وتار
ھەموو ئاوی ھەرێم بەقوربانی قەترەیەک نەوت بێت

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەم ھەرێمەدا ھەموو بابەت وسێکتەرێک کراوەتە قوربانی سەرچاوەیەک کەتائەم ساتەش لەجیاتی بوونی بە نیعمەت وڕەحمەت بۆدانیشتوانەکەی کەچی زیاتر نەعلەت وزەحمەت بوە ، ئەویش سێکتەری سوتەمەنیە .

من ناڵێم نەوت وسوتەمەنی گرنگ نیە ، بەڵام خۆناکرێت سێکتەرەکانی تریش وەلابنرێن .

ئێمە لەلیژنەی کشتوکاڵ وئاژەڵداری وئاودێری وبەنداوەکان لەپەرلەمانی کوردستان بەھۆی پێزانینی زۆرمان بەگرنگی سەرچاوەیەکی وەک ئاو کەدەکرێت وەک سامانێکی نیشتمانی ھەژماربکرێت ، و پێویستبونی یاسایەک بۆپاراستن وباش بەڕێوەبردنی ئاو ،و ڕزگاربونی لەو پەرش وبڵاوی ودابەشکردنەی بەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی ھەرێمدا کەئەمە بۆخۆی زوڵم وستەمێکی زۆرە کەلەئاووسەرچاوەکانی وسێکتەرەکەش دەکرێت .

لە بەرواری ( ۱٦-۱۱-۲۰۱٤) پڕۆژەیاسای پاراستن وبەڕێوەبردنی ئاو کەکەلەبنەڕەتدا پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو نێردرابوە پەرلەمان ، بەواژۆی ھەر (۱۰)ئەندامەکەی لیژنەکەمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانکرد تاکو بخرێتە بەرنامەی کارەوەوبە زوویی لەپڕۆژە یاساوە بکرێتە یاسا چونکە لەھەرێمدا یاسایەکی تایبەتمەندمان نیە بەئاو .

لە ( ۱٦-۱۲-۲۰۱٤)وە واتا دوای تەنھا مانگێک خرایە بەرنامەی کارولەنێو ھۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراو ئاڕاستەی لیژنەپەیوەندیدارەکان کرا ، ئێمە لەلیژنەی کشتوکاڵ بۆئەوەی پڕۆژەیەکی گشتگیرو بێ کەم وکورتی دەربچێت لەگەڵ کەسانی شارەزای بوارەکە لەنێو دەمەزراوەکانی حکومەت ، زانکۆکانی کوردستان و چەندین ڕێکخراوی بواری ئاووژینگە کۆبوینەتەوە بۆپێداچونەوەو گۆڕانکاریکردن لەبڕگەو ماددەکانی پڕۆژەکە بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ دنیای سەردەم وڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەبوارەکە .

دواتر حکومەت قەیرانی دارایی کردە بەھانەو بیانویەکی حازربەدەست وبەفەرمی پەرلەمان ولیژنەکانی پەرلەمانی لەوەئاگادارکردەوە کەنابێت لەپەرلەماندا ھیچ پڕۆژە یاساو بڕیارێک دەربچوێنرێ ودەربکرێت کەپابەندبونی دارایی بۆحکومەت دروست بکات تاکو ڕای حکوومەتی لەسەر یاساوبڕیارەکە بۆوەرنەگیرێت .

کردنی پڕۆژەیەکی لەوچەشنەبەیاسا یەکێکە لەپێداویستیە گرنگ وھەنوکەییەکانی ئەمڕۆ چونکە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پلان وپیلانی ھەمەچەشنی بەردەوام ھەبوەو ھەیە ، وبەردەوامیش کاری بۆدەکرێت بۆیە گەر نەتوانین و بەزوویی فریانەکەوین ئەوا بەدوورنازانرێت عێراق کەئێمەش تائێستاش بەشێکین تێیدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە نەبێتەوە ، چونکە نە وڵاتی ئێران وەڵامی عێراق دەداتەوەلەسەرگرفتەکانی ئاوو نەئامادەشە دانوستانیش بکات لەوبارەیەوەلەگەڵیدا ، تورکیاش گەر ئامادەی دانوستان بێت لەگەڵ عێراق ئەوا ھیچ پابەندبونێکی نابێت بەو بڕیارانەی لەنێوانیاندادەدرێت لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان ،ڕونیشە ھۆکارەکەی بۆلاوازی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە لەئێستادا.

