وتار
بۆ ئەوەی مەترسیەكان تێپەڕێنین...!!!

عەبدولواحید محەمەد

       راستیەك هەیە پێویستە بەردەوام لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش بریتییە لە مەترسیەكی دوو دیوی، دیوێكی شاراوە كە خۆی دەنوێنێت لە بەرژەوەندیە نێو دەوڵەتیەكان و شكاندنەوەی لە قازانجی خۆیان لەسەر حسابی گەلان لە نێویاندا گەلی كوردستان ، دیوێكی ئاشكراش كە تایبەتە بە پەیوەندی لایەنە سیاسیەكان و شێوازی بەڕێوەبردن، دیارە دیوە شاراوەكە دوور لە ئیرادەی كوردستان دەگوزەرێت چونكە تێكەڵاوی كۆمەڵێك هاوكێشەی هەرێمی و نێودەوڵەتی كراوە، لە جەرەیانی شەڕی جیهانی یەكەمەوە تا هەنوكە چەندین رێككەوتنی ژێر بەژێر و ئاشكرا كراوە، هەر هەموشی لە پێناوی پشك پشكێنە و بەرژەوەندی زلهێزەكان بووە، ئەو راستیە هەموو لایەنە سیاسیەكان كەمو زۆر دەیزانن بای ئەوەش زانیاریان هەیە كە پێویستە لەسەریان مامەڵەی لەگەڵدا بكەن نەك مامەڵەی پێوە بكەن، مخابن لەو ماوەیەدا ئەو بارودۆخە نەخوازراوە مامەڵەی پێوەكراوە و سەوداش لەسەر زۆر شت كراوە لەسەر حسابی بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان، ئێستا گەلەكەمان لە دووڕیانێكی زۆر هەستیار دایە خەریكە دەڤەرەكە دەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشە نێو دەوڵەتیەكان، هەموو هێزە گەورەكان بوونیان هەیە هێزە هەرێمایەتییەكانیش دەیانەوێت رۆڵیان لە بەلاداخستنیدا هەبێت  بێگومان لە بەرژەوەندی خۆیان، ئەوەتا توركیا دەیەوێت سەروەری باب و باپیرە عوسمانلیەكانیان بگێڕنەوە و یەكەم هەنگاویش دەیانەوێت لەسەر حسابی كورد، ئێرانیش بە هەمان شێوە دەیانەوێت ئیمپراتۆریەتی سەفەوی بەڕوپۆشی شیعەگەریەوە نوێ بكەنەوە، سەرباری ئەوانە هێزی تریش وەكو سعودیە و ئیمارات و قەتەر هەن دەیانەوێت یاریكەر بن و پشكیان هەبێت لەو كێكەی كە لە لێنانگاكانی پشتەوە ئامادەكراوە، سەرباری هەموو ئەو راستیانە بەشێك لە هێزە سیاسیەكانی كوردستان لە بری ئەوەی ململانێ لەسەر پێشكەشكردنی نمونەیەكی جوان لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و پەیوەندیەكان و بەرنامەیەكی هەمە لایەن بۆ روبەڕوبونەوەی پێشهات و ئەگەرە مەترسیدارەكان بكەن، ململانێ لەسەر پۆست و پلە و پایە دەكەن هەروەها هەڵبەستانی پەیوەندی نادروست لەسەر حسابی یەكتر لەگەڵ نەیار و ناحەزان ، ئەمە لە كاتێكدا هەمویان سەری زمان و بنی زمانیان  یەكڕیزی و تەبایی و رێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستان بووە، كەچی زۆرجاران پێچەوانەكەیمان بینیوە، بۆ نمونە لە پێكهێنانی حكومەتی مەركەزیدا كە زۆر پێویستە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن كە ئەوەیان زۆری لەسەر وتراوە بەردەوامیش دەیڵێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوێكی لەو شێوەمان نەبینی بگرە هەندێك لایەن بوونە بەربەستیش، بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش كە زیاتر لە(117) رۆژ بەسەر هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا تێپەڕێوە هەنگاوێكی كردارەكیمان بۆ ئەو مەبەستە نەبینیوە بە داخەوە لە بری ئەوە رۆژانە دەستەواژەی مەترسیدار وەك شاباش بەكورسی و براوەی یەكەم و جۆرێك لە حوكمڕانی دەبیستین وەك ئەوەی ئێمە لە هەرێمێكی تەواو ئارام و دیموكراتیتر لە  سیستەمە دیموكراتیەكان بژین، كار گەیشتۆتە سەر ئەوەی هەندێك كەس بێمەنەتانە شوشە و شەربە بشكێنن و مارشی شەڕ و دهۆڵی دوو ئیدارەیی بكوتن، بێ ئەوەی  هەژمار بۆ ئەم گەلە بەشمەینەتە بكەن كە هەرچی تاڵی و تفتی ژیان هەیە چ لەسەردەمی رژێمی دیكتاتۆریەت چ لە سەردەمی شەڕی خۆبەخۆ چ لەسەردەمی داعش و ماعش و قەیرانی دارایی داسەپاودا كێشاویانە، بە هەموو پێوەرەكان هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی زۆر تایبەت و لەسەروبەندێكی مێژویی مەترسیدار دایە، بۆ ئەوەی ئەو مەترسیانە تێپەرێنین دەبێت:
1- لەگەڵ حوكومەتی مەركەزیدا یەك هەڵوێست و یەك ئیرادە بین ، شەڕیش لەسەر بەرژەوەندی باڵای هەرێمی كوردستان بكەین.
2- بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان بەرنامەیەكی كوردستانیانە هەبێت و كاری بۆ بكرێت، چونكە ئەو دەڤەرانە ئێستا لە رەوشێكی خراپدان، خەریكە ئەوەی لە 13 ساڵدا كراوە هەڵوەشێتەوە و بچێتەوە چوارگۆشەی كۆچپێكردن و عەرەباندن.
3- بۆ نۆیەم كابینە رێكەوتنێكی هەمەلایەنی نەتەوەیی ، سیاسی ، ئابوری ، بازرگانی ، پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان بكرێت، دەستپێكی كارەكانیش، بۆ ئەوە بێت رەوشی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك و مامۆستایان و فەرمانبەران باش بكرێت و قەرەبووی ئەو هەموو ئێش و ئازارە  بكرێتەوە كە لە (5) ساڵی رابردوودا چەشتویانە ، بڕوای تەواوم بەوە هەیە، بەوە دەتوانرێت هەرێمی كوردستان ئارام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت لە بوونی هەر ئەگەرێكی نێودەوڵەتی نەخوازراودا كەمترین زەرەر و زیانمان بەر بكەوێت. 

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.