وتار
ڕیفراندۆم سڕکرا ، مەرزی باشماخ کرایەوە ؛

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ماوەی (۱۰ )ڕۆژە ھەرسێ دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ، پەروێزخان ، حاجی ئۆمەران کەھاوسنوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانن بەفەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داخران وھیچ جموجوڵێکی بازرگانی لەو دەروازانەدا ئەنجام نەدراون .

لەو کاتەوەی باس وخواسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ھاتە ئاراوە بەشێوەیەکی بەرچاو جموجوڵی بازرگانی کەمیانکردبوو ، لێرەدا تەنھا سێ مانگی داھاتی باشماخ وەک نمونە باسدەکەین کە بڕوڕێژەی داھات لەو دەروازەیە چۆن بوە کەئەمە بۆ دەروازەکانی تریش ڕاستن .

ــ داھاتی باشماخ لەمانگی ئاب( ٨ )ی (۲۰۱۷ )، واتە پێش ئەنجامدانی بانگەشەی ڕیفراندۆم بریتی بوە لە( ۲٨ )ملیارد دیناری عێراقی .

ــ داھاتی باشماخ لەمانگی ئەیلول (۹)ی (۲۰۱۷ )کەلە (۲٥ ـ۹ـ ۲۰۱۷) ،کە پڕۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا بڕی داھات دابەزی بۆ (۲۱ )ملیارد دینار. 

ــ لەمانگی تشرینی یەکەم (۱۰ )ی( ۲۰۱۷ )کەئەمڕۆ( ۲٥) ڕۆژی تێپەڕیوەو مانگێکیش بەسەر ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا تێدەپەڕێت کەحکومەت داوای سڕکردنی کردوە ، (۱۰ ) ڕۆژە ئەو دەروازانە داخراوە ،بەڵام بڕی داھاتی باشماخ لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا کە۱٥ ڕۆژکراوەبوە کەمتربوە لە( ٦ )ملیارد دینار.

لێرەوە دەردەکەوێت کە چەندە جموجوڵی بازرگانی کەمیکردوەو چۆن کاریگەریکردۆتە سەر کەمبونەوەی داھات ،ئەمەجگە لە بێکارکردنی ھەزاران ھاوڵاتی لەو دەروازانەدا .

ئەمڕۆ باشماخ کرایەوە بەڵام نازانرێت ئایا کردنەوەی دەروازەکانی تری پەروێزخان وحاجی ئۆمەران کەھاوسنوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانن کەی دەکرێنەوە ، وەتائێستاش نازانرێت کە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەدەدات بە ھاوردەکردنی سوتەمەنی بۆ ھەرێم یان نا چونکە لەپێش داخستنیداو دوای ڕیفراندۆم ڕێگەی نەدەدا بەھاوردەکردنی سوتەمەنی بۆھەرێم .

وەپێویستە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین کەدەروازەی ئیبراھیم خلیل کە دەکەوێتە نێوان باکورو باشوری کوردستان ، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە سەرەڕای ھەڕەشە توندەکانی دانەخراو بەردەوام جموجوڵی بازرگانی ھەبوە لەو دەروازەیەداو ئەمەش تاڕادەیەک باڵانسی نێو بازاڕەکانی ھەرێمی ڕاگرتبوو لەھەڵاوسانی نرخ و گرانبونی کاڵاوشمەک وبەرزنەبونەوەی نرخەکانیان لەھەرێمدا ،ھەروەھا دانەخستنی دەروازە نافەرمی ولاوەکیکیەکانیش کەدەکەونە سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان وکۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی خۆیان بینی لەو ڕوەوە .

لەکۆتاییدا ھێندە بەسە بوترێت پشت بەستن بەوڵاتانی دەوروبەر بۆ ھەموو پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەمان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کەھەرێمی کوردستان ،ھەرێمێکی تەواو بەکاربەرین نەک بەرھەم ھێن ، وەبەپێی پێوەروستانداردە نێو دەوڵەتیەکان نابێت کاڵاوشمەکی ھاوردە بۆ ھەرھەرێم ووڵاتێک لە ( ۳۰٪ )تێپەڕ بکات ،بەڵام لەھەرێمی کوردستاندا نەک تێپەڕکردنی ئەو ڕێژەیە بەڵکو سێ ھێندەی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کاڵاو شمەک لەدەرەوە ھاوردە دەکەین .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.