وتار
بە ئیزنی چاودێرانی سیاسی

چرۆ شەهاب

چاودێری سیاسی لە بونی کۆی دۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان ھێندە زۆر بووە گوێگر و بینەر نازانێت بە بۆچون و شیکارەکانی کامیان بڵێت ئامین، بواری کاری چاودێر یاخود شیکەرەوەی سیاسی ھێندە قورسە کە ھەموو کەسێک یاخود ھەموو سیاسیەک ناتوانێت ببێتە چاودێر وشیکەرەوەی سیاسی، چونکە ئەم بوارە بە کۆمەڵێک بنەمای زانستیدا دەڕوات کە زۆرتر کەسانی ئەکادیمی لە زانستە سیاسیەکان و زانستی میدیایدا دەشێت ھەڵگری ئەم کارە بن، ھەرچەندە لە ئەمڕۆی دونیادا کاری چاودێر بە (کاری بێکارەکان) ناوزەند دەکرێت، ئەمەش بەپێی زۆرێک لە بۆچونی شارەزایانی بوارەکە وای دەردەخەن کە زۆرێک لەوانەی خۆیان بەچاودێری سیاسی یاخود شیکەرەوەی سیاسی ناودەبەن تەنھا کاریان کۆکردنەوەی زانیاریە لە ڕێگەی میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە و خۆیان دێن شیکاری بۆ دەکەن.

ئەگەر بمانەوێت لە ڕووی زانستیەوە پێناسی ئەم زانستە بکەین وەک لە سەرچاوە زانستیەکان ئاماژەی پێدەدەن، دەڵێن شیکەرەوەی سیاسی( تێگەیشتنێکی وورد و قوڵە و ھەستکردنە بە پاڵنەری ڕووداوە سیاسیەکان.). بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بوارە شیکار‌ی سیاسی کە چاودێرانی سیاسی پشتی پێدەبەستن خۆی لە دوو تەوەر دەبینێتەوە ئەوانیش:

یەکەم: تێگەیشتنی ووردی ڕووداوەکان و ئاڕاستەکانیەتی، کە ئەمەش وەڵامی پرسیارە سەرەکیەکە دەداتەوە کە دەڵێت چی ڕوویدا؟ چونکە لە ڕووداوە سیاسیەکاندا ناکرێت پشت بە زانیاریە ڕواڵەتیەکان ببەستین، چونکە ڕواڵەت شتێک دەڵێت و ناواخنیش شتێکی کەیە، کەئەمەش ئەمڕۆ بەداخەوە لەلای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لە کوردستان پەیڕەو دەکرێت.

دووەم: ھەستکردن بەو ھۆکارەکانەی بونەتە پاڵنەری ئەو ڕووداوە کە ئەمەش دووبارە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کەدەڵێت بۆچی ڕوویدا؟ لە بەدوادا چونی وردم بۆ ئەم بابەتە دەردەکەوێت کە چەندین خوێندنگەی دیار و تایبەت بە بواری شیکەرەوەی سیاسی ھەیە لەوانە خوێندنگەکانی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی و واقیعی، کە بێگومان ھەریەکێکیان بیانوی خۆیان ھەیە لەسەر شیکاریە سیاسیەکان.

لە ئەنجامدانی کاری شیکاریەکان بێگومان پێویستە درک بە ژینگەی سیاسی بکرێت لە ڕەھەندە ناوخۆیی و دەرەکیەکان کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی سیاسی دەبێت . بەپێی زانستەکانی بواری شیکاری سێ جۆر پێوەر ھەیە کە دەبێت لە شیکاریەکاندا پشتی پێ ببەسترێت:

پێوەری یەکەم:

پێویستە ئەزمونی چاودێر و شیکەرەوە سیاسییەکان لەسەر بنەمای ئەزمون و فەرەزیاتەکان بێت و شیکار و چاودێریەکانی لەسەر دیاردەیەکی دیاری کراوو و چوارچێوەیەکی دیاربێت و کارکردنی لەو بوارەدا کەمتر نەبێت لە دەساڵ، بۆئەوەی بتوانێت شیکاری مەنتیقی و تەندروست بۆ بابەتە سیاسیەکان بکات.

پێوەری دووەم:

پسپۆڕان و چاودێرو ئەوانەی شیکاری دەکەن دەبێت لە بوارێکی دیاریکراودا پسپۆڕ بێت و دەتوانێت لە گەڵ بوارە پەیوەندی دارەکانی پسپۆڕیەکەی شیکاری خۆی بکات،نەوەک ئەوەی لە ھەموو بوارێک قسەبکات،چونکە لەم حاڵەتەدا تواناو متمانەی شیکاریەکانی لەدەست دەدات .

پێوەری سێھەم:

ئەم پێوەرە زۆر گرنگە چونکە خۆی لە لێھاتووی توانای چاودێر و شیکەرەوە سیاسیەکاندا دەبینێتەوە، چونکە چاودێری سیاسی پێویستە بەپێی زانستی میتۆدی شیکاری سیاسی کاربکات نەک ئەوەی لە میدیاکانەوە وەری دەگرێت باسی بکات و شیکاری بۆبکات. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە پلەبەندی کاری شیکەرەوەی سیاسی لە توێژینەوە دەست پێدەکات و پاشان شیکار و پاشتر پسپۆڕ ولە کۆتایشدا دەبێتە شارەزا.

بەداخەوە وەک شارەزایانی ئەم بوارە ئاماژەی پێدەکەن دەڵێن کە شیکەرەوەی سیاسی ئەوەیە کە( کەسێکە کە پێت دەڵێت سبەی چی ڕوودەدات، و لەڕۆژی دواتر پێت دەڵێت بۆچی ڕووی نەدا و دەڵێت سبەی ڕودەدات). کەواتە پێویستە بپرسین ئایا شیکار و چاودێری سیاسی دەتوانێت زانیاری بگەیەنێت؟

کەواتە پرسی چاودێری سیاسیش وەک ئەدای سیاسیەکان دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە،کە کێ بەڕاستی چاودێری سیاسیە؟ 

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.