وتار
با وریای بازرگانی چاوچنۆک بین جینۆسایدمان نەکەن

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ماوەیەکە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جۆرێک لە پشێوی وشڵەژانی پێوە دیارە ، بەتایبەت دوای ئەوەی بەبێ دیراسەیەکی وردو بڕیار دراوەکە ۲٥ی ئەیلول دیاری بکرێت وەک ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم .

تەنانەت ئەم پشێوێیە بۆتە ھۆکاری بەرزبونەوەی کاڵاو شمەک بەگشتی و خواردەمەنی بەتایبەتی لەنێو بازاڕەکانی ھەرێمدا ، لەم نێوەندەشدا کۆمەڵێک بازرگانی چاوچنۆک (لەگەڵ ڕێزو پێزانین بۆ بازرگانانی نیشتمان پەروەروخاوەن ویژدانی ڕاستەقینە ) ئەم پشێویەی بازاڕ دەقۆزنەوە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان وباری خراپی دارایی ھاوڵاتیان .

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی بۆبکەم بابەتێکی گرنگ وھەستیارە کەزۆر جار لەکاتی دروستبونی تەنگەژەو قەیرانەکاندا گرنگیەکەی لەبەرچاوناگیرێت و وەک پێویست لێی ناڕوانرێت ،ئەویش کوالێتی ئەو کاڵاو شمەکانەیە کە ھاوردەی ھەرێم دەکرێن ، کەبەداخەوە ھەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی بەتەواوی بەکاربەرین دەبێت بۆ ھەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەمان چاومان لە بەرھەمی وڵاتانی دەرەوەو دەستی بازرگانان بێت ھەر بۆنمونە تەنھا لەوڵاتی تورکیاوە لەساڵی ۲۰۱٤ دا بایی ۷ ملیۆن و۳٥۰ ھەزاردۆلار تەنھا سیروپیازو کاھۆ ھاوردە کراوە ،ئەمەجگەلەوەی بایی ۳۷ملیۆن دۆلاریش چەرەزات ھاوردەکراوە کەگەر تۆزقاڵێک پلان ھەبوایە نەدەبوو بەوشێوەیە بێت ، بۆیە پێویستە چاودێرییەکی وردی ئەو کاڵاو شمەکانەبکرێت کە دێنە ھەرێمەوە ، وەلەوەش گرنگتر ئەوەیە کەنابێت لەکاتێکدا کەبەلێشاو کاڵا وشمەک ھاوردە دەکرێت پشکنین و کۆنتڕۆڵی جۆری فەرامۆشبکرێت ، وەپێویستە پشکنینی ھەموو کاڵاکان بکرێتە خاڵی بەھێزی ھاوردەکردن و ھیچ شمەکێک نەبێت بەبێ پشکنین و تێپەڕبون بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ھاوردەو کۆگا بکرێت و ودواتر بخرێنە بازاڕەکانەوە .

بەداخەوە ھەندێ بەناوبازرگانی چاوچنۆک ھەمووکات بۆھەلێک دەگەڕێن و خۆیان لەبۆسە دادەنێن تاکو لە ھەردۆخێکی نەخوازراو کەبازاڕ شڵەژان بەخۆوە دەبینێت ، ڕاستەوخۆو بێ یەک ودوو تیرئاسا دەچنە دەرەوەی ھەرێم ولەماوەیەکی زۆر کورتدا بازاڕەکانمان سیخناخ دەکەن بەکاڵاو شمەکی کوالێتی نزم و بێ بەھای خۆراکی ، کەبەبڕوای من ھێنانی کاڵا وشمەکی کوالێتی نزم بۆ ھەرێم وساخکردنەوەی بەسەر ھاونیشتمانیاندا گەر جۆرێک نەبێت لەجینۆسایدکردن ئەوا ھیچی لەجینۆساید کەمتر نیەونابێت .

لەشوباتی ۲۰۱٥ وەک لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان سەردانێکی ھەفتەیمان بۆ وڵاتی تورکیا ئەنجامداوسەردانی چەندین کارگەی جیاوازو پەیمانگای مواسەفاتی تورکیامانکرد تاکو بزانین لەوێ چۆن کاڵاوشمک بەرھەم دێ و مافی بەکاربەر تاچەند پارێزراوە .

لەو سەردانەماندا بەبەردەوامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و خۆراکی سەر بەوەزارەتی ئابوری تورکیایاوەرمان بوو ، کاتێ ھەر خواردن یان خواردنەوەیەکمان بەکاردەھێنا ھەستم بەجیاوازی دەکرد لەتام وچێژدا بەبەراورد بەو کاڵایانەی ئەو وڵاتە لەھەرێمدا کەبەکارماندەھێنا ، ئیتر خۆم پێ نەگیراو کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسەکەی تەندروستی وخۆراک و لێم پرسی واھەست دەکەم ئەو خواردن وخواردنەوانەی لێرە بەکاری دەھێنین لەتام وچێژدا جیاوازە لەگەڵ ھەمان جۆر کەلەھەرێدا ھەیە ، سەرەتا حاشای لێدەکردو دەیگوت شتی وانیەو نابێت ، دواتر بەردەوام بوم لەسەر گفتوگۆکە بۆیە حەزی نەدەکرد زۆر لەسەر بابەەکە بڕۆم دەیزانی وازناھێنم کورت وپوخت ووتی ؛ ڕاستت دەوێت ھەندێ لەبازرگانەکانی ھەرێم خۆیان دێن وداوای کاڵاو شمەکی کوالێتی نزم دەکەن تاکو لەبازاڕەکانی ھەرێم زوو ساخی بکەنەوە بەنرخێکی ھەرزانتر ، زۆر ھەوڵیشمدا ژمارەی ئەو جۆرە بازرگانانە بزانم بەڵام پێی نەوم تا لەکۆناییدا ووتی ؛ئەو جۆرە بازرگانانە لە ۲۰٪ی بازرگانان پێکدەھێنن ، بۆیە یەکسەر لێدوانێکی ساڵی ۲۰۰٨ی نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستانم لە ئێران ھاتەوە بیرکە وتی ؛ ئێمە ناتوانین وڵاتان تۆمەتباربکەین کاتێ کاڵاو شمەکی کوالێتی خراپ ونزیک لەبەسەرچون دێتە ھەرێمی کوردستان چونکە ھەندێ بازرگان خۆی داوای ھەرزانترین کاڵاو شمەک دەکات تاھاوردەی بکات . 

بۆیە وێڕای ڕێزوپێزانینی زۆر بۆبازرگانە خۆنەویسەکانی کوردستان ،بەڵام پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بواری بازرگانی و ھاوردەو ناردنکاران زۆر بەئاگا بن و پێویستە نەھێڵن چەند بازرگانێکی تازەپێگەیشتوی چاوچنۆک بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بخەنە سەرو بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان ، چونکە خەڵکی لەئێستادا بەدەست قەیرانی جۆراوجۆرەوە ھێندە کۆڵەوارە کەچیدی نوانای بەرگەگرتنی قەیرانێکی تری نەماوەو شایانی ئەوەن کە باشترین کاڵاو شمەک وخواردن وخواردنەوەیان پێشکەشبکرێت نەک بەشمەک وکاڵای بێ کوالێتی ھێندەی تر دەردی گران بکەین .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
عەبدوڵای مەلا نوری
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: [email protected]
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.