نمونەی زیندوش ئەوەیە کە لەکۆبونەوەی ( ۲٥ و ۲٦ ــ ۱۲ - ۲۰۱۷)ی نێوان وەفدی عێراق وتورکیا کەتایبەتبوو بەپڕکردنی بەنداوی ئەلی ـ سۆی تورکیا لەئاوی ڕوباری دیجلە ، تورکیا بڕیاریدابوو کە ( ۱-٤-۲۰۱۸) ئاودەکەنە بەنداوەکە بەڵام عێراقیەکان داوایانکردبوو کە با ( ۱-۱۰-۲۰۱۸)بێت ، کەچی بێگوێدانە ھیچ داواوخواستێکی عێراقیەکان حکومەتی تورکیا لە یەکی حوزەیرانی (۲۰۱۸) دەستیکرد بە ئاوکردنە بەنداوی ئەلی ــ سۆ ، و دواترودوای داواکارییەکی زۆری عێراق کەلەوکاتەدا دەستنەکرێت بەپڕکردنی بەنداوەکە بەئاو لەلایەن تورکیاوە ، تورکیاش تەنھا مانگێک کارەکەی ڕاگرت ولە یەکی تەمموزی (۲۰۱۸)دەستیانکردەوە بە کۆگاکردنی ئاو لەبەنداوەکە .

ئەمە لەکاتێکدایە کەعێراق سەرەتاکانی سەرھەڵدان ودروستبونی قەیرانێکی گەورەی ئاو ڕووی تێکردوە ، چونکە سەرەتای سەرھەڵدانی قەیرانەکە ئەوەیە کەلەئێستادا لەھەموو بەنداوکۆگاکانی کۆکردنەوەی ئاو لەعێراقدا تەنھا (۱۷)ملیارد مەترسێجا ئاویان تێدایە کەھێندە بەنداو شوێنی کۆگاکردنی ئاو لەعێراقدا ھەیە دەتوانرێت دەتوانرێت ( ۱۰۰) ملیارمەترسێجائاویان تێدا ھەڵبگیرێت ، لەوەش زیاتر بۆگەیشتنی قەیرانەبە ترۆپک و دروستبونەکەی لەئێستای عێراقدا ئەوەیە کە ( مھدی سەمەدقەیسی)بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە بەھۆی کەمبونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلەوە چاندنی ھەشت جۆربەروبووم لەعێراقدا قەدەغەدەکرێت لەوانەش ( برنج ، لۆکە ، توتن ، کەنمەشامی سپی وزەرد، ماش ، گوڵەبەڕۆژە و....ھتد...) بەجێبەجێکردنی بڕیارێکی لەوشێوەیەش دەتوانین بڵێن گورزێکی کوشندەوگورچکبڕ بەرئاسایشی خۆراک دەکەوێت لەعێراقدا .لەو عێراقەی کەلەساڵی (۱۹٥٦)دا قەبارەی گەنمی ھەناردەی بۆ وڵاتانی بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا سێ ملیۆن تۆن بوو .

تەنھا دووساڵ پێش ئێستا بۆچەند ڕۆژێک کون کرابوە ئەو بۆریەی کەنەوتی ھەرێمی لێوە ھەناردەی تورکیا دەکرا مەگەر ھەرخواوحکومەتی ھەرێم خۆیان بزانن چەند بەزوویی ھەموو ڕێوشوێنێک وڕێگایەکیان گرتەبەر تاکو توانیان لەماوەی سێ ڕۆژدا لەپێناوی بەردەوامی ھەناردەی نەوتدا چ ھەوڵ وتەقەللایەک درا تاچاکی بکەنەوەو دەستبکەنەوە بەھەناردەکردنی نەوتەکەیان بۆ تورکیا ، کەچی ساڵی ڕابردووئەمساڵیش چەندین جاربەئاشکراو بێ حسابکردن بۆھیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختەوپابەندبونێک بەڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەڕوباروئاوە ھاوبەشەکانی نێوان وڵاتان ، لەچەند شوێنێکی جوداوە لەلایەن ئێرانەوە ئەو ئاوانەی کەلەنێو ڕۆژھەڵاتەوە کەئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران حکومداری دەکات گیراونەتەوە ، و تورکیاش چەندین ساڵە بۆگلدانەوەی ئەوئاوانەی دەڕژێنەعێراقەوە بەنداوی گەورە گەورە بنیاد دەنێت کەچی نەمانبینی ئەم حکومەتی ھەرێمەو دەوڵەتمەدارەکانی ناوی بێن وخەمێک لەئاووپاراستنی ئاو بخۆن ، ئەوان تائێستاش ئاوی خۆماڵی ناخۆنەوەوئاوەکەش کەدەیخۆنەوە لەدەرەوە ھاوردەی دەکەن ئیتر چۆن خەم لەئاسایشی ئاو دەخۆن و چ کارێکیان بەئاوو سەرچاوەکانی ھەیە .

جارێکی ترو دوای دەرکەوتنی مەترسیەکانی سەرئاووسەرچاوەئاوییەکان دوبارە پڕۆژەکەمان ھێنایەوە پێش و وتمان بەڵکو حکومەت وبڕیاربەدەستانی دوای ھەوڵەکانی وڵاتانی تورکیاوئێران بەخۆداچونەوەیەکیان بەخۆیاندا کردبێت وکەمێک لەگرنگی ئاو تێگەیشتبێتن ، دوای ئەوەی لەگەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆبوینەوە تاکو ڕاپۆرتی ھاوبەش بۆپڕۆژە یاساکە بنوسین و بخرێتە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی دووەمی بۆبکرێت وبکرێتە یاسا ، بەباشزانرا ھەردوو لیژنەی کشتوکاڵ ویاسایی لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نوسراوێک بکرێت بۆ حکومەت بۆوەرگرتنی ڕایان لەسەر پڕۆژەکە تاکو بەدەردی ھەندێ یاساوبڕیار نەچێت کەلەپەرلەمانەوە دەرکراون وحکومەت جێبەجێی نەکردون .

