وتار
رۆژنامەی کاغەز لە مەرگ نزیک بۆتەوە؟

چرۆ شەهاب

ڕۆژنامەی کاغەز، ئەو ڕۆژنامەیەی بە کاغەز دەردەچێت، خوێنەر کاتێک بە دەستیەوە دەگرێت ھەستێکی تایبەتی لا دروست دەبێت، زۆر جار خوێنەری ھەر بابەتێک پەنای دەبردە بەر بڕینی ئەو وێنە و بابەتانەی کە بە پێویستی دەزانی و لای خۆی ئەلبومێکی زانیاری لێ دروست دەکرد، بەڵێ ئەو پارچە کاغەزە بە ھەر قەبارەو ڕەنگێک بوایە لەنێو دۆڵاب و کتێبخانەکانماندا سوچێکی بۆ خۆی گرتبوو، تەنانەت نوسەری بابەتەکان لەو پارچە کاغەزە ئەرشیفێکی دەوڵەمەندیان بۆ بابەتەکانی خۆیان دروست کردبوو، ئەمانە ھەمووی بەشێک لە سەرگوزشتەی کاغەزێکن کە بە چنینی پیتەکان و تیکھەڵکێشی لەگەڵ وێنە و کاریکاتێرەکان پەڕەکانیان نەخشاندبوو.

ئەو نەخشاندن و چنینانەش بە ئاسانی بە دەست نەھاتوون بێگومان ستافێکی بەھێز لەپشت دەرچواندنی ڕۆژنامەکەوە بوون،ستافێک بابەتیان نوسیوە و بەدواداچونیان کردوەو وتارو سەروتار و ڕیپۆرتاژ و ڕاپۆرت و ڕاپۆرتە ھەواڵ و چەندین بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداوە و لەولاشەوە چاوە بەتواناکان بەدوای ھەڵەبڕی بابەتەکاندا دەگەڕان و کاری ھەڵەبڕیان لەکۆی بابەت و ژانرە ڕۆژنامەوانیەکان دەکرد، پاشان وێنەگری ڕۆژنامەکە بەھۆی ئامادەبونی لە کۆی ئەو شوێنانەی پێویست دەکات وێنەیەک بچرکێنێت چرکاندویەتی و بەوێنەکانی بابەتەکانی بەھێزتر کردووە، ھەموو ئەمانەش بە دەست و پەنجەی دیزاینەرەکانەوە لەسەر شاشەی کۆمبیوتەرەکان دیزاینەکەیان نەخشاندووە، لەولاشەوە دەستەی نوسەران و سەرنوسەر و بەرپرسی لاپەڕەکان شەونوخونیان دەکرد تا بە باشترین و جوانترین و سەرنج ڕاکێشترین بابەتەوە ڕۆژنامەکەیان سپێدە باش لە خوێنەرەکانیان بکات. بەڵێ ھەموو ئەمانە بە کەسێک و دوو کەس و سێ کەس بەڕێوە نەچووە،ئەمە سوپایەک لە کەسانی پسپۆڕ و بەرپرسیارانە ئۆپەراسیۆنی دەرچواندنی کاغەزەکەیان دەکرد ئەرکێکی قورس و گەورە و بەرپرسیارێتیەکی لەڕادەبەدەر و وورد بوو.

ئێستاو لە داھاتودا ڕۆژنامەی کاغەز لەبەردەم ھەڕەشەیەکی ڕاستەقینەدایە،ھەڕەشەی ئیمپراتۆرێک کە قەیێەرێکی نوێ بۆ خەلافەتی خۆی دیاری دەکات، ئەو خەلافەتەش قەیێەری میدیای نوێیە.

لەنێو ئەم جۆرە میدیایەشدا بڵاوکراوەی ئەلەکترونی دێت، ئەم جۆرە بڵاوکراوەیە خۆی لە دوو شێوازدا دەبینێتەوە ئەوانیش:

یەکەم: ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی،لێرەدا ناوی ڕۆژنامە کاغەزیەکە لەخۆی دەگرێت کە بە ڕۆژنامەی دایک ناوزەند دەکرێت، لە باشیەکانی ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی ئەوەیە کە ھەمان خزمەتگوزاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی لە کۆی ژانرەکانی ڕۆژنامە کاغەزییەکە دەخاتە بەردەم خوێنەر، ھەروەھا دەتوانێت خزمەتگوزاری گەڕان بەنێو وێب سایتەکە بەردەست بخات، لەگەڵ ئەمانەشدا دەتوانێت خزمەتگوزاری مەڵتی میدیای دەق و دەنگ و وێنە بە خوێنەری ببەخشێت.

