وتار
گرنگیەکانی دانوستان

چرۆ شەهاب

دانوستان ھونەری ڕازیکردنەو(یەکێکە لەو چالاکیانەی کە ئامانج لێی گەیشتنە بە وەدەست ھێنانی بەرژەوندی دوولایەن لەسەر ئاستی تاک و گروپ و شاندەکان،کە تیایدا خاڵێکی ھاوبەش پێکەوەیان دەبەستێت، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکە ھەردوو لا ڕازی بکات)

لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەوە لە دانوستاندنەکانی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی،نزیکیەک ھەیە،کەشاند ھەبووە لەدانیشتنەکان،ھەروەھا بەرژەوەندی دوو لایەنە ئامادەگی ھەیە و بەرژوەندیەکانی کوردستان وعیراقیشی لەخۆگرتووە،بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە کە نەیانتوانیوە لە دانوستاندنەکاندا بە دەرەنجامی ڕازیبونی ھەردوو لایەنەکەوە دەرچەیەکی تەندروست دەستەبەربکەن.

لەڕووی جۆرەکانی دانوستان دەتوانین بەپێی پێوەرە زانستیەکان وە گونجاندنیان لەگەڵ واقعی حاڵی ئەمڕۆدا لەم چەند خاڵەدا ڕوون بکەینەوە:

یەکەم: دانوستان بەمەبەستی کۆتایی ھێنانی خێرایە، کە لێرەدا دانوستاندکاران لەسەر کێشەیەکی کتوپڕ دانوستانی خێراو کۆتایی ئەنجام دەدەن واتە دانوستانەکە کۆتایی بە گرفت وکێشەکە دەھێنێت.

دووەم: دانوستان بە ئامانجی ھێورکردنەوەی دۆخەکە، لەم جۆرەیاندا کاتێک دۆخێکی دێتە پێش بە شێوازێکی خێرا ھەوڵی ھێورکردنەوە دەدرێت بەمەبەستی ئەوەی لێکەوتەی خراپ بەدوای خۆیدا نەھێنێت، ئەم جۆرە لە دانوستان دەتوانین زیندوترین نمونەی ھاوتای بۆ بھێنینەوە کە دانوستانەکانی چەند ڕۆژی بەر لە ریفراندەم بوو، کە لێرەدا دەتوانین بەپێی دەرەنجامەکان دەریبخەین کە شاندی دانوستاکار نەیان توانیوە سەرکەوتن بەدەست بھێن ،ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە لیژنەی باڵای ئەم پرسە بەر لە دانوستاندنەکان بڕیاری کۆتاییان دابوو و تەنانەت لە بانگەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ڕیفراندەمدا بوون، ئەمەش بێ ئومێدی لەلایەن دانوستکانکارانی بەرامبەرەوە دروست کردبوو،ھەربۆیە دانوستاندنەکان لە شکستدا بوون.

سێیەم: دانوستان بە ئامانجی ڕاکێشانی لایەنی بەرامبەر بۆ لای خۆت، ئەم جۆرە لە دانوستان بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات لایەنی بەرامبەر بەشێوازێک ڕازی بکات و بەلای خۆیدا ڕایبکێشێت کە ئامانجە گەورەکەی خۆی لێ بەدەست بھێنێت.

چوارەم: دانوستان بە ئامانجی ڕاکێشانی ھەموان بەلای خۆتدا، لێرەدا نزیکترین نموونە دانوستانی نێوان پارتە سیاسیەکانە، بەردەوام پارتێک لە ڕێگەی دانوستانەکانەوە لەھەوڵی ڕازیکردنی ئەوانی دیکەدایە کە بیانخاتە ژێر ڕکیف و بڕیارە چارەنوس سازەکانەوە.

ئەمانە چەند جۆرێک بون لە دانوستان کە بێگومان کات و شوێن و جۆری کێشەکانیش چەندین شێوازی جیاواز لە جۆرەکانی دانوستان دەخولقێنێت.

لەکۆی دانوستانەکاندا چەند ئامانجێک ھەیە کە لایەنی دانوستانکار دەیەوێت بەدی بھێنێت،لەوانە: گۆڕینی ڕای بەرامبەری لایەنەکانی کە،لەگەڵ ئەوەشدا راکێشان و پاڵپشتی لایەنی بەرامبەر بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی خۆی و پاشان پاڵنانی بەرامبەر بۆ کاردانەوەیەکی نەگونجاو بەپێی پلانێکی پێش وەختە،کە ئەم جۆرە ئامانجە بەتایبەتی لەنێوان پارتە سیاسیەکاندا بەدی دەکرێت و بە گشتیش لەنێوان وڵاتە زلھێزکان بونی ھەیە.

لە ڕوانگە زانستیەکانەوە دەرکەوتوە کە دواجار دانوستان لەپێناو دیاریکردنی خاڵی ھاوبەش و  ناکۆک  ئەنجام دەدرێت،جگە لەمەش دیاریکردنی ئەو خاڵە جەوھەریەی کە لەسەر ناکۆکن و بە ھیچ شێوەیەک سازشی لێ ناکرێت بەتایبەت لەو ساتە وەختەدا کە دانوستان ئەنجام دەدرێت، ئەم خاڵەشمان بەدیکرد لە دانوستانەکانی تایبەت بە ڕیفراندەم کە سازش نەکردن بوو لەبەرامبەریدا، بێگومان ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە دەرئەنجامی خراپی لێکەوتەوە و بارودۆخەکەشی بەئاراستەیەکی نەخوازراوی توندا برد.

ھەرکاتێک لە دانوستاندنەکاندا زەمینە سازی تەواو نەکرابێت ئەوکاتە دانوستانەکان سەرکەوتنی بەدەست نەھێناوە، بیرمان نەچێت کەسایەتی کەس و شاندی دانوستانکار گرنگی گەورەی ھەیە لە بەدەست ھێنانی ئەنجامی بەھێز و تەندروست و پێویست.

قبوڵکردنی لایەنی دژ لە دانوستانەکان،  یەکێکە لە ئەرک و کارە سەرەکیەکانی لایەنی بەرامبەر بەوەی کە ڕەوامەند بن بەو پرۆسەیەو لەسەر مێزی گفتو گۆ کۆببنەوە.

لە ئامادەکاریەکانی دانوستان پێویستەڕەچاوی ئەمانە بکرێت:

یەکەم: دیاریکردنی ئەندامانی شاندی دانوستان و پێدانی ئەو سەلاحیەتانەی کە تاوەکو کوێ دەتوانن ڕێککەوتن بکەن،بێگومان ئەمەش بە زارەکی نابێت و پێویستە بە نوسراوبێت.

دووەم: دانانی ستراتیژیەتی دانوستان و دیاریکردنی سیاسەتی دانوستانەکان بۆ ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکان.

سێیەم: ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی کاری دانوستان لەلایەن شاندەکەوە.

چوارەم: دیاریکردنی کات و شوێنی دانوستان بە ڕێککەوتنی ھەردوولا و دابین کردنی کار ئاسانیەکان بۆی.

پرسیارە جەوھەریەکە ئەوەیە ئایا شاندی دانوستانەکانی کوردستان لەسەر چ پێوەر و بنەمایەکی زانستی دانوستان دەکەن؟ 

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
كاروان یاروەیس
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.