وتار
سێ ھەڵوێستی ماکرۆن......!!

عەبدولواحید محەمەد

لەدوای دووەمین شەڕی جیھانیەوە، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت بوونە دوو دەرکەوتوترین زلھێز، ھەر یەکەو بلۆکێکیان دروستکرد، یەکێکیان رۆژھەڵات بەناوی ھاوپەیمانی وارشۆ، ئەوەیتریان رۆژئاوا بە ناوی ھاوپەیمانی ناتۆ، ئیتر کەوتنە وێزەی یەکتر و جۆرەھا ھۆکاریان بۆ لاوازکردنی یەکتر و فراوان کردنی دەسەڵاتیان بەکارھێنا، ئەو ماوەیە ناوزەدکرا بە شەڕی سارد، سەرەنجام لە کۆتایی ھەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان، بلۆکی رۆژھەڵات بەسەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت لەسەر دەستی(میخائیلگۆرپاکۆف) سەرۆکی ئەو کاتە ئەو وڵاتە و لە پرۆسەیەکی تەمومژاوی و لە ژێر ناوونیشانی(( برۆسترویکا و گلاسنۆنت)) لەباریەک ھەڵوەشایەوە، سەریشی کێشا بۆ لەباریەکچونی خودی یەکێـتی سۆڤیەتیش کە بووە پازدە کۆماری سەربەخۆ، راستە روسیا وەکو پاشماوەی یەکێتی سۆڤیەت و ھێزگەلێکی گەورە مایەوە، بەڵام وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا  بووە ھێزی یەکەم و بێ رکابەر لەجیھان، لەوساوە ئەو وڵاتە بۆتە داینەمۆی ھەموو پرس و ئەگەرەکان، سیاسی، ئابوری، بازرگانی تەنانەت دیاریکردن و دەستنیشانکردنی چارەنوسی زۆربەی وڵاتانیش، بەوەشەوە نەوەستاون لەپشتی پەردەوە دەستیان لەکاروباری تایبەتی وڵاتانیش وەرداوە، ھەندێک جار راستەوخۆش ئەو کارەیان کردووە، وەک گەواھیش بۆ ئەو راستیە روخاندنی رژێمی دکتاتۆری سەددام لە(٢٠٠٣)، روخاندنی رژێمی قەزافیلە(٢٠١١) بڕواشم وایە ھەرچیەکتریش  لەسەر ئەم زەمینە کرابێت دەستیان تێدا ھەبووە چ راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، قبوڵیشیان نیە سیاسەتێک لەجیھان بەڕێوەبچێت بێ ئەوەی ئیرادەیان لەسەر بێت، ئەوەندەش بووغرا بوونە نزیکترین دۆستیان جوڵەیەک یان ھەڵوێستەکی تایبەتیان ھەبێت دەبێت باجەکەی بدەن، ھەمومان بینیمان کاتێک ئەردۆگان سەودای بەھەندێک بۆچونی خۆی کرد، وای نیشاندا ئیتر سەرێکە و ھێناویەتی ناگەڕێتەوە دواوە، سەڵتەنەتێک دادەمەزرێنێت دوور لەویستی ئەمەریکا، خۆی دەبێـتە موختاری دەڤەرەکە، لەو چرکەساتەوە بەڵا لەسەر بەڵای بۆ دەخوڵقێنرێ ئەکیدیش ھەروا نامێنێتەوە بەلایەکدا دەکەوێت دڵنیاشم لە بەرژەوەندی ئەردۆگاندا نابێت، ئەوەتا بۆ ئێرانیش مەنجەنیقێکیان ھەڵبەستوە وازیش ناھێنن تا سەری ئەو عەمامەبەسەرانەی تیا نەچێ، ئێستا ئەوەی لە ئەوروپاش دەگوزەرێ رشدم لەسەر ئەوەی دەستی ئەمەریکای تێدایە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕمەوە ھەندێک لەسەرانی ئەوروپا بە تایبەت ماکرۆن و ئەنجێلامێرکل ماوەیەکە سیاسەتێک بەڕێوەدەبەن جیاوازی زۆری ھەیە لەگەڵ ئەمەریکا بگرە بەدژیشی لێکدەدرێتەوە، بۆ نمونە ماکرۆن لەو ماویەدا سێ ھەڵوێستی نواندووە پێچەوانەی بۆچونەکانی ترامپ و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی بووە، لەوانە:

١-     کاتێک ئەمەریکا رێککەوتنی (٥+١)ئەتۆمی تاک لایەنە ھەڵوەشاندەوە، ئەوروپا بەدیاریکراوی فەرەنسا و ئەڵمانیا جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان پابەندی رێککەوتنەکەن و ھەڵوەشاندنەوەی بەپەسند نازانن .

٢-     ماکرۆن لەو ماوەیەدا داوای ئەوەی کرد ھێزێکی ئەوروپی پێک بھێنن بۆ ئەوەی پێویستیان بەھێزیتر بۆ خۆ پاراستن نەبێت.

٣-     کاتێک نیزامی شانشینی عەرەبی سعودی خاشقچیان کوشت، ماکرۆن و مێرکل کوشتنەکەیان بەتیرۆر ھەژمارکرد و تاوانەکەشیان بەئاشکرا خستە ملی سعودیە و راشیان گەیاند دەبێت ئەو کەسانەی ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە بخرێنە ژێر رکێفی یاسا و جەزربەی توند بدرێن،

ترامپ ئەو ھەڵوێستانەی قبوڵ نەبووە و  بگرە وەکو مەترسیەکیش مامەڵەی لەگەڵدا کردووە.

ئەو شەپۆڵە ناڕەزاییەی ئەوروپای گرتۆتەوە راستە دیوە ئاشکراکەی مەسەلەی باج و سوتەمەنی و کەمی موچەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دیوە شاراوەکەی دەستی ئەمەریکای تێدایە وەکو دەرسێکی توند بۆیان، بەبەڵگەی ئەوەی سەرباری ئەوەی حکومەتی فەرەنسا لەھەموو بڕیارەکان پاشگەزبۆتەوە ، ناڕەزاییەکان بەردەوامە و سەرکێشاوە بۆ ئەوەی داوای دەست لەکارکێشانەوەی ماکرۆن بکەن، ھاوزەمان ئەنجیلا مێرکلیش سەری سیاسی خۆی خوارد و بووە بەشێک لەرابردوو، من وەکو چاودێرێک خوێندنەوەم وایە ئەوروپا جارێکیتر دەبێت بیر لەوە نەکاتەوە دوور لەئەمەریکا سیاسیەتێکی سەربەخۆ بەڕێوەببات، بگرە ئەگەر بەئاشکراش نەبێت دەبێت لەپشتی پەردەوە سەرەداوەکانی ھەر بڕیار و ھەنگاوێک لەگەڵ ئەمەریکا بچنن ئینجا رەواجی پێبدەن . 

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.