وتار
شاری ڕۆشنبیری و پاشکۆ کولتورییە جیھانییەکان

چرۆ شەهاب

سلێمانی کە بە شاری ڕۆشنبیری ناودەبرێت و بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ئەم ناوەی لێنراوە، بە یەکێک لە شارە گرنگەکانی کوردستان ناوزەند دەکرێت، ھەر لەم ڕوانگەیەوە پێویست دەکات بیر لە ئێستا و داھاتوی گرنگی ئەم شارە بکرێتەوە لە ڕوی گەشەسەندنی کەلتوری و ڕۆشنبیریەوە . لە کاتێکدا کوردستان چوارچێوەیەکی ھەرێمی خۆی ھەیە و توانیویەتی چەندین نوێنەرایەتی خۆی لە وڵاتە دیار و کاریگەرەکانی دونیا بکاتەوە و بەردەوامی بەگەشە و پەیوەندیە سیاسی و نێودەوڵەتیەکانی بدات، لە ھەمان کاتدا و لەبەرامبەر ئەو پەیوەندیانە چەندین کونسوڵگەری جیھان و ئاژانسی نێودەوڵەتی نوسینگە و نوێنەراتیەتی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لەم ڕوانگەیەوە و لەپێناو گەشەسەندنی ئەو پەیوەندیان و لە چوارچێوەی بە ڕۆشنبیری کردنی شاری سلێمانی پێویستمان بە کردنەوەی پاشکۆ کەلتوریەکانی» ملحق الپقافی» ئەو باڵوێزخانانە ھەیە لە عیراق کە کونسوڵیەتی خۆیان لە کوردستان ھەیە.

ڕەنگە بۆچونێک ھەبێت کە بڵێت ئەم پاشکۆیانە چ گرنگیەکی ھەیە لە شاری سلێمانی؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسەش ئاماژە بەچەند خاڵێکی گرنگ دەدەم:

یەکەم: لەبونی پاشکۆ کولتوریەکانی باڵیۆزخانەکان لە شاری سلێمانی ، گەشەسەندنی بواری کولتوری و ڕۆشنبیری زیاد دەکات.

دووەم: دەتوانرێت چالاکی کولتوری و ڕۆشنبیری ھاوبەش لە نێوان ئەو وڵاتانەو کوردستان بە ئاڕاستەیەکی سەرکەوتودا بڕوات.

سێیەم: دەشێت لە ڕێگەی پاشکۆ کولتوریەکانەوە پێشانگەی کولتوری و کۆڕو کۆنفرانسی گەورە و تایبەت بە بوارە ڕۆشنبیریەکان ئەنجام بدرێت.

چوارەم: ھەلی کار لەبوارەکەدا بەردەست دەبێت.

پێنجەم: ڕەخساندنی ھەلی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ھاوپیشە کولتوری و ڕۆشنبیریەکان.

شەشەم: بە گرنگترین خاڵە کانی دادەنێم ئەویش دروستکردنی وێنایەکی زەینی زۆر باش لەسەر کوردستان لە ڕووی گەشەکردن و بەردەوامی دان بەبواری کەلتوری و ڕۆشنبیری، چونکە ھەر وڵات و ناوچە و ھەرێمێک لەم ڕوەوە گەشەسەندو بێت بێگومان بۆچونی وڵاتانی دیکە جیاوازتر دەبێت و بە گرنگیەوە لێی دەڕوانێت ئەمە چ جای ئەوەی کە شارێکی وەک سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری بەیاسا ناوزەند کراوە.

حەوتەم: بە کردنەوەی پاشکۆ کولتوریەکان دەتوانرێت پردی پەیوەندیی گشتی نێودەوڵەتیەکان دروست بکرێت و ببێتە یەکێک لە دینگە بەھێزەکانی لە گەشەسەندی پەیوەندیەکانی کوردستان و بەستنەوەی کوردستان بە جیھانی دەرەوە.

کەواتە لە ڕووی ئەم گرنگایانەی باسم کرد پێویست دەکات و کاتی ئەوە ھاتووە حکومەت و سیلکی دیبلۆماسی حکومەتی ھەرێم و سیاسیەکانمان لەکاتی دیدار و پەیوەندیەکانیان باس لە گرنگی کردنەوەی ئەم پاشکۆ کولتوریانە بکەن لە شاری سلێمانی و باشترین موبەریر بۆ قەناعەت پێکردنی ئەو باڵوێز و باڵوێزخانانەش ئەوەیە کە باس لە بە یاسایی بونی شاری سلێمانی بکەن کە بوەتە شاری ڕۆشنبیری.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستم و بەدواداچونەکانم وەک ھەرێمی کوردستان شازدە کونسوڵیەتی گشتی لە کوردستان ھەن، بەو پێیەی ئەم کونسوڵیەتانە گشتین بێگومان پاشکۆی کەلتوریش لە خۆدەگرن، کەواتە دەبێت کاری جدی بکرێن لەسەر دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و باڵوێزخانەکانی کە لەعیراق ھەن لەگەڵ کۆی ئەو شازدە کونسوڵیەتەی لە پایتەختی ھەرێم لە شاری ھەولێر بونیان ھەیە، بۆئەوەی بتوانرێت ھەنگاوی جدی بنرێت لە خزمەتکردنی شاری ڕۆشنبیری شاری سلێمانی. بیرمان نەچێت بواری کولتوری و ڕۆشنبیری دروستکاری پەیوەندیە بنەڕەتیەکانە لە نێوان گەلانی جیھانە و توانای ناساندن و کاری ھاوبەشیان زۆرە بە تایبەتی لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکییە ھونەری وکولتوری و ڕۆشنبیریەکان و ڤێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی ھونەر و سینەما و پێشانگە گرنگەکانی کولتوری و ڕۆشنبیری .

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.