وتار
بەم زوانەکەی عەبادی بۆ مووچە،لە لادانە کاتیەکەی خۆمان نەچێت

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

خەڵکی ھەرێمی کوردستان ھێندە کۆڵەواربوون بەدەست قەیرانە زۆروزەوەندەکانی دەسەڵاتی کوردی ھەرلەقەیرانی سیاسی ، یاسایی ، سەربازی ، کۆمەڵایەتی و لەسەروھەموشیانەوە قەیرانی دارایی وپێنەدانی موچە بەفەرمانبەران وموچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کەجگە لەلێکەوتە خراپەکانی ھاوڵاتیان وفەرمانبەرانی ئێجگار کۆڵەوارکردوەو بەتەواوی بڕسکی لێ بڕیوون .

ھاوڵاتیان بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی لەلایەن ئەم حکومەت ودەسەڵاتەوە ھێندە ستەم وزوڵمیان لێکراوەو ھێندە یاری بەھەست وسۆزیانکراوە خەریکە ئەو پەیوەندییەزۆرکەم و لاوازەی کەھێندەی تاڵە مویەکی ماوەلەنێوانیاندا ئەویش بەپساوی لەپچڕانی تەواوی نزیکدەبێتەوە .

حکومەتێک نەتوانێت لەبەرامبەر ئەو ھەموو ئەرکە زۆرو زەوەندەی کە کارمەندەکانی پێشکەشی دەکەن چارەکە مافێکیان بداتێ لەکاتی خۆیدا ئیتر دەبێت چ ڕایەڵەیەک مابێت بۆ پێکەوەبەستنیان . 

باشە حکومەت وبەرپرساکانی دەبێت چ ھەستێکیان ھەبێت کە فەرمانبەرەکانی خۆی بەھەواڵێکی بەمزوانەی ناردنی موچە لەلایەن حکومەتەکەی عەبادییەوە شاگەشکەدەبن و دەبێتە ھەواڵی نێو ھەموو کۆڕوکوبونەوە فەرمی ونافەرمیەکان لەفەرمانگەو ماڵ وتەنانەت کوچەو کۆڵان وگازینۆکانیش .

خەڵکی کوردسنان لەدوای بڕیاردانی سەربەخۆیی ئابوری لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کودسنانەوە لەچاوەڕوانی ژیانێکی گەلێک ئاسودەو خۆشگوزەران بوون ،چونکە بەرپرسانی ئەم ھەرێمە ھێندە داتاو ژمارەی زل وقەبەیان ڕۆژانە ڕیزدەکردو دەیاندا بەگوێی خەڵکیدا ھەموان لەمێشک وزیھنی خۆیاندا نەخشەو پلانیان بۆچەندین پڕۆژەی ھەمەچەشن داڕشتبوو ، بەڵام سەربەخۆیی ئابوری نەک خەڵکی خۆشبەخت ودڵشاد نەکرد بەڵکو بەپێچەوانەوە جگە لە سەرگەردانکردنی ھاوڵاتیان وموچەخۆان ، ھەرێم و خەڵکەکەیان خستە ژێر قەزێکی قەبەو درێژ خایەن و وێرانکردنی سەرخان وێرخانی ئەم مەملەکەتە بەتەواوەتی .

فەرمانبەران ھیچ ئومێدو ھیوایەکیان لەسەر ئەم حکومەتەی ئێستا ھەڵنەچنیوەو ئەوەشی پێی دەوترێت متمانە پێیان نەماوە ، چونکە حکومەتێک لەکاتی فرۆشتنی (٦۰۰) ھەزاربەرمیل نەوتی ڕۆژانەکەبە وتەی خۆیان گەر بەرمیلێکی بە ٤۰ دۆلاریش فرۆشرابێت ئەوا مانگانە دەکاتە ( ۷۲۰) ملیۆن دۆلارو سەدان وھەزاران تانکەرسوتەمەنی وداھاتی ناوخۆو زیادکردنی باج وڕسومات وتەعریفەی گومرگی بۆ چەندین ھێندە لەنرخی پێشوتری ، نەیدەتوانی چارەک ونیوە موچە لەکاتی خۆیدا بداتە فەرمانبەرو موچەخۆرەکانی خۆی ، دەبێت لەدوای ڕوداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر چ چاوەڕوانیەکیان لەم حکومەت ودەسەڵاتە ھەبێت کە لەمانگی تشرینی دووەمدا ببێت و ھێشتا چارەکە موچەی مانگی ئابی وەرنەگرتبێت .

حکومەتی ھەرێم خۆی باش دەناسێت کەچەندە موفلیس وبێ پلان وپڕۆژەیە ھەربۆیەو لەو ڕوانگەشەوە بە زوویی پێشوازی لەلێدوانەکەی عەبادیکرد بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران . 

ئەوەی پێویستە ولای فەرمانبەرو موچەخۆرانی کوردستان گرنگ وجێی بایەخە دابینکردنی موچەو بەرکەوتەکانیەتی ئیتر کێ دابینیدەکات وچۆن دەنێردرێت لای ئەو مەقسەد نیە .

بۆیە دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنرێت کە چەند شەرم وشورەییە سەر زەوی وژێر زەوی مەملەکەتەکەی خۆت پڕ پڕی بێت لەسامانی کانزایی وسروشتی ،بەڵام ھاوڵاتیەکانی ناوی بێ نان وئاو بن .

خوازیاریشم کە بەم نزیکانەکەی ناردنی موچەکەی عەبادیش وەک لادانە کاتیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەبێت کاتێک کە شەقامێکیان قیر یان نۆژەن دەکردەوەو لەتەنیشت شەقامەکەو لەسەر تابلۆیەک دەنوسرا ئاگادار بە لادانی کاتی ھەیە ، کەچی گەر ساڵ زیاتری پێنەچوایە ئەوا لانی کەم چوار بۆ شەش مانگی پێدەچوو .

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.