وتار
بەرپرسانی باڵای ھەرێم ؛ سەربەخۆیی ئابوریتان باش !

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بەپێی دواین ئاماری فەرمی و لەسەر زاری بەرپرسانی بوارەکە لەئێستادا ڕێژەی ھەژاری لەھەرێمی کوردستاندا لەماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا ٤۰۰٪ زیادیکردوە ، بەشێوەیەک لەساڵی ۲۰۱۳ و سەرەتای ۲۰۱٤ ڕێژەکە تەنھا ۳٪ بووە بەڵام لەئێستادا واتا ۲۰۱۷ دا ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ۱٥٪.

ڕێژەی بێکاریش ۱۰۰٪ زیادیکردوە ، بەشێوەیەک لەساڵی ۲۰۱۳ دا ڕێژەکە لە ۷٪ تێنەپەڕیوە بەڵام لەئێستادا واتا ۲۰۱۷ ڕێژەکە بەرزبۆتەوە بۆ ۱٤٪ وزیاتریش.

بەرزبونەوەی ڕێژەکانی ھەژاری وبێکاری بەوشێوە بەرفراوانیە لەکاتێکدایە کە حکومەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان نەک نەیانتوانیوە پلانێکی تۆکمەو زانستیان ھەبێت بۆ چارەسەرکردن وبەرزنەبونەوەیان ،بەپێچەوانەشەوە خۆیان بەشێک بوون لەخوڵقاندنی کێشەوقەیرانەکان و قورسترکردنی باری سەرشانی ھاوڵاتیان و موچەخۆرانیش چونکە ئەوان وتیان گەر خۆمان ئابوری بەڕێوەببەین وسەربەخۆیی ئابوریمان ھەبێت ئەوا گەشەی ئابوری ودۆخی دارایی ھەرێم زۆرباشتر دەبێت ، وەک لەوەی ھەرچاومان لەدەستی حکومەتی ناوەند بێت .

لێرەوە دەرکەوت کەلەماوەی سێ ساڵی ڕابردووی بڕیاردانتان بۆسەربەخۆیی ئابوری لەھەرێمدا ،دانیشتوانی ئەم ھەرێمە چۆن ڕووبە ڕووی دەیان تەنگەژەو قەیران بونەتەوەو چەندە باری سەرشانیان قورسترکراون .

کاتێ لەساڵی ۲۰۱٤ دا سەرەتای قەیرانەکانی دارایی لەھەرێمدا دەرکەوتن ، ئەنجومەنی باڵای ھەرێمی بۆ نەوت وغاز بانگھێشتی پەرلەمانی کوردستانکران لە ۱۰ـ ۱۱ـ ۲۰۱٤ دا بۆ باسکردن لەھۆکاروسەرھەڵدانی قەیرانەکان .

ئەنجومەنەکە کەلەپێنج کەس پێکھاتبون کەسەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانە سروشتیەکان دوان لەوانبوون زۆر بەڕوونی و ڕاشکاوی پێیان وتین کە لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٥ وە لەھەرێمی کوردستان شتێک نامێنێ ناوی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران بێت ، بەڵام ساڵی ۲۰۱٥ ھات و نەک قەیرانی دارایی ماڵئاوایی نەکردو موچەش لەکات وساتی خۆیدا نەدرایە موچەخۆران ، بەپێچەوانەوە قەیرانی دارایی زۆر قورستربوو ، موچەی فەرمانبەرانیش نەک لەکاتی خۆیدا نەدرا بەڵکو موچەیانکردە چارەک ونیوە موچە و لەھاوین موچەی بەھارو لەزستانیش ھی پایزیان پێدەدرا ،ئەمە لەکاتێکدایە کەحکومەت لە۲ ـ ۳ ـ ۲۰۱٦ بڕیاری ژمارە ٦٤یان دەرکرد کەناویان لێنا سیستمی پاشەکەوتی موچە و بەوتەی خۆیان بەو سیستمە دەتوانن لەکاتی دیاریکراودا موچە بدەنە موچەخۆران ،و لەگەڵ گۆڕانکاری لەنرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھاندا مانگانە گۆڕانکاری لە سیستمی موچەکەدا دەکەن ، بەڵام بەم سیستمی بەناو پاشەکەوتەش کەداھێنانێکی دانسقەو دەگمەن بوو نەتوانرا موچە لەکاتی خۆیدا بدرێتە فەرمانبەران وھەمیشە دوو بۆ سێ مانگ دواکەوتوە ، ئەمە لەکاتێکدا نرخی نەوت لەبازاڕەکاندا ۱۰۰٪ بەرزبوەتەوە بەبەراورد بەکاتی دانانی ئەو سیستمە نوێیەی موچە .

بۆیە ھەقە لەبەرپرسانی باڵای ئەم ھەرێمە بپرسین کە ئایا زانیوتانە یان خۆتان گێل دەکەن لەوەی کە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەڕێژەی ۱۰۰٪ لەسەرەتای قەیرانەکەوە تائێستا ، نرخی بێکاریش ۱۰۰٪ بەرزبۆتەوە ؟

ئەی ئەوەش دەزانن کە لەگەڵ زیادکردنی نرخی کارەبا بەڕێژەی لە ٤۲۰٪ بۆ ٤٥۰٪ بۆناوچە بازرگانی وپیشەسازی ودام ودەزگا حکومیەکان ، کەچی ڕێژەی ھەژاریش بەڕێژەی ٤۰۰٪ بەرزبۆتەوە؟

ڕەنگە ئەو ڕاستیەش باش بزانن کە چەندە باج و ڕسوماتتان زیادکردوە دەیان ھێندەش ئەرکی سەر شانی ھاوڵاتیانتان قورسترکردوە.

بۆیە لەو ڕۆژەوەی کەبڕیاری سەربەخۆبوونی ئابوریتاندا لەجیاتی خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شاروشارۆچکەو گوندەکانی کوردستان ، ھاوڵاتیانتان خستەدۆخێکی نالەباری ژیان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیشتان بەتەواوی وەستاند.

بۆیە ھێندە بەسە کەبوترێت سەربەخۆیی ئابوریتان باش بەرپرسانی باڵای ئەو ھەرێمەی کەخاوەنی دنیایەک سامانی سروشتی وکانزایی وزەوی بەپیت وگرنگە کەچی ژیانی ھاوڵاتیەکانی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاڵۆزبون وخراپتر دەچێت .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.