وتار
تەکلیفکردنی عادل عەبدولمەھدی بۆ ؟

د.به‌ختیارشاوه‌یس‌

پێکھێنانی کابینەی پێنجەمی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، دەرگای لەسەرکردنەوەی ئەو گرێ کۆنە ئاڵۆزکاوە کردەوە کە چەند مانگێکە بەھۆی کێشمەکێشی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان و ھەم بەھۆی ململانێی سیاسی نێوان لایەنە ناوخۆیەکان و دەستێوەردانە دەرەکیەکانەوە بەدۆخێکی چەقبەستوو گەشتبوو.

لەڕوانگەی ئەنسرۆپۆلۆژیەوە پێدەچێ دۆخەکە زیاتر گەشبینتر بێت، بەمانایەکی تر بەم تەکلیفکردنەھەربەتەنھا مەترسی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و تەجاوزی زیاتری دەستوورەکە ناڕەوێتەوە بەڵکو ئومێدی سەرکەوتنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی ڕێژەیش بێت بەدیدەکرێت کە ھۆکاری ئەم حاڵەتە وابەستەیە بەکەسایەتی عەبدولمەھدی خۆیەوە.

لەناوشانۆی سیاسی ئێستای عیراقیدا، دەگمەنن ماون ئەو کەسایەتیانەی کە ھەم لەسەرئاستی ناوخۆ و ھەم لەسەر ئاستی ئیقلیمی و دەرەکی بەوشێوەیە کۆدەنگی لەسەر بێت و بکرێتە کاپتنی ئەوکە شتیەی کە مەحکومە بەدەیان زریان و تۆفان و دەبێت بگەیەنرێتە کەناری ئارام و دەیان ملیۆن سەرنشین لە مەترسی خنکان بپارێزێت.

لەنێوان ھەردوو جەمسەری سائیرون و فەتح لەلایەک و ململانێی واشنتن و تاران لەلاکەی تر زەحمەت بوو کەسێکی میانڕەو و پەسەندخوازی وەک عادل عەبدول مەھدی بدۆزرێتەوە کە کۆکەرەوەی ئەو ھەموو دژبەیەکیانە بێت ئەمە جگەلەوەی کەلای کورد و سونەش بەوشێوازە گرنگە پێشوازی لێبکرێت

ھەبوونی ئەم روئیا ئیجابیە فراوانە بۆ کەسایەتی عەبدول مەھدی بوە ھۆی ئەوەی کە بەچەند خولەکێک لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ڕاستەوخۆ بەفەرمی داوای لێبکرێت لەماوەی سی رۆژدا کابینەکەی بێنێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و پەسەند بکرێت.

بەلەبەرچاوگرتنی حەقیقەتەکانی سەرەوە پێویستە ھێما بەوە بکەین کە ئەم تەکلیفکردنەی د.عادل عەبدولمەھدی دیاردەیەکی نوێ و نامۆیە و جیاوازە لەوانەی پێشتری خۆی بەوپێیەی کە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێرراوی ئایندە خاوەنی فراکسیۆنی پەرلەمانی نیە و تەنانەت خۆیشی بەشداری ھەڵبژاردنی نەکردوە، کەئەم خاڵە ئەگەر دیوە بەھێزەکەی عەبدولمەھدی بێت کەلەکاتێدا خاوەنی ھیچ ژمارەیەکی ناو پەرلەمان نیە ، بەڵام کەسایەتیەکەی کۆکەرەوەی ھەموو ناکۆکیەکانەو مەرجەعیەتی باڵاش پەسەندیکردوە. ھەروەک لەدیوە لاوازەکەیدا دەبێتە ھۆی ھەڵگەڕانەوەی پاڵپشتی پەرلەمان یان بەشێک لەپەرلەمانتاران بەتایبەتی کە بەپێێ زانیاریە سەرەتاییەکان سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێراو دەیەوێت لەدەرەوەی پەرلەمانتارانی سەرکەوتو پۆستی وەزارەتەکان پڕبکاتەوە.

ئاستەنگ و لەمپەری بەردەم عادل عەبدولمەھدی جۆرە پێدراوێکن کەنابێت خۆمانی لێبشارینەوە، کەبەکورتی تیشک دەخەینەسەریان;

١-کەڵەکەبوونی کێشە سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ئیقلیمیەکان، بەم شەقل و شێوزە:

یەکەم/ لەدیوە سیاسیەکەیدا دەبێت بڵێین کە ھاتنی عەبدولمەھدی بەشێوەیەک لەشێوەکان دەرەنجامی قوڵبونەوەی کێشە سیاسیەکانە و نەبونی تەوافوق و شێوازێکی ناچاریە

دووەم/ لەئاستی ئابووریدا ، داتەپینی ئاستی خزمەتگوزاری و دابین نەکردنی ھەلی کار و ڕاستتر خۆپیشاندانەکانی بەسرە و پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، کۆتاییان بەعەبادی پاڵەوانی شەڕی داعش ھێنا. کە ھەموو ئەم ھۆکارانە وەک بۆمبی چێنراو لەبەر پێی عادل عەبدولمەھدی دانراون

سێیەم/ لەڕووی ئەمنیەوە : پاشماوەکانی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان بونیان ماوە و ناوە ناوە کاری تێکدەرانە ئەنجام دەدەن.

چوارەم/ لەئاستی ئیقلیمی: سیاسەتە توندەکانی ترەمپ بەرامبەر تاران و تورکیا و تەواوی ناوچەکە و ھەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە دۆخێکی ناڕوونی لەناوچەکە دروستکردوە کەبە پلەی یەکەم لەعیراقدا دەرھاویشتنەکانی دەردەکەوێت و دواجار عەبدولمەھدی و ستافەکەی دەبێت ڕوبەرووی ببنەوە.

٢-بەپێی ئەزمونی ڕابردوو ، عادل عەبدولمەھدی لەنیوەی

ڕێگادا پۆستەکان جێدەھێڵێت و ئەمەیشی نەشاردوەتەوە

کەئەمەش حاڵەتێکی سروشتی یە لەکەسایەتیدا و ئاستەنگ دروست دەکات

ماوەتەوە بڵێم: ئەگەر بۆ لایەنەکانی دەرەوەی ئیجماعی کوردی ، عادل عەبدولمەھدی کەسایەتی قۆناغەکە بێت و فریادڕەس بێت ، ئەوا بۆ ئێمەی کورد تاکە دەرفەتە کەلەڕێگەیەوە کێشەکانمان لەگەڵ بەغداد بەرەو چارەسەرکردن ببەین و ڕەنگە دەرفەتی وا جارێکی تر نەگەڕێتەوە ، بەو پێیەی کە جگە لەنزیکی و دۆستایەتی لەگەڵ دۆزی کورد تەنانەت ماوەیەک لەشاخەکانی کوردستان پێشمەرگە بوە و لەیەکێک لەدانیشتنەکانی لەساڵی ١٩٧٦ مام جەلال پێی دەڵێت ڕۆژێک دێت من سەرۆک و تۆ جێگری سەرۆککۆماری عیراق دەبین.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.