وتار
مام جەلال ‌

د.عیزەدین مستەفا رەسول

دەبێ چ ناوونیشانێک لەوە سامناکتر‌و دەربڕتر بێ کە بڵێم «مام جەلال مرد....».

بێگومان مام جەلال ناوێکی گەورە بوو ‌و ھەر بە گەورەییش دەمێنێتەوە لە مێژووی کورد‌و عیراق‌و رۆژھەڵات‌و جیھانیشدا.

بۆ مەرگی مام جەلال- بێجگە لە گریانی بەکوڵ‌و ڕاستەقینە (کە پیاو کەم دەگرین) کۆمەڵێکی فراوان لە لێکدانەوەو یادگارم لایە،کە تەمەن‌و نەخۆشی ڕێگەم بدەن، کەرەسەی کتێبێکە.

کە باسی ئەوەم دەکرد کە لە ساڵی ١٩٤٧ەوە یەکتر دەناسین دەیفەرموو: من لە (١٩٥١)ەوەم لەبیرە. ھێناوەمەوە بیری کە ساڵی ١٩٤٧ لە ناوەندیی کۆیە بوو. سەری سلێمانیی دا. کۆمەڵێک قوتابیی ناوەندیی کۆکردەوە- کە من‌و خوالێخۆشبوو (جەمال شاڵی) یان لە نێواندا بووین. باسی کوردایەتی‌و دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ کردین. یادگاری ھەرە گەورەم- رۆژانەی (شام)ە کە ئەو ‌و شەھید عەبدورەحمان زەبیحی‌و من ژوورێکمان لە نزیک سەنتەری شامەوە بە کرێ یەکی ھەرزان گرتبوومان. ئەو سەردەمە لە دوو حیزبی جیاوازادا بووین. بەڵام ھەر دۆست‌و خۆشەویستی یەکتری بووین.

کە باسی ئەو ساڵانەی دەگێڕایەوە، دەیفەرموو: رۆژی پێنج شەڕمان دەکرد‌و من دەمووت: مام جەلال: بەڵام شەش جاریش ئاشت دەبووینەوە. خواردنمان پێکەوە، ماڵان گەڕان‌و ھاتنەوە ژوورەکەمان پێکەوە.

دوێنێ لە کۆچی دووایی ئەودا کە(سەرەخۆش)یم لە ئامۆزایەکی کرد. ووتی: من سەرەخۆشی لەتۆ دەکەم: چونکە راستە ئامۆزای من بوو.بەڵام دۆستی نزیکی تۆ بوو، ئەو یادگاریانەی تۆ لە گەڵیدا ھەتە من نیمە.

بێگومان – مەرگی کەس-(بەتایبەتی- یا کرمانجی ووتەنی –نەخاسم)کەس شادمان ناکات، بەڵام ئەوەی من شادمان دەکات کە مام جەلال لەکاتێکدا ماڵئاوایی لێکردین، کە کورد یەک بوون‌و ئەو بوو بوو بە ڕەمزێکی گەورەی ئەو یەکبوونەو ڕەمزێکی گەورەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی بەڵام زامی دڵ لەوەدایە کە فریا ناکەوت ئەرک‌و ئاواتی تەواو بکا.

لە دووا دیداردا- کە نەخۆشبوو- چوومە خزمەتی. قسەی پێ نەدەکرا، خواردنی وەک جاران پێ نەدەخورا، بەڵام بیرەوەری یا (زاکرە)ی وەک جاران بوو.

بە ئیشارەت لێی پرسیم: ئێستا چی دەنووسی. ووتم: کتێبێک لەبارەی (جەواھیری)یەوە-بەڵام شتێک ھەیە دەبێ پرست پێ بکەم.

کە جەواھیری قەسیدە ڕەنگینەکەی خۆیی(قلبی لکردستان): لە بەرلین خوێندەوە. جەنابت ھەستایت ستایشت کرد، بەڵام بە زۆرەملێ منیشیان ھەستان: قسەمکرد. جەواھیری ستایشی ھەردووکمانی کرد ئەوەی بۆ جەنابتی فەرموو زیاتر بوو یا ئەوەی بۆ من- ھەر بە ئیشارەت فەرمووی:

ئەوەی تۆ، بەڵام بینووسە، بینووسە. ئەوە بوو لە رۆژنامەیەکی عەرەبیدا نووسیم.

پێوەندیی لەگەڵ جەواھیریدا زۆر بوو. جەواھیری پارچەیەکی ھەیە (شوقا جلال کشوق العین للوسن) رەخنەشی تێدایە-بەڵام مام جەلال خۆی بڵاویکردەوە. کە پێم دەووت: تۆ لە من شارەزاتری شیعری جەواھیریت. دەیفەرموو: نەء، من زۆرترم لەبەرە، بەڵام تۆ شارەزاتری- ئەمەش ھەر لە تەوازوعکاری یەوە بوو. ئەگینا- ئەو شارەزاتر‌و لێزانتر بوو.

دەبوو بۆ مەرگی مام جەلال شتێک ھەر بنووسم. یا ئەم چەند دێرە- بەرکوڵ- ی کتێبێکی گەورە بێ. ئاخ خۆزگە دەمتوانی تەواوی بکەم- یا بڵێم: بینووسم.

مام جەلال لە پیاوە گەورەو نەمرەکانە.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
ڕیبوار طە مصطفی
د.عیزەدین مستەفا رەسول
فەرەیدون کونجرینی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
E-Mail: Info@snnc.co
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.