وتار
چەمکە یاساییەکانی تاوانی ئەنفال

ریبوار محمد صالح


    تاوانی ئەنفال یەکێکە لە تاوانە کۆمەڵکوژییەکان کە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام درا لە ساڵی ١٩٨٨ ، کەبریتی بوو لە وێرانکردنی هەزاران گوندو راگواستنی زۆرە ملێی خەڵک و لیک جیاکردنەوەی دایک ومندال وچەندین تاوانی تر کە دواجار بە کوشتن و زیندەبەچاڵ کردنی زیاتر لە ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی بێتاوانی کورد کۆتای هات.
     سەرەتای دەستپێکردنی تاوانی ئەنفال بە دانانی ( علی حسن مجید) دەست پێدەکات بە بەرپرسی سەربازی لە کوردستان بە بریاری ژمارە (١٦٠) لە بەرواری (٢٩/٣/١٩٨٧)، دوابەدوای ئەوە ناوبراو بریاری ژمارە (٤٠٠٨) لە (٢٠/٦/١٩٨٧) دەرکرد کە دەکرێ بەبریاری جینۆسایدی گەلی کورد دابنریت.
ئەنفال وجینۆساید:
   جینۆساید لە رووی زمانەوانییەوە بە مانای لەناوبردنی رەگەزی گەل و نەتەوەیەک دێت، ئەم مانایەش لە تاوانی ئەنفال دا رەنگی داوەتەوە ، پاشان بە پیی چەندین دەق و بنەمای یاسایی نیودەولەتی ئەنفال تاوانی جینۆسایدە ، لەوانە مادەی (٢ و٣) لە (رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی جینۆساید ١٩٤٨)، و مادەی (٣) لە (رێککەوتنامەی ژنێف ١٩٤٩) و مادەی (٦) لە دەستوری (داگای تاوانکاری نیودەوڵەتی ١٩٩٨) .
     سەرەرای بوونی ئەم دەقەیاساییانە بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگای نێودوڵەتی لە ئاست بە جینۆسایدناساندنی ئەم تاوانەدا بیدەنگ بووە، ئەمەش مانای کەمتەرخەمی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە بەرامبەر گەلی کورد، بەڵام هەندیک دەوڵەت لە ئاستی پەرلەماندا دانیان ناوە بە جینۆسایدی گەلی کوردا وەکو سوید و نەرویج بریتانیا .
    لەسەر ئاستی نیوخۆی عیراق ئەنفال بە جینۆساید ناسینراوە ، ئەمەش بە پیی یاسای ژمارە ٩ ی سالی ٢٠٠٧ ی پەرلەمانی کوردستان و بریاری ژمارە (٢٦) ی پەرلەمانی عیراق لەبەرواری ١٤/٤/٢٠٠٨ ، وەهەروەها دادگای باڵای تاوانەکان پشت بەست بە یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ و بە دەرکردنی بریاری ژمارە ١ ی سالی ٢٠٠٧ دانی ناوە بە جینۆسایدی ئەنفال دا .
کەیسی ئەنفال لە دادگا:
بەپیی یاسای ژمارە ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق پیک هات و دەسەڵاتی بینینی ئەوتاوانانەی پیدرا کە لە نیوان (١٧/٧/١٩٦٨ بۆ ١/٥/٢٠٠٣) ئەنجام دراوبوو، بەم پێیە تاوانی ئەنفال خرایە ژێردەسەڵاتی دادگای ناوبراو.
