وتار
ده‌رباره‌ی دوكانی سیاسی

دكتۆر لوئە‌ی جاف

سیاسەت وەک سیستەم، دینامیکیە، هه‌میشه‌ له‌ جوڵاندایه‌ وەستاو نیە، بۆیە هاوڕییەتی‌ هەمیشەیی و دوژمنایەتی هەمیشەیی تێدا نییە. دیدی سەدەی نوێ بۆ سیاسەت، بینینێتی وەكو قوتابخانەیەك کە تیادا فێرئەبین، باشتر ڕووداوەکان ئەنەلیزەدەکەین، زیاتر و ڕوونتر لە ڕووداوەکان تێدەگەین، بە گرنگیەوە ئاڵوگۆڕی‌ بیرو ڕا ئەكەین و لە سەرووی هەمووشی‌ بە پرۆژەی دیراسه‌كراو کۆمەڵگا و وولاَت پێشدەخەین.
ئەمڕۆ لە جیهانی‌ پێشكەتوو و مۆدێرن باس لە ئاستی‌ ڕۆشنبیری‌ و توانای‌ ئامادەكردنی‌ پرۆژەی‌ سیاسی‌، پرۆژەی كۆمەلاَیەتی‌، پرۆژەی ئابووری‌ و کلتوری هتد، دەكرێت لە ته‌كلیفكردنی هەر لێپرسراوێكی‌ حیزبی‌ یان حكومی‌. به‌ واتایه‌كی تر، جێگا  نییە لە گۆڕەپانی گشتی بۆ خەڵكی‌ ناشارەزاو بێ ئه‌زمون لە ڕووی‌ فیكری‌ و کلتوری گشتی. لە جیهانی‌ پێشكەتوو و مۆدێرن باس لە توانای‌ لێكۆڵینەوە و تێگەیشتن لە هەلومەرجی‌ سیاسی‌، ئابوری و سۆسیۆلۆجیای کۆمەڵگا دەكرێت بۆ گەیشتن بە ڕاستیەكان و دۆزینەوەی چارەسەری بابەتیانەو زانستیانە بە پێی‌ داتاو زانیاری‌ تەواو بۆ بەدەست هێنانی‌ ئامانجەکان. به‌ واتایه‌كی تر، هاوێشتنی هه‌نگاوی لۆژیكی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی لۆژیكی.
بەداخێكی‌ زۆرەوە گۆڕه‌پانی سیاسی و بواری گشتی لە هەریمی كوردستان خەریکە دوور ده‌خرێته‌وه‌ له‌ پرۆسەی سروشتی پێشخستنی کۆمەڵگا و بیناکردنی دەزگا و دەوڵەت. دیارده‌ی لیست و حزب دروستكردن له‌ كوردستان، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری، له‌ جه‌وهه‌ردا پێویستیه‌كی سیاسی نیه‌. بگره‌ ته‌نها‌ دوکانداری سیاسی، بژێوپەیداکردن و پاراستنی مه‌كانه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیه‌ و هیچی تر‌. له‌ ڕووی فیكری و فه‌لسه‌فی و قوتابخانه‌ی سیاسی، له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان حزبی چه‌پڕه‌و، ڕاستڕه‌و، سۆسیال دیموكرات، موحافزكار و ئیسلامی بوونی هه‌یه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ خۆیان تاقیكردۆته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و قه‌باره‌یان زانراوه‌. هه‌ڵه‌یه‌ وا بزانین به‌ دروستكردنی حزبی نوێ، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كلتوری و فه‌رهه‌نگی دێته‌ به‌رهه‌م. له‌ داهاتوودا، گۆڕانكاری ئه‌گه‌ر به‌دی بكرێت ته‌نها له‌ ڕووی شه‌كلی ده‌بێت نه‌ك له‌ ڕووی بنه‌ما و ناوه‌ڕۆك. كه‌واتا هاوڵاتی ساده‌ چ قازانجێك ده‌كات له‌ دروستبوونی ئه‌و حزب و لیسته‌ نوێیانه‌ ؟ ئایه‌ چ پرۆژه‌یه‌كی نوێی سیحریان پێیه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن به‌ سویسرا ؟ 
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌كرێت، بارەگای حیزبە دێرینه‌كان بۆتە دیوەخانی چا خواردنەوە و ململانێی‌ نا تەندروست و دەمارگیری. ئەمەش وایکردوە لە خەڵکی شارەزا و بە توانا دوور بکەونەوە لە گۆڕپانی سیاسی به‌ گشتی و به‌شداریكردن له بابه‌ته‌ گرنگه‌كانی بواری گشتی و خزمەتکردن بە کۆمەڵگا و نیشتمان. ئەوەی‌ ئاشكرایەو دەیبینین، لە هەرێمی کوردستان بە پێی پێویست ناگیرێت لە شارەزا و تەکنوکراتەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان کە نوخبەی کۆمەڵگان. ئەگەر سەیری‌ ڕێژەی وازهێنان، دوورکەوتن و بێزاربوون بکەین لە ژیانی سیاسی لە ماوەی ڕابردوو، دەبینین كە ڕێژەی‌ ڕۆشنبیران و خاوەن بڕوانامەی‌ بەرز بەشی شێریان بەرکەوتووە. ئەمەش ئەگەر شتێك بگەیەنێت ئەوە دەگەیەنێت كە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دێرینه‌کان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌كو جاران گوێ ناگرن و خەڵكی‌ تەكنوكرات لە خۆیان كۆناكه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ هۆكانی دروستبوون یان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیارده‌ی دوكانی سیاسیه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.