئاماژە بەوە دەدات کە کاری باشیان کردووە،  لەتویتێکدا ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت ئەمساڵ ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان و خوێندکاران، بەشی راگەیاندنی پەروەردەکەش دەڵێت (١٨٥٠) ناوەندی خوێندنمان لەناو موسڵ و دەوروبەری نۆژەنکردۆتەوە لەبارەی پرۆگرامەکانیش دەلێت ١٠٠% پەرتوک و پێویستیەکانیتری خوێندنمان ئامادەکردووە و دابەشکردنی بەردەوامە، بۆ میلاکیش لێژنەیەکمان پێکھێناوە بۆ ئەوەی رێکی بخەینەوە و زیادەکان ببەینە ئەو شوێنانەی کەموکوڕیان ھەیە، وەکو حاڵەتی فریاگوزاریش بۆ کەمی پۆل و ھۆڵەکان دەڵێت پشت بە کەرڤانە دەبەستین، تا ئێرە وتە و لێدوانەکان بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی نەینەوا و بەشی راگەیاندنەکەی بوو کە نەینەوا کراوەتە شامی شەریف، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ئەو وتانە زیادەڕۆیەکی  زۆری تێدایە و پێچەوانەکەی بەدی دەکرێت، وەک گەواھیش بۆ ئەوەی کارێکی ئەو تۆ نەکراوە ، مامۆستایەکی ئامادەیی کچانی (......) دەڵێت تا ھەنوکە بایەخێکی ئەوتۆ بەدی نەکراوە ئێستا ژمارەی قوتابیەکان زۆر زۆرە، بۆ نمونە لە یەک ھۆبەی ئامادەیی (٥٠ -٦٠) کچ ھەن و لەسەر یەک مێز لەبری دوو خوێندکار چوار خوێندکار دادەنیشن، ھاوکات مامۆستاشمان زۆر کەمە، ھەر لەو بارەیەوە دایکان و باوکانیش دەڵێن ھەموو رۆژێ منداڵەکانمان  لە ژێر مەترسیەوە ماوەیەکی زۆر دەبڕن تادەگەنە قوتابخانە، چونکە زۆربەی قوتابخانەکان کاوڵ بوون و ھیچی نزیک نەماوە، وێڕای ئەو رێگایە دوورەش ھیچ فێرنابن، چونکە ژمارەیان زۆرە و دەبێت لەسەر زەوی دابنیشن، بۆ نوسینەوەی ئەرکەکانیان ھەروەھا ئەنجامدانی  ئەزمونەکانیان، لەقەزاو ناحیەکانیش حاڵەکە زۆر خراپترە، بۆ نمونە لەشەنگال لە کاتێکدا بەڕێوەبەری پەروەردە دەڵێت ٨٠% قوتابخانەکانمان نۆژەنکردۆتەوە،لە ھەمان کاتدا باوکان و دایکان دەڵێن نۆژەنکردنەوە تەنھا ئەوە نیە تۆ دیواری دەرەوە بۆیاغ بکەیت بەلکو دەبێت مامۆستا و مێز و پێداویستیەکان دابینبکرێت لەدرێژەی وتەکانیان دەڵێن، چۆن دەبێت قوتابخانەیەکی ١٠٠٠ خوێندکاری تەنھا بەڕێوەبەر و یاریدەدەری ھەبێت و ھیچ میلاکێکی نەبێت؟ بۆیە کەمپی ئاوارەییمان پێ باشترە لەوەی منداڵەکانمان بێ سەواد بن، لەناحیەی گەیارەش کە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە، مامۆستایەک دەڵێت تەنھا ٤ قوتابخانە سەرەتاییمان ھەیە بۆیە ھەمویان دوو دەوامی و سێ دەوامین و ھێشتاش ژمارەی قوتابیان لە ھۆبەیەک ٥٠-٦٠  بگرە زیاتریش دەبن، مامۆستاشمان نیە و  پەنامان بۆ وانەبێژان بردووە و کرێیەکەشی لەسەر قوتابیان و خوێندکارانە، دوو ناوەندی و یەک ئامادەی کوڕان و دوو ناوەندی و یەک ئامادەیی کچانیش ھەیە، لەو ناوەندانەش ھاوشێوەی سەرەتاییەکان بەوانەبێژ چارەسەری میلاک کراوە بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە پسپۆڕی پێویست ، ئەوەی جێگەی تێبینیە حکومەتێک بەو ھەموو بودجە و ھەروەھا ئەو لێدوانە قەبانە و ھیچ لەخۆنەھێشتنەوەیان، ئەوە حاڵی پەروەردەیان بێت، ئیتر دەبێ چاوەڕوانی چیان لێبکرێت؟ پسپۆڕێکی پەروەردەییش دەڵێت ئەوە حاڵی پەروەردەکەمانە بۆیە چۆن لە رابردوودا لە نێوان مەنگەنەی تیرۆر و کێشمەکێشی مەزھەبگەرایی  بووینە و ماڵوێران کراین، لێرەش بە دواوە ئەگەر خراپتر نەبین مەحاڵە باشتر بین،  مەبەستم لەم وێنایە ئەوەیە بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵێم، بۆ ئەوەی ئارامتر بژین بەرەو دوا ئامانج پەل بکوتین،  دەبێت ھەموو کارێک لەپێناو پەروەردە و فێرکردن بێت ، چونکە ھیچ جومگەیەکیتر جێگرەوەی ئەو پرۆسەیە نیە .    

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.