    یەکەمین کەیس کە دادگا کاری لەسەرکرد کەیسی دوجێل بوو کە تیایدا سەدام حسین دادگای کرا لەسەر کوشتنی  ١٤٨ کەس لە خەلکی دوجێل کە هەموویان شیعەمەزهەب بوون، لە ئەنجامدا دادگای ناوبراو سزای لە سێدارەدانی بۆ ناوبراو دەرکرد و لە رۆژی جەژنی قورباندا لە سیدارە درا بەبێ ئەوەی بیرلەوەبکرێتەوە کە لەسەر تاوانەکانی گەلی کورد دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا بەپێی بنەمایاساییەکان تۆمەتبار لەسەر سەرجەم تۆمەتەکانی دادگای دەکدرێت و دواتر قورسترین سزای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
     سەبارەت بە کەیسی ئەنفال دادگای باڵای تاوانەکان لە دوای (٦١) دانیشتن لەئەنجامدا بە بریاری ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٧) سزای لە سیدارەدانی بۆ چەند تاوانبارێک دەرکرد لەوانە ( علی حسن مجید، سڵتان هاشم و چەند تاوانبارێکی تر )، وەهەروەها بە بریاری ژمارە (١٠) لە بەرواری (٢٤/٦/٢٠٠٧) بریاری دەستگیرکردنی بۆ ٤٢٣ تۆمەتبار دەرکرد کە لەو ژمارەیە ٢٥٨ کەسیان کورد بوون .
     بریاری دەستگیرکردنی تۆمەتباران نێردرا بۆ هەرێمی کوردستان بۆجێبەجێ کردن ، وەهەروەها ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە بریاری ژمارە (٩٤٣) لە (٥/٥/٢٠١١) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەوتۆمەتبارانە دەرکرد کە لە بریاری دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان هاتبوو، بەهۆی ئەوەی کە تۆمەتباران دەستگیرنەکران بۆیە جارێکی تر ئەنجومەنی دادوەری بە بریاری ژمارە (٢٧٠) لە (٧/٥/٢٠١٥) بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکرد، بەلام مایەی نیگەرانیە کە تا ئیستا داواکراوان دەستگیرنەرکراون، خۆئەگەر پاساوی دەستگیرنەکردنیان ئەوەبیت کە پیشتر فەرمانی لێبوردنیان بۆدەرکراوە ، ئەوە پاساوێکی ناڕەواو نایاساییە چونکە لە تاوانەکانی جینۆسایدا هیچ جهەتێک مافی لێبوردنی گشتی نیە لە تۆمەتباران پشت بەست بە رێکەوتنامەی قەدە‌‌غەکردنی جینۆساید ١٩٤٨ و رێکەوتنامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان ١٩٦٦ ، هەربۆیە دەرکرنی هەرجۆرە لێبوردنیک لەو تۆمەتبارانە لەرووی یاساییەوە هیچ هێزێکی یاسای نیە و پوچەڵە، هەربۆیە پێمانوایە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە بەدواداچوونی یاسایی وورد بۆ ئەم کەیسە بکات.
     سەبارەت بە گەیاندنی کەیسی ئەنفال بۆ دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ، دەتوانین بڵیین ئەم دادگایە دەسەلاتی بینینی تاوانی ئەنفالی نیە ، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم لەبەرئەوەی عێراق ئەندامی رێکەتنامەی دروستبوونی دادگا نیە و لە کاتی دروستکردنی دادگای ناوبراودا بە نەخێر دانگی دا ،دووەم لەبەرئەوەی دادگای ناوبراو دەسەلاتی بینینی ئەو تاوانانەی هەیە کە لە ١/٧/٢٠٠٢ بەدواوە ئەنجام دراون .   
قەرەبوی قوربانیانی ئەنفال :
     بەشێوەیەکی گشتی هەموو تاوانێک دەرئەنجامێکی زیانبەخشی لێ دەکەویتەوە ، و کەسی زەرەرمەند مافی بەرزکردنەوەی داوای قەرەبووی هەیە لەسەر ئەوکەسەی تاوانەکەی ئەنجام داوە بەمەرجێ پایەکانی بەرپرسیارێتی بێتەدی کە بریتیە لە ( هەڵە و زەرەر و پەیوەندی هۆکاری نێوانیان) .
