وتار
میلاکاتی فەرمانبەران و تەرشیقکردنی حکومەت

عەبدولواحید محەمەد

ئەوەندەی شارەزاییمان لە ئیدارەدان ھەبێت، دەبێت بەپێی پێویست و بە ناو لێنانی پلەی فەرمانبەری، دامودەزگاکانی دەوڵەتی بەڕێوەببرێن، ئەگەر سەیری دەزگا و دامەزاروە حکومیەکانی ئەو وڵاتانە بکەین کە کاروبارەکانی خۆیان بەشێوەیەکی زانستیانە و دامەزراوەیی رێکخستوە، بەپێی پێویست میلاکات دادەمەزرێنن، ھەرگیز کارێک ناکەن کە بێکاری ژێربەڕ ھەبێت، ھەژماری تەواو لەبارەی کارکردنی رۆژانە و ھەفتانەو مانگانەی فەرمانبەر دەکەن، بەشێوەیەک چاوپۆشی لەیەک چڕکەی بێ ئیشی ناکەن، بۆ نمونە لە ئەنجومەنی وەزیرانی دانیمارک تەنھا (٧٤) فەرمانبەر ھەیە تەواوی کاروبارەکان بەڕێوەدەبەن، وڵاتێکیشە بەمانای وشە بە سیستەماکی بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە (١٥٠٠) فەرمانبەر بە پلەی جۆراو جۆر ھەیە، بەدڵنیاییەوە ئەو ژمارە زۆرە زیاترە لە پێویستی ئەو دەزگایە، پێویستە بوترێ ھەر سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەو شێوەیە نییە بگرە تەواوی دەزگاو دامەزراوەکان فەرمانبەریان زیادە، بەپێی توێژینەوەیەک ھەر فەرمانبەرێک نزیکەی (١٧) دەقیقە کار دەکات، ئەو پەنگخواردنە لە ھەیکەلەی فەرمانگەکان لەساڵانی رابردوو و تا ئەم ساتە وەختەش سەردێری باس و خواسەکان بووە، بەتایبەت لەلایەن حزبە ئۆپزسیۆنەکان، بە شێوەیەک ئەوەیان بە عەیبەیەکی گەورەی حکومەتی ھەرێم زانیوە ھەروەھا بەسەرچاوەی گەندەڵیشیان لێکداوەتەوە، ھاوکات چەندین دەستەواژەشیان بۆ داتاشیوە، وەک، گەندەڵی ئیداری، بێ کاری داپۆشراو، بندیوار، ئەوەی مایەی تێبینیە ئەو سەرنج و تیر و توانجانە لەلایەن ئەو لایەنانەوە تا ئەو سنورە بڕی کردووەو برەوی پێدراوە کە عەیبەکە بۆخۆیان نەبووبێت، کاتێک ھاتوتە سەر ئەوەی ئەوانیش بگرێتەوە بەحەڵاڵ و بە پێدراوی خۆیان زانیوە، گەواھی ئەو راستیەش کاتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی خولی رابردوو دیاریکرا ژمارەیەکی بەرچاو راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و حەرەس و حەشەم و خەدەمیان دامەزراند، ئەوە لەکاتێکدا ئەو دامەزراوە یاساییە خۆی فەرمانبەری زیاد بووە، ئێستا کە باسی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم دەکەن، ھەموو ئەو لایەنانەی باسی گرفتی زۆری فەرمانبەر و داخورانی ئیمکانیاتی حکومەتیان بەو ھۆیەوە دەکرد ھەمیشەش تەرحی ئەوەیان ھەبووە لەسەر ئەوەی دەبێت حکومەت سیستەمی تەرشیقکردن پەیرەو بکات واتە دەزگا و دامەزراوەکان لەسەرەوە تا خوارێ بچوک بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو بارگرانیەی لەسەریدا ھەیە کەمببێتەوە، پێویستە بوترێ لەبری کەمکردنەوە، ھەر ئەوانەی ئەو بانگەشەیانەیان دەکرد کە قسە ھاتە سەر پێکھێنانی کابینەی تازە لیکاو لە دەمیان ھاتە خوارێ و ھەر چی وتبوویان لە بیریان چو، ھەمووخەمیان بووە پۆست نەک بەرنامەی کاری حکومەت، ئەو دروشمانەی لە پێشدا نمایش دەرکران، بەردەوامیش لەشاشەی تەلەفزیۆنەکان موزایەدەی پێوەدەکرا، لەلایەن ھەندێ کارکتەر کرابووە بنیشتە خۆشەی سەرزاران، ھەرە ئەوانە ھەموویان پێچەوانە کردەوە باس باسی پۆستەو ھیچیتر، بازاڕیشیان ئەوەندە گەرم کردیە وەک ئەوەی ھەرچی لە رابردوودا باسیان لێوە کردووە بەو چەند وەزیر و وەکیل وەزیر و راوێژکار و بەڕێوبەری گشتی و ھەندێ پلەی جۆراو جۆرەوە بەدەستیان ھێناوە، ئیتر دنیایەکە بەرەو ئەمانی تەواو دەچێت، زۆری فەرمانبەر و گەندەڵی و بێکاری داپۆشراو چارەسەربوون، بەڕاستی ئەوانە دەبێت وەڵامی جەماوەر بدەنەوە کەمێشکیان پڕ کردبوون بە زۆری فەرمانبەر و گەندەڵی و کۆمەڵێک عەیب و عاریتر کەچی راکە راکەیتیان بۆ ئیمتیازات، دەرکەوت ئەوانە حکومەت بەڕێوەبردنی سەلیم و خزمەتگوزاریان ناوێت، بگرە حکومەتی پۆست و پلە و پایەیان دەوێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.