دووەم: چاپی ئەلەکترۆنی ڕۆژنامەی کاغەز: کە خۆی لە بنەڕەتدا ڕۆژنامەی کاغەزە و بە ھەمان شێوازی کاغەزەکەی لەڕێگەی وێب سایتێک بەھۆی ئینتەرنێتەوە بڵاو دەبێتەوە، مێژوی ئەم جۆرە بڵاوکراوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەیەکی سویدی کەلەساڵی ١٩٩٠ بەشێوازی ئەلەکترۆنی بڵاوبویەوە .

لە گرنگیەکانی ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی ئەوەیە کە دەتوانێت زۆر بەخێرایی و بە تێچویەکی کەم زانیاریەکان بگوازێتەوە و بۆ کۆمەڵگەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا خێرایی دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوە و وەرگرتنی فیدباگ و گفتوگۆکردن لە نێوان نوسەر و خوێنەر و دەزگاکە، جگەلەمانەش زۆر بەئاسانی ھەموارکردن و نوێکردنەوە لە بابەتەکانی دەکرێت، بیرمان نەچێت کە ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی لە ھەموو کاتێکدا لە ھەر جێگەیەک بێت بەردەستە و سنوری جوگرافی نییە،لە گرنگترین گرنگیەکانی ئەم جۆرە ڕۆژنامەیە ئەوەیە کە پێویستی بە جێگایەکی دیاری کراو نییە بۆ کۆکردنەوەی ئەو کارمەندانەی کاری تێدادەکەن، جگە لەمانەی باسمانکرد زۆر گرنگی کەی ھەیە کە لە وتارێکدا ناتوانرێت ھەموی بەردەست بخەین.

لەگەڵ گرنگی ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی بێگومان لە ئاستەنگ و گرف بێبەش نییە، لە دیارترین ئاستەنگەکانی دروست بونی ئاستەنگی فەند یاخود پشتیوانی مادییە، ھەروەھا ناتوانرێت داھاتی دارای بۆخۆی وەک پێویست لەڕێگەی کۆمپانیاکانی ڕیکلامەوە بەدەست بھێنێت، بێجگە لەمانەش بە ئاسانی دەتوانرێت دابخرێن و لەڕێگەی ھاککارەکانیشەوە ھاک بکرێن و دوچاری کێشەی یاساییان بکات، کۆتا ئاستەنگیش کە بێگومان کۆتایی تەواوی ئاستەنگەکان نیە ئەویش بونی ململانی و ڕکابەری لەگەڵ ھاوشێوەکانی.

لەکۆتایدا بە پێویستی دەزانم وەک چۆن لە ڕووی زانستیەوە باسکراوە ، خراپیەکانی ڕۆژنامەی ئەلەکترۆیش باس بکەم، لە دیارترین خراپیەکانی ئەوەیە کە ناچێتە ژێرباری چاودێری و توانای دڵنیابونی ڕاستی و دروستی زانیاریەکانی ناکرێت،ھەروەھا شکاندنی داب و نەریت و بەھا ئەخلاقیەکان لە خراپیەکانیەتی، لەگەڵ ئەمانەشدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

کەواتە ئەوەی وەک دەرئەنجامێکی سەرەتایی دەردەکەوێت لەم وتارەدا وەک لە وتاری پێشوش باسمکرد دەبێت لە کوردستان کاری جدی بکرێت لەسەر دەرچواندنی یاسایەکی بەھێز بۆ ئەم جۆرە ڕۆژنامانە، لەلایەکی ترەوە دەردەکەوێت کە ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی ھەڵ ئاوسانێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و لەبەردەم ھەڕەشەی بێمتمانەییدا دەبێت، کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەدیلی ڕۆژنامەی کاغەز ھەر ڕۆژنامەی کاغەزە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.