وتار
بۆچی‌ گۆڕان لەگەڵ ئەم ریفراندۆمە نیە؟

د.دەرباز محەمەد

بەدرێژایی‌ مێژووی‌ کورد، سەربەخۆیی‌ و دامەزراندنی‌ دەوڵەت، خەونی‌ هەموان بووە، بێ جیاوازی‌ و بێ موزایەدە. کاتێک ٧ی‌ حوزەیران لە کۆبونەوەیەکی‌ حزبی‌، بەبێ کۆدەنگی‌ نیشتمانی‌ بڕیاری‌ ریفراندۆم درا، ئێمە بێ سێ و دوو لەگەڵی‌ نەبوین، لەبەر ئەم هۆیانە.

یەکەم: دەوڵەت واتا دامەزراوەی دەوڵەتیی، واتا پەرلەمان و حکومەت و دادگای‌ نیشتمانی‌، ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دراوە، بڕیاردەرەکانی‌ ریفراندۆم بەدەر لە رێزگرتن لە دەنگی‌ هاوڵاتیان، بە زەبری‌ هێزێکی‌ ناشەرعی‌، تاکە دامەزراوەی‌ شەرعیان پەکخستووە بەبێ هۆ. هاتون لەبری‌ ئەم دامەزراوە شەرعیە پیرۆزە چارەنوسسازترین بڕیاری‌ مێژوویی‌ دەدەن.
لە کاتێکدا پەرلەمانێک، كه تەمەنی‌ ٢٥ ساڵە و تاکە مەرجەعی‌ یاسایی‌ و سیاسی‌ و بڕیاردانە، کەچی‌ ئەم بڕیارە لە کۆبونەوەیەک و لە لایەن کەسانێکەوە دەدرێن، کە هیچ شەرعیەتێکی‌ یاسایی‌ و سیاسییان نیە، تەنها ئەوە نەبێت سەرۆک یان نوێنەری‌ حزبەکانی‌ خۆیانن، نەک نوێنەری‌ میللەت.
کێشەکە لای‌ گۆڕان بنەمای‌ بڕیاردانی‌ چارەنوسی‌ میللەتە و کێ ئەم مافەی‌ هەیە، نەک چۆنێتی‌ بەڕێوەچوون و ئەنجامی‌ راپرسیەکە.
دووەم: 
چۆن دەستبەرداری‌ خاک و خەڵکی‌ ناوچە کوردستانییەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم بین؟
ریفراندۆم بەبێ کەرکوک، خانەقین و ناوچەکە کوردستانیەکانی‌ دیکە، واتا لە قۆناغی‌ یەکەمدا دەستەبەرداربونی‌ ئه‌م ناوچانەیه.
پاشان چۆن خەڵکی‌ ئەم ناوچانە بخەینە بەردەم مەترسی‌ پێکدادان لەگەڵ نەیارەکانی‌ سەربەخۆیی، عەرەب بە شیعە و سونەوە، تورکمان بە شیعە و سونەوە، ئایا دەتوانین بیانپارێزین لە هەر هێرشێکی‌ چەکداری‌، ئایا پرسیان پێکراوە بخرێنە بەردەم ئەم مەترسیە گەورەیە، مەترسی‌ مان و نەمان مەترسی‌ لەناوچون؟ بێگومان نەخێر.
ئایا لەگەرمەی‌ بڵاوبونەوەی‌ هێزی‌ چەکداری‌ رێکخراو و ناڕێکخراوی‌ عەرەب و تورکمان و تەنانەت مەسیحی‌ و شەبەک، حاڵی‌ کورد لەم ناوچانە چۆن دەبێت، پێکدادان یان سازان؟ کام سازان و چۆن و کەی‌؟
سێیەم:
دەوڵەتی‌ فاشیل یان دەوڵەتی‌ سەرکەوتوو؟
 تاکە هێزی‌ کورد تۆکمەیی‌ ناوخۆییە، تۆکمەیی‌ کۆمەڵایەتی‌، سیاسی‌ دیموکراتی‌، ئابوری‌ و سەربازی‌. 
ئێستا چ نمونەیەکی‌ سەرکەوتوومان هەیە؟ خراپترین لە هەموو ئاستەکان.
ئابوری‌ وێران و داتەپیو و قەرزار و بێکار.
هێزێکی‌ سەربازی‌ ناتەبا و نا نیشتیمانی‌ و حزبی‌ و بنەماڵەیی‌ و کەسی‌.
دیموکراتیەتێکی‌ فاشیل، دیکتاتۆرییەتێکی‌ ئاشکرا لە قاوغی‌  شەرعیەتێکی‌ موزەیەفدا.
کۆمەڵگایەکی‌ پەرتبوو لە نێوان چینێکی‌ کەمی‌ سودمەند لە دەسەڵات، زۆرینەیەکی‌ چەوساوە بەدەستی‌ دەسەڵات، چەوساوە تەنانەت لە سادەترین مافی‌ ئاسایی‌، مافی‌ وەرگرتنی‌ موچەی‌ مانگانە، وەکو خۆی‌ و لە کاتی‌ خۆی‌.