نوسراوەکەی لیژنەی یاسایی وکشتوکاڵ وسەرچاوەئاوییەکان لە ( ٥-۱۱-۲۰۱۷) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کرا ، وسەرۆکایەتیش لە ( ۷-۱۱-۲۰۱۷)وە نوسراوی کردوە بۆ حکومەت بۆدەربڕینی ڕایان ، بەڵام وازیاتر لە ھەشت مانگە ئەم حکومەتی ھەرێمە کەدوری نێوان حکومەت وپەرلەمان پەنجا مەترێک دەبێت بە وشەیەکیش وەڵامی پەرلەمانی نەداوەتەوە ، و مێشێکیش میوانیان نیەوئاویان لەئەجێندای خۆیاندا سڕیوەتەوە .

ھەفتەی ڕابردوو دوای بێھیوابونمان لەوەڵامی حکومەت بۆپڕۆژەکە ، نوسراوێکی ترلەھەمان دوولیژنەولەڕێگەی پەرلەمانەوە کرا تاکو ڕۆژی چوارشەممە ( ٤-۷-۲۰۱۸) وەزیرەکانی کشتوکاڵ ، شارەوانی ، کواستنەوەوگەیاندن و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەرچاوەئاوییەکان لەوەزارەتەکانی کشتوکاڵ وشارەوانی و کەشناسی وبومەلەرزەزانی ھەرێم تاکو لەگەڵ لیژنەکانی یاسایی وکشتوکاڵ کۆببنەوە بۆدوابڕیاروڕای حکومەت لەسەرپڕۆژەیاسای ئاو .

بەڵام بەداخەوە بەبیانوی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ وەزیرێک لەکۆبونەوەکە ئامادەنەبوو ، بەڵکو بریکاری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی تر کەئاماژەیان بۆکراوە ھاتن ولەکۆبونەوەکە ئامادەبوون .

ئەمان جگەلەوەی خاوەن بڕیاری تەواونەبوون لەسەر پڕۆژەکە ، بەڵام ھەبون ودەرچواندنی پڕۆژەیەکی لەوشێوەیان بۆئەمڕۆو ئایندەی کوردستان بەگرنگزانی .

دواتر بڕیاردرا جارێکی تر ولەلایەن ھەردوولیژنەی پەرلەمانی تایبەتمەندەوە (یاسایی ، کشتوکاڵ ) لەڕێگەی پەرلەمانەوە نوسراوێکی ترئاڕاستەی حکومەت بکات و بەڕوون وڕاشکاوی تێیدا بوترێت کەپێویستە حکومەت دواین بۆچون وڕەزامەندی خۆیان بدەن لەسەر پڕۆژە یاسای ئاو .

بابزانین دوو ھەفتەی تر کەنابێت بگاتە مانگی ئابی (۲۰۱۸) حکومەت وبڕیاربەدەستەکانی چی دەڵێن بۆپڕۆژەیەکی گرنگ وپێویست بۆئێستای ھەرێم ، پڕۆژەیەک کەلەبنەڕەتەوە لەلایەن وەزارەتێکی پەیوەندیداری کابینەکەی خۆیەوە ئاڕاستەی پەرلەمان کراوە چەندین ساڵ پێش ئێستا . 

بابزانین ئەم حکومەتی ھەرێمە نەک ھێندەی بۆریەکی نەوت بەڵکو ھێندەی بۆریچکەیەکیش گرنگی بە ئاووسەرچاوەئاوییەکان دەدەن ، کەبەزێڕی شین پێناسەکراوە و ھەموو ئاماژەکانیش پێماندەڵێن کەشەڕی داھاتوو شەڕی ئاوە لەزۆرێک لەناوچەجیاجیاکانی دونیا .

ماوەتەوە تەنھا ئەوە بڵێین کەگەرگرفت وئاستەنگ بۆپڕۆژەیەکی گرنگی لەم شێوەیە دروستکرا بەھەربیانویەک ئەوا بەرپرسی یەکەم وکۆتایی لەنەبون ودەرنەچواندنی یاسای ئاو کەمەبەستی سەرەکی تێیدا پاراستنی ئاسایشی ئاوە تەنھاو تەنھا حکومەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانە و دەبێت ئەوان لەدواڕۆژدا بەرپرسیارێتی ھەموو تەنگەژەو قەیرانێک ھەڵبگرن کەڕوودەدات لەھەرێمی کوردستاندا ، چونکە نەوت وسوتەمەنی جێگرەوەیان زۆرە بەڵام ئەوەی جێگرەوەی نیەبە تەنھا ئاوەوھیچی تر.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.