وتار
گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر !

كاروان یاروەیس

تارق عەزیز وەزیری پێشووتری عێراق لەرژێمی بەعس،  لەكاتی دانوستاندنی نێوان كورد‌و بەعس بە وەفدی‌ كوردی‌ ووتبوو "بۆتان هەیە، كە بەكەركوكدا تێپەرین  فرمێسكی‌ بۆ برێژن.  من سێ‌ ساڵ لەوەوپێش لەگەڵ ژنەكەم چوومە ئیسپانیا لەسەر ئەتلالی ‌ ئەندەلوس گریام، ئێوەش بۆتان هەیە لەسەر ئەتلالی‌ كەركوك بگرین‌و هیچی‌ تر. بۆیە تا ئێمە لەحوكم بین ناهێڵین باسی‌ كەركوك بكەن".

دیمەنی تێپەربوونی تانك‌و سەرباز‌و چەكداری جۆراوجۆری عێراق بەناو شەقامەكانی كەركوك‌و گردبونەوەی عەرەب‌و توركمانە شۆڤێنیەكان‌و ڕاوەشاندنی ئاڵاكانیان‌و سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان، هەموو كوردێكی  لەناخەوە ‌و گریان‌و تاساند. 

تا كەركوكمان بە برینداریی نەبینی، نەمانزانی ئەم شارە چەند خۆشەویستە، ئەوكاتیش بەباشی تێگەیشتین بۆچی شەهیدان حسێن مەنسورو شێركۆ و ئەو هەموو پێشمەرگەیە سنگ‌و سەری خۆیان نا بە گوللە و ئاگرەوە تا كەركوك نەكەوێ‌‌و بریندار نەبێت. 

دەوترێ‌ " كاتێك پیاوێك دەگری، ئەوە خەمێكی گەورەی لەپشتەوەیە "، گریانی پێشمەرگە (پاڵەوانی شەڕی تێكشكاندنی بەعس‌و سامی تیرۆریستانی داعش)، هەروا لەخۆرانیە. پێشمەرگە دەگری چونكە ڕانەهاتووە لەسەنگەردا شەهید نەبێت، ڕاشنەهاتووە بۆ كەركوك خوێنی خۆی نەرێژێ‌.

رووداوەكان هێندە خێراو ناروونن، كتومت ئەو وتەزایەمان بیردەخاتەوە، كە دەڵێ "لە سیاسەتدا پێشبینی روودانی ئەوە بكە، كە پێشبینی روودانی ناكرێ‌". بەتایبەت بۆ سەركردایەتی سیاسی كوردستان، كە ناتوانن دیوی دووەمی رووداوو هاوكێشە سیاسیەكان ببینن‌و دووربین نین لە هەڵسەنگاندنی دۆخەكە‌و بڕیاردان لە چارەنوس. 

ئەوەی روودەدات، بەتەنها كردە سەربازییەكان نیە، یان روونتر بریتی نیە لەشكستی سەربازی، بەڵكو كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك هۆكارو هەڵەی ستراتیژیە، كە كورد لەپرۆسەی ئازادی عێراقەوە تا ئەمڕۆ ئەنجامی دەدات. بەدیاریكراوی سەرەتا مەترسیدارەكان لە ناكۆكی كەسیی نێوان مەسعود بارزانی‌و نوری مالیكی لە هەناردەكردنی تاكلایانانەی نەوت‌و بڕینی (17%)ی پشكی كوردستان بەدەركەوت، تا ڕەتكردنەوەی نامەی دەستپێشخەریەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كاتێك دەقە وەرگێردراوە كوردیەكەیم بینی دوو ڕۆژ بەخەمی لەدەستدانی ئەو هەلە دەتلامەوە.

دووركەوتنەوەی مام جەلال بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە، هێندەی تر دۆخەكەی بەرەو لێوارێكی مەترسیدار برد، كە ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەشدا جێهێشت. ئەگەر مام جەلال لەبەغدا نەبوایە و هەموو بڕیارەكان لای بارزانی بوایە، بەدڵنیاییەوە زووتر‌و بەشێوەیەكی مەترسیدارترو خوێناوی تر ئەم رووداوانەی ئێستا دەقەومان. 