بە کوردییەکەی‌، ئەم پرسی‌ ریفراندۆمە وەک ئەوە وایە، باوکێک لە ماڵەکەی‌ خۆی‌، نیوەی‌ مناڵەکانی‌ زویر و بێ دەرەتان کردبێت، نانی‌ ئێوارەی‌ بۆ هەموان نەبێت و لەوەشی‌ هەیە دادپەروەر نەبێت، خاوه‌ن قەرز بەردەرگای‌ پێ گرتبێت، دەرگا و پەنجەرەی‌ ماڵەکەی‌ شەق و شڕ بوبێت. بێت بڵێت چی‌ ئەڵێن کۆشکێکی‌ خۆشتان بۆ دروست بکەم؟ تۆ حاڵی‌ ئەم ماڵەت زۆر جوانە تاوەکو کۆشک دروست بکەیت. 
چوارەم:
گرنگ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم نیە، گرنگ دانپێدانانە بە ریفراندۆمەکە.
چی‌ کراوە بۆ ئەوەی‌ ئەم ریفراندۆمە شەرعیەتی‌ نێودەوڵەتی‌ هەبێت؟ دەوڵەت واتا چونە نێو کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌ و هاوشانی‌ دەوڵەتانی‌ تر، ماف و ئەرکە نێودەوڵەتیەکان جێبەجێ بکەی‌، ئایا کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌ دان بەم ریفراندۆمە و ئەنجامەکانیدا دەنێت؟ وەڵامەکەی‌ روونە، نەخێر.
 ئیشکردن لەسەر دروستکردنی‌ ئەو قەناعەتە لای‌ کۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ ئەگەر چەندین ساڵیش بخایەنێت، گرنگترە لە ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمێک کە کاری‌ پێنەکرێت.
ئەگەر کۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ دان بە دەوڵەتی‌ کوردیدا نەنێت، ناشیپارێزێت لە هەڕەشە و مەترسی‌ وڵاتانی‌ دیکە، وەک چۆن مەرج نیە ئەگەر دانپێدانراویش بێت گەل و حکومەتی‌ وڵاتان بپارێزێت.
تەماشای‌ سوریا، شەش ساڵە لە جەنگێکی‌ خوێناویدا دەتلێتەوە، هەزار ساڵی‌ دیکە نابێتەوە بە سوریاکەی‌ جاران، دەوڵەتیشە، کەچی‌ هەر پارچەی‌ بە دەست وڵاتێکەوەیە.
ئایا کوردستان بەرگەی‌ ئەو ململانێیە دەگرێت؟ 
ئایا روودانی‌ ئەو ململانێیە بۆ فەشەلهێنان بەو دەوڵەتەی‌ بە ناکامی‌ لە دایک دەبێت، لەلایەن هێزەکانی‌ دراوسێمان بە دوور دەزانرێت؟
ئەمریکا دەمانپارێزێت یان روسیا؟
لەبەر ئەم هۆیانە و ووردەکاری‌ دیکە، ئێمە لەگەڵ ئەم ریفراندۆمە نین، بەڵام تا سەر ئێسقان لەگەڵ سەربەخۆیین و بە سادەترین مافی‌ نەتەوەییمانی‌ دەزانین. سەربەخۆییەک کە شکۆ و کەرامەتی‌ ئینسانی‌ کورد بەرز رابگرێت.
بەڵام هەرگیز لەگەڵ ریفراندۆمێک نین بۆ دواخستنی‌ هەڵبژاردنی‌ تاکە دامەزراوەی‌ شەرعی‌ کوردستان (پەرلەمان)  بێت، کە پارتی‌ دایخستوە. لەگەڵ ریفراندۆمێک کە پارتی‌ باش دەزانێت ئەنجام نادرێت، بەڵام دەیەوێت سود لە کات وەربگرێت و بۆشایی‌ یاسایی‌ زیاتر دروست بکات.
دەبوو ئامادەبوانی‌ کۆبونەوەکەی‌ ٧ی‌ حوزەیران،  جەختیان لە سەر بەردەوامی‌ پرۆسەی‌ دیموکراتی‌ و هەڵبژاردن لە کاتی‌ خۆیدا، بکردبایە، هەڵبژاردنی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم کە چوار ساڵ بە سەریدا تێپەڕیووە و تۆسقاڵێک شەرعیەتی‌ نەماوە. نەک وەلاوەنانی‌ شەرعیەتێکی‌ هەبوو و رووخان و تێکدانی‌، له هه‌مان كاتدا ختوکەدانی‌ هەستی‌ برینداری‌ نەتەوەیی‌، لە پێناو بەرژوەرندی‌ حزبی‌ و کەسی‌ و بنەماڵەیی.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.