وتار
سیستەمی سۆسیال لە فەرەنسا

دكتۆر لوئە‌ی جاف

لە دوای دوو شەڕی جیھانی گەورەو گران لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو، ئۆروپا تەواو وێرانبوو. پێویستی دەکرد سەرلەنوێ بینابکرێتەوە لە ھەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی ژێرخانی سیاسی و ئابوری، سیستەمی حکومڕانی، پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و بوارەکانی تری شارستانی و مەدەنیەت. فەرەنسا وەکو ووڵاتێکی گەورەو خاوەن ئەزمون، لە دوای سێپتەمبەری ساڵی ١٩٤٥، ھەر زوو توانی دامودەزگاکانی دەوڵەت ڕێکبخاتەوە و مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگای سۆلیدێر بێنێتە بەرھەم.

چەپەکانی فەرەنسا و سیستەمی سۆسیال:

لە دوای شەڕی جیھانی دوەم، چەپەکانی فەرەنسا، بە تایبەتی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، خاوەن جەماوەرێکی زۆر بوون، لە گۆڕەپانی ساسی زۆر بەھێز و کاریگەر بوون. ھەموو توانای خۆیان خستە گەڕ بۆ پشتیوانیکردنی چینی ھەژار و مامناوەندی بوون چونکە ئەگەر چینی مامناوەندی بەھێز نەبێت، کێشە بۆ ئازادی و دیموکراسی دروست دەبێت. 

لەو کاتانەدا، چەندین کاربەدەستی دەوڵەتی فەرەنسا ئەندام بوون لە پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، لەوانە ئومبرواز کروازا (Ambroise Croizat) کە دەستنیشانکرا وەکو وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەو پۆستەی وەرگرت لە ساڵی ١٩٤٥ بۆ ١٩٤٧.  

لە ماوەی تەنھا دوو ساڵدا، توانی بۆ یەکەمین جار سیستەمی سۆسیال لە فەرەنسا دامەزرێنێت و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو سیستەمە لە سەرەتا بریتیبوو لە دابینکردن و پاراستنی بژێوی ھەموو تاکێکی فەرەنسی و خۆی لە سێ خاڵی سەرەکی دەبینیەوە:

یەکەم: خانەنشینی بۆ ھەموو ھاوڵاتیان لە سەرووی ٦٥ ساڵیەوە (ھەر یەکەو بەپێی پلەو پۆستی خۆی). 

دوەم: دابینکردنی خەستەخانەی و دەرمانی بەلاش بۆ ھەموو ھاوڵاتیان

سێیەم: دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی بێکار

دوابەدوای ئەو بەروارە، ھێدی ھێدی ئەو سیستەمە زیاتر چەسپاو و بوو بەردی بناغەی کۆمەڵگای فەرەنسی نوێ. ساڵ لە دوای ساڵ پەرەی بەخۆیەوە بینی و ئێستا بوەتە مۆدێلێک کە فەرەنسا شانازی پێوە دەکات و نەک تەنھا ھاوڵاتیانی فەرەنسا، بگرە بە سەدەھا ھەزار پەنابەر، خاوەن پێداویستی تایبەت و بێگانە سوودی لێدەبینن و بژێوی ژیانیان مسۆگرکراوە لە ڕێی ئەو سیستەمەوە. ئێستا سیستەمی سۆسیال لە ھەموو ئۆروپا، بە تایبەتی لە ئۆروپای ڕۆژئاوا کاری پێدەکرێت و لە ووڵاتێک بۆ ووڵاتێکی تر جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەو سیستەمە سەلماندویەتی کە دادپەروەری وجۆرێک لە یەکسانی دابین دەکات.  

یەکێتی و سیستەمی سۆسیال:

لە زۆربەی سەردانە سیاسی و دبلۆماسیەکانی ھەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی بۆ فەرەنسا، بابەتی دامەزراندنی سیستەمی سۆسیال لە ھەرێمی کوردستان باسکراوە. دواتر بە ھەوڵی ئەو وەکو پرۆژە دراوەتە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەکو یاسا پێشکەشی پەرلەمان نەکراوە تا ببێتە یاسایەک و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان جێبەجێی بکەن. نازانم بۆ خولی ئێستای پەرلەمان پرۆژەیەکی لەو بابەتە سەربگرێت، بەڵام پێویستە لە داھاتوودا یەکێتی وەکو حیزبێکی چەپڕەو سۆسیال دیموکرات بە جدی پرۆژەی سۆسیال و میکانیزمی جێبەجێکردنی (کە لێرە دەرفەت نیە باسی بکەین) بکاتە یەکەمین پرۆژە یاسای فراکسیۆنەکەی و جەخت لە سەر دەنگدان و جێبەجێکردنی بکات. 

یەکسانی و دادپەروەری بنەمای سەرەکی سۆسیال دیموکراسیە. بۆ ئەوەی ئەو دادپەروەیە بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێبکرێت، دەبێت چینی مامناوەندنی بەھێزبکرێت و چینی ھەژار بپارێزرێت لە نەداری و نەبوونی. تەنھا بە دامەزراندن و جێبەجێکردنی سیستەمی سۆسیال دەتوانرێت ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی زیاتر ببرێت بەرەو پێشەوە لە سەر ڕێگای دیموکراسی. سیستەمی سۆسیال کەرامەتی ھاوڵاتیان دەپارێزێت و سەروەت و سامانی ووڵات بە دادپەروەرانە دابەشدەکات.   

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.