وتار
لەسەرخەوشەکانی ڕەشنوسی بودجە نابێت ھەر لۆمەی عێراق بکەین

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ساڵێک و دوو مانگ بەرلەئێستا و بەدەقیقتر بیڵێین لە (۲۱ ـ ۹ ـ ۲۰۱٦ )وە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی متمانەی لە وشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق سەندەوە، دواتر و بۆماوەیەک ئەو پۆستە بەوەکالەت لەلایەن وەزیرێکی کابینەکەی عەبادییەوە بەڕێوەدەبراو، پاش ماوەیەک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕاستەوخۆ حەیدەر عەبادی خۆی سەرپەرشتی وەزارەتەکە دەکات و بەڕێوەی دەبات، پارتی دیموکراتی کوردستان کەئەو پۆستە لەنێو کوردا پشکی ئەوە لەجیاتی ئەوەی بەخێرایی و زووبەزوو شوێنی وەزیرە متمانە لێسەندراوەکەی پڕبکاتەوە کەپۆستێکی گرنگ و سیادیشە کەچی جێگرەکەشی کە فازڵ نەبیە کشاندەوە و دواتر عەرەبێک لەشوێنی ئەویش دانراو دەستبەکاربوو، کەئەمەش دەرفەتێکی باشی دایە دەست ھێز و گروپە عێراقیەکان کە ھەرلە و ساتەوە خۆیان مەڵاس و سازوئامادە بکەن بۆ دانان و دەستکاریکردنی بودجەی عێراق بەگشتی و پشکی کورد بەتایبەتی بەوشێوازەی کەئێستا ھەیە .

بۆیە ڕەخنەگرتن بەتەنھا لەسەرانی عێراقی و عەرەبی بەس نیە لەسەر ڕەشنوسی بودجەی ساڵی ( ۲۰۱٨ ) کەپڕیەتی لەکەم و کورتی و کەلێنی گەورە بەتایبەت لەپشکی ھەرێمدا و بەتەواوی پێشێلکردنی دەستورو زوڵمی  گەورەی تێدا بەدیدەکرێت .
ئایا دەکرێت ھەموو ڕەخنە و سەرنجەکان ڕووبەڕووی سەران و بەرپرسانی عێراقی بکرێنەوە لەسەر ئەو غەدرە گەورەیەی کەلە و ڕەشنوسی بودجەیەی ( ۲۰۱٨) دا بەرامبەرکورد کراوە؟
یان ئەوەبەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی و بێباکی کورد خۆیی و لەنێو کوردیشدا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ( ۱٤) مانگە نەیتوانیوە یان نەیویستوە کەسێک دیاریبکات و بیکاتە شوێنگرەوەی وشیار زێباری وەزیری پێشوی متمانە لێوەرگیراو . 

بۆیە پێویستە پێش ھەر ڕەخنە و تۆمەتبارکردنێکی ھیچ لایەن و کەسێکی دیاریکراوی عەرەبی و عێراقی لۆمە و ڕەخنە ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کە بۆچی ھێشتویەتی ئەو ماوە دورو درێژە پۆستێکی گرنگی وا کە پشک وبەرکەوتەی کوردە بە بەتاڵی بھێڵێتەوە و شوێنگرەوەی بۆ دیارینەکردوە .
گەر بیانووی پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستە و دیارینەکردنی کاندید بۆی بەھانە و بیانویەکیان لەپێشتردا ئەوە بووبێت کەدەیانوت ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی لەمەودوا دەبنە دوو دراوسێی باشی یەکدی ئەوا بەڕێزگرتن و پابەندبونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەستوری عێراقی و یەک پارچەیی خاکی عێراق  لەلایەک و ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی (۲٥ ی ئەیلول )ی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە لەمڕۆدا واتا (۲۰-۱۱-۲۰۱۷) لەلایەکی دیکەوە ئەو بیانوەشی کۆتایی پێھێنا و ئەرزشیشی نەما .

گەر پێشتریش بڕیاربووە  پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لەعێراق بکات و بەنیازی کشانەوەی یەکجارەکی بووە، بۆیە ئەو پۆستەی پڕنەکردۆتەوە خۆلەدوای متمانە وەرگرتنەوە لەوشیار زێباری ھەوڵی وەرگرتنی چەندین پۆستی تریدا لەبەغداد، یاخود نزیکترین بڕیاریش کەدایان گەڕانەوەی فراکسیۆنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیانە لە عێراق کەگەورەترین فراکسیۆنی کوردییە بۆ بەشداریکردن لەدانیشتنەکانی ئەنجومەنەکە کە بەوتەی خۆیان گەڕاندنەوەکەیان لەپێناو بەدیھێنانی داوا و خواستەکانی کورد و بەدادگایگەیاندنی ھەموو ئەو ھێزە عێراقیانەیەکە لەدوای (۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) وە زوڵم و ستەمیان لەخاک و خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچەدابڕێنراوەکان بەتایبەتی کردووە یاخود ئەنجامیانداوە . 

بۆیە پێویستە پێش لۆمەکردنی ھەرحیزب و کەسێک لۆمەی ئەو حیزب و کەسانەی خۆمان واتا کورد و لەنێویشیاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت کە پشکی شێریان بەردەکەوێت لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەرمانکراوە بەتایبەت لەڕووی داراییەوە و بەتایبەتتریش لەو ڕەشنوسی بودجەیەی کە بۆساڵی (۲۰۱٨)ی عێراق ئامادەکراوە، کە دنیایەک بۆمبی چێنراوی تێدا دانراوە و، بەتەقینەوەشیان تەنھاو تەنھا ھاوڵاتیانی ھەرێی کوردستانی تێدا دەبێتە قۆچی قوربانی نەک بەرپرسانی بازرگانی تێرۆپڕ . 

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.