وتار
کەتن و کەتنکەر......!!

عەبدولواحید محەمەد

کەتن واتە روداوێکی ناخۆش یان ھەڵەیەکی کاریگەر، کەتنکەریش  لە دوو وشەی لێکدراو (کەتن + کەر) پێکھاتوە واتە ئەو کەسەی  کارێکی نابەجێ یان ھەڵەکە دەکات، بە سروشتیش کەتن بۆ کاری نا ماقوڵ و ناخۆش بەکار دێت، ھەندێک جاریش بۆ گاڵتە بەکار دێت، کاتێک یەکێک بە یەکێکیتر دەڵێت ((کەتنەکت کرد، کەتنکەر))، لەوەتەی من ھەستم بە بوونی خۆم کردووە ئەو وشەیە ھەبووە و بەکار ھاتوە ھەروەھا کەتنکەریش، دڵنیام پێش منیش  ھەر ھەبووە، چونکە وشەی کەتن تەنھا بۆ سیاسەت و ئابوری و ھەڵە تازەکانی دنیا بەرکار نەبووە،  بەلکو بۆ ھەر ھەڵە و رووداوێک بەکار دێت، ئینجا چ کۆمەڵایەتی  یان کەسی بووبێت، ، پێشتر وئێستاش کەسێک ئەگەر ئاو یان چایەکی لە دەست بڕژابا، پێیان دەوت (کەتنەکەت کرد)،(ھەی کەتنکەر) ئیتر بۆ زۆر بوار وبابەتی  تریش، وەک سەربازی، سیاسی،  ئابوری ، بازرگانیش بەکاردێت، بەھەرحاڵ ئەوەی من لێرە مەبەستمە چەند پەیڤێک لەبارەی  قسەکانی ئەم دواییەی کاک قوباد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڵێم کە لەم دواییە لە چوارچێوەی تویێتکدا ئاماژەی بەوە دابوو ھەلومەرجێکی تازە ھاتۆتە پێش ئەگەر کەتن نەکرێت،  دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان باشتر دەبێت، جێگەی ھەڵوێستەکردنە ئەو وشەیە لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کراو  گەورەش کرا،بە مەبەست تێکەڵاوی  ھاوکێشە سیاسیەکانیش کرا کۆمەڵێک خەڵک و کەسیتریشیان تێوەردا، کە نەدەبوو وابا چونکە گۆمەکەی کوردستان بە ھۆی  کەتنە کۆن و نوێکانەوە لیخن بووە، نابێت بھێڵرێت لیخینتر بکرێت، بڕوام وایە ئەو تێکەڵ و پێکەڵکردنە بە مەبەستی لە بیربردنەوەی ھەندێک ئەوراق بووە، دەنا کەتن ھەر ھەبووە و ھەردەبێت مادام ژیان و مرۆڤایەتی بەردەوام بێت چونکە ھیچ پرۆسەیەکی عەیار بیست و چوار و نمونەیی  نیە، بەتایبەت ئێمەی کورد ھەمیشە ئازارچەشتوی ھەژمونی تاڵی داگیرکەران و بەرژەوەندییە نێو دەوڵەتیەکان بووین و کەتنی گەورەشیان بەسەردا ھێناوین، ئەگەر چی ھەندێک جار بە زانین یان نەزانین بەشمان ھەبووە لە ھاتنە پێش و دروستبوونی ئەو کەتنانە، بۆ نمونە شەڕی جیھانی یەکەم کۆتایی دێت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتان دیاری دەکرێت، ئینجا خوالێخۆشبوو شێخ مەحمود جاڕی دامەزراندنی مەملەکەتی کوردستان دەدات، بێ ئاگا لەوەی ئەو مەملەکەتە کە دادەمەزرێت لەسەر حیسابی بەشی وڵاتێکی زلھێزی وەک شانشینی یەکگرتوو((بەریتانیا))یە کە بە ئاسانی قبوڵی ناکات، ئیتر کەتنەکە رویدا و مەمەلەکەتەکەی شێخ بە مردوویی لە دایک بوو، شەڕی دووەمی جیھانیش کۆتایی دێت ئینجا شەھید قازی محمد کۆماری مھاباد دادەمەزرێنێ کە دەبوو پێش شەڕی جیھان ئەوەی بکردبا، چونکە دەبوو بزانێ ئەوە لەسەر حسابی بەرکەوتەی یەکێک لە زلھێزەکانە و قبوڵی نیە ، ھەموشمان بینیمان لە عەفرین چ کارەساتێک رویدا، تورکیا بە رۆژی روناک و لەبەرچاوی دنیا ئەو خاکەیان سوتماک کرد و قەسابخانەشیان بۆ خەڵکی سڤیلی ئەو ھەرێمە داخست ئینجا دزین و کاولکردنیش ، کەسیش وڕقمی لێوە نەھات، بەوەشەوە نەوەستاوە  ھەر بۆڵە بۆڵەیەتی و ھەڕەشە لە رۆژ ھەڵاتی روباری فوراتیش دەکات، ئەوانە ھەموی کەتنن ھەندێکیان بەرژەوەندی کردە، ھەندێکیشی خۆ کردە، لە ھەرێمی کوردستانیش کاتێک جاڕی ریفراندۆمدرا، مەعلوەمیشە ریفراندۆم پرۆسەیەکی حەرام نیە، لە دنیای تازە دا مافێکی رێپێدراوە بۆ ھەر بابەتێک پێویستی بە یەکلاکردنەوە لە نێوان بەرکاربوون و نەوبوونیدا ھەبێت، بەڵام لە دوای بەڕێوەچونی چونکە بە دڵی وڵاتان نەبوو کەتنێکیان بەسەردا ھێناین ھەرگیز لەبیری نەکەین، لەو روانگەیەوە دەبێ بە دیقەتەوە  سەیری وتەکەی کاک قوباد بکەین ، پێموایە بەو واتایە دێت، ئەم جیھانە ئەوەندە بەرژەوەندی و بەرژەوەندی لێکدژی ھەیە دەبێت زۆر بە ھەستیاریەوە مامەڵە بکرێت، کوردیش بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی چەند جار مارانگاز بووە، نابێت لێبگەڕێین لە یەک کونا دووجار پێوەمانەوە بدرێ.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.