وتار
کێ سەرکردەی ڕاستەقینەیە؟

چرۆ شەهاب

سەرکردە کەسێکە بە شێوازی نوێ داھێنان دەکات لە کارەکانی بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی و باشدا دەیبات تاوەکو دەیگەیەنێتە کەناری ئارامی، بەڵێ سەرکردەی سەرکەوتوو ھەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ لە دانانی پلان و بەرنامەو ستراتیژی خۆی ،سەرکردە ئەو کەسەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەی بکات و ورد ورد لە نێو نغرۆبونی بێ ھیوایی ڕزگاریان بکات.

لە بونی سەرکردەدا سەرکردایەتی کردن بەشێکی سەرەکیە لە پێکھاتەکەی، ھەربۆیە سەرکردایەتی کردن ھەوڵدانە بۆ کارتێکردنە سەر کەسانی چواردەور و دەتوانرێت ئاڕاستەیان بکات بۆ ھەر مەبەسەتێکی خوازراو و ئامانجێکی دیاری کراو.

لەھەموو ساتەوەختێکدا لە بونی ململانێی سیاسی و زۆرجاریش لە ململانێی ئابوری کۆمەڵایەتیشدا کەسانێک ھەن خۆیان وەک سەرکردە و سەرکردایەتی کردنی تیم و گروپێک نیشان دەدەن، ڕەنگە ئەم شێوەیە بە تایبەتی لەکاتی دروست بونی قەیرانەکاندا ڕوبدەن بەتایبەتی لە بونی قەیرانی ئیداری و سیاسی و سەربازیدا، کاتێک کۆمەڵگە ڕوبەڕوی ئەم جۆرە لە قەیران دەبێتەوە بێگومان بە دوای سادەترین شێوازدا دەگەڕێت بۆ دەرچونی لە قەیرانەکە ،یاخود کەمکردنەوەی ئەو ماکانەی دوای قەیران ڕوبەڕویان دەبێتەوە، ھەر لەم ڕوانگەیەوە لەکاتێکدا لە ھەموو پرۆسەیەکدا ئێمە ڕووبەڕوی کەسایەتی سەرکردە و سەرکردایەتی کردن دەبینەوە پێویستە بزانین ھەموو کەس دەتوانێت ببێتە سەرکردەو سەرکردایەتی تیم و گروپ و کۆمەڵگە بکات یاخود تەنھا کەسانێک ھەن دەبن سەرکردایەتی و ئەو توانایییان ھەیە کە سەرکردایەتی بکەن.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەو خەسڵەتانە بدەین کە پێویستە لە کەسایەتی سەرکردەدا ھەبێت کە ئەوانیش خۆیان لەم خەسڵەتانە دەبیننەوە:

یەکەم: پێویستە کەسایەتی سەرکردە توانای ھەستکردنی ھەبێت بە ئەو مەسجەی کە ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەکات ، بەومانایەی ھەر بابەتێک کە بیەوێت ئاڕاستەی بکات بەر لەھەموو کەس پێویسە خودی سەرکردە خۆی باوەڕی بە بابەتەکەی ھەبێت.

دووەم: کەسایەتی سەرکردە پێویست دەکات کەسایەتیەکی زۆر بەھێز بێت و بتوانێت ڕوبەڕوی سەرجەم ئەو گرفت و کێشانە ببێتەوە کە دوچاری دەبێت.

سێەم: لە پێویستی سێھەمی خەسڵەتەکانی دەبێت کەسایەتی سەرکردە کەسێکی دڵسۆز و بە ئەمەک بێت لە کارەکانی و خۆی بەدور بگرێت لەھەر تێوەگلانێکی ناشەرعی لە پڕۆسەی کارکردنیدا.

چوارەم: دەبێت سەرکردە کەسێکی لێھاتوو و پێگەیشتوو بێت لە ڕوی فیکری و ئیدارەدانەوە و توانای دەربڕینی ڕاو بۆچونەکانی بە ڕەھایی ھەبێت و توانای جیاوازیکردنی بەھێز بێت لە بونی کارو بڕیاری گرنگ و ناگرنگەوە.

پێنجەم: سەرکردە دەبێت ھێز و توانای کارکرنی ھەبێت و کەسێکی لاواز و کەم تەحەمول نەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.

شەشەم: پێویستە سەرکردە متمانە بە خود بێت لە بڕیاردانی ھەر بڕیارێکی چارەنوسساز و بڕیاردانی خێرا و بەردەوام لە ئامادەباشیدا بێت بۆ ھەر ڕوبەڕوبونەوەیەک کە دێتە بەردەمی لە ئەنجامی بڕیارەکانی.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەی باسمان کرد پێویست دەکات سەرکردە لێھاتوو بێت لە پەیوەندیکردن و موخاتەبەکردنی بەرامبەر و بەھێز بێت لە بەکارھێنانی دەستەواژەو دەربڕینەکانی، ھەروەھا پێویست دەکاتی ھەڵگری توانا ئیدارییەکان بێت کە توانای ھەبێت لە دانانی پلان و ڕێکخستن و ئاڕاستەکردن و چاودێریکردن، ھەریەکێک لەم خەسڵەتانە لە کەسایەتی سەرکردەدا ون بێت بێگومان دەبێتە ھۆکاری لەدەستدانی متمانە لە توانای سەرکردایەتیکردنی.

لەگەڵ بونی خەسڵەتەکانی سەرکردە بێگومان لێھاتوویەکانیش ئاماژەیەکی سەرەکین لە بون و نەبونی تاک بە سەرکردە، لێھاتوییەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە لێھاتویی ھونەر و ئینسانی و فیکری و دروستکرنی بڕیار و بڕیاردان و بڕوابونی بە کاری ھاوبەش.

لەبونی خەسڵەت و لێھاتوییەکانی بون بەسەرکردە کەسایەتی تاک دەتوانێت ھەڵگری ناسنامەی سەرکردەو سەرکردایەتی کردنی ھەبێت، لە ھەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، کە کێ دەبێتە ئەو سێبەرەی بەدەوری سەرکردەکەوەیە، چونکە وەک لای ھەموان ئاشکرایە زۆر جار لەبونی سەرکردەی لێھاتودا کەسانێک لەدەوری وەک سێبەر کاردەکەن ، ئەوان دەبنە بڕیاردەری کارەکانی لە دەرەوەی ھەست و خواستی کەسایەتی سەرکردە، لێرەدا تانەدان و سەرنەکەوتنی سەرکردەی ڕاستەقینە لە کارەکانی بەشێکی سەرەکی ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەربازگە نا تەندروستەی کە چواردەوری داوە و بە ھەموو شێوەیەک تەحەکوم بە بڕیارەکانی سەرکردەکەوە دەکرێت،

لەگەڵ بونی ئەم جۆرە کەسانە لە چواردەوری سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان بێگومان ئەوەی لە بەرنامەی کاری کەسایەتی سەرکردەکەدایە بە ئاڕاستەیەکی جیاواز و پێچەوانەدا تێپەڕدەبێت کە لە ئاست خواستی سەرکردەکەدا نیە، ھەربۆیە پێویستی بە بەدوادا چونی ورد ھەیە لەدەرەوە تیمەکەی خۆی و پێویستە بەدوای کەم و کوڕیەکاندا بگەڕێت تاوەکو جارێکی کە بتوانێت متمانەی جەماوەر و قاعیدەی خۆی بەدەست بھێنێتەوە.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.