ئەوەی دەگوزەرێ‌ شەڕی ساغكردنەوەی ناسنامەی كەركوك‌و خانەقین‌و ناوچە كوردستانیەكانە، بەداخەوە كورد پاشەكشەی زۆری كردو گەڕایەوە خاڵی سفر. بەهۆی هەڵە‌و كورتبینی سیاسی‌و سەربازییەوە خوێنی شەهیدان‌و ئێشكگری چەند ساڵەی پێشمەرگە بەدیاری كەركوك‌و ڕەنجی فەرهاد ئاسای مام جەلال بۆ گەڕاندنەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێم‌و چەسپاندنی پێكەوەژیان‌و ئاوەدانكردنەوە بە با دا.

بەڵام كورد ووتەنی " زەرەر لەنیوە بگەرێتەوە قەزانجە"، كە كورد‌و كەركوك كەوتبێتە كارەساتەوە، هیچ كەس‌و لایەنێك لەم شەڕەدا براوەنیە، هەمووان دۆراون، ئەوەشی لەمیدیاكان‌و بەیاننامەكانەوە هەیە، جگە لەموزایەەی سیاسی بۆ لادانی بەرپرسیارێتی هەڵەكانە لەسەر شانیان هیچی تر نیە. 

دەبێ‌ (16ی ئۆكتۆبەر) بكرێتە وێستگەیەك بۆ پێداچوونەوە بە: 

-پرۆسەی سیاسی‌و سیستمی حوكمڕانی لەباشوری كوردستان شكستی هێناوە، سەرەنجام سەری كەركوك‌و ناوچە كوردستانیەكانیشی خوارد، بۆیە پێویستی بە گۆڕانكاری ڕیشەیی لەكاراكتەرەكان‌و ئەو شێوازی  بڕیاردان‌و سیاسەتكردنەی هەیە.

-كۆتایی هێنان بە هەژموونگەرایی‌و تاكڕەوی‌و ناهاوسەنگی سیاسی‌و حزبیی لەكوردستان.

-تۆكمەكردنی دیموكراسی‌و دامودەزگا نیشتمانیەكان‌و دەزگای دادوەری‌و نەزاهە.

-كورد لەبەغدا خۆی رێكبخاتەوەو كاراكتەرەكان بگۆڕێت بە كەسانی بەهێز، بێسەروبەرەیی نەمێنێ‌‌و كورد بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ناوەند ستراتیژێكی یەكگرتووی هەبێت.

-ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە و هێزەكانی تری كوردستان، قەلاچۆكردنی بندیوار، پلەی سەربازی ناڕەوا، گەندەڵی‌و كەمتەرخەمیی، كاراكردنی سزای سەربازی‌و دادگای سەربازی.

-داڕشتنی كارنامەو ستراتیژێكی یەكگرتوو بۆ كەركوك‌و ناوچە كوردستانیەكان، بۆ تۆكمەكردنی پێكەوەژیان‌و مامەڵەكردن بەژیری‌و چارەسەری واقیعی بۆ كێشەكان. بنەبڕكردنی دیاردەی تاڵانكردنی نەوت‌و قاچاخچێتی‌و هەڵسوكەوتی تاكلایانانەی هەندێك بەرامبەر بە پێكهاتەكانی تر. 

ئەوانەی سەرەوە بۆ سارێژكردنی زامی كەركوك‌و خانەقین‌و دووزخورماتوو، ڕەنگە هەندێك رێوشوێنی سادە بن، بەڵام چارەسەركردنی كێشەكان‌و نەهێشتنی ئەنجام‌و كاریگەرییەكانی، كاتی زۆر‌و هەنگاوی زۆرترو حەكیمانەتری دەوێ‌، بەدڵنیاییەوە دۆخی ناوخۆی یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكی لەكوردستان‌و كەركوك كاریگەری دەبێت، وەكچۆن كاریگەری هەبوو.


Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.