    لە بنەرەتدا دوو جۆر قەرەبوو هەیە کە بریتین لە قەرەبووی مادی بۆ زیانە مادییەکان ، وە قەرەبووی ئەدەبی بۆئازارو زیانە مادییەکان، لیرەدا مەبەستمانە بڵێین تاوانی ئەنفال زیانی مادی و ئەدەبی زۆری لێ کەوتوەتەوە ئەویش بە سوتاندنی ماڵ وموڵک و گوند و بەرووبومی کشت و کاڵی و مەڕوماڵات و گۆرینی دیمۆگرافی ناچەکان، و پاشان کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار خەڵکی بێتاوان، دەکرێ بڵێین قەرەبووی ئەو زیانانە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێ.
    لە تاوانە نیودوڵەتیەکاندا وەکو تاوانی ئەنفال دووجۆر بەرپرسیاریتی درووست دەبێت ئەویش بەرپرسیارێتی تاوانکاری نێودەوڵەتی و بەرپرسیارێتی مەدەنی نێودەوڵەتیە، یەکەمیان دەکەوێتە ئەستۆی کەسی تاوانکار وەکو سەدام وهاوکارەکانی ، دووەمیان ئەکەویتە ئەستۆی ئەودەوڵەتەی کە تاوانەکە لە سایەدا ئەنجام دراوە کە دەوڵەتی میراتگرە پشت بەست بە بنەمای ( مبدأ التوارپ الدولە) ، کە لە تاوانی ئەنفالدا دەوڵەتی ئێستای عێراق دەگریتەوە بە پێی مادەی ٢٦ لە پرۆژەی بەرپرسیارێتی دەوڵەتان بەرامبەر کارە نارەواکانیان، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی عێراق بەم ئەرک و پابەندییەی خۆی هەڵنەستاوە،  ئەمە سەرەرای ئەوەی کە مادەی ١٣٢ ی دەستووری عێراق ئاماژەیە بۆ بەرپرسبوونی دەوڵەتی عێراق بە قەرەبووکردنەوەی سەرجەم زەرەرو زیانەکان و قوربانیانی ئەنفال.
    جێگەی ئاماژەبۆکردنە کە دادگای باڵای تاوانەکان دەبوایە لە بریاری ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٠٧ دا لە خەزینەی گشتی عیراق قەرەبووی کەس وکاری قوربانیانی ئەنفالی جێگیربکردایە بەڵام لە بری ئەمە ، مافی داوە بە زیانلێکەوتوان کە بگەرێنەوە بۆ دادگای تایبەتمەند بۆ داوای قەرەبوو، ئەمەش پێشیلکردنی مافی یاسایی کەس وکارو زیانلێکەتوانی تاوانی ئەنفالە لەلایەن دەڵەتی عێراقەوە، لە کاتێکدا لە خەزێنەی گشتی عێراق قەرەبووی زیانەکانی کەیسی دوجێل کرایەوە ، ئەمەش خۆی بۆخۆی جیاکاریەکی نایاسایی و نادەستوریە لە نێوان هاوڵاتیانی عێراق دا .
    لە دۆخیکی وادا کە دەوڵەت بە ئەرکی یاسایی خۆی هەلناسێ بەرامبەر بە قوربانیان، ئەرکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە بە بڕیارێکی تایبەت پابەندی دەوڵەتی عێراق بکات لە پیدانی قەرەبووی شایستەی زیانلێکەوتوان، وەکو چۆن بە بریاری ژمارە (٩٨٦/ ١٩٩٢) عێراقی پابەند کرد بە قەرەبووی زیانەکانی داگیرکردنی کویت ، کە تا ئەم ساڵانەی دوایی ساڵانە لە بوودجەی عیراق رێژەیەکی بۆ قەرەبووی کوێت تەرخان دەکرا.
     ماوەتەوە بڵیین کە ئەو دووجۆرە بەرپرسیارێتیەی لە تاوانی ئەنفالدا دروست بووە بە تێپەربوونی کات بەسەرناچێ ، بە مانا یاساییەکەی تقادم ناکات، هەربۆیە دەکرێ لە دادگای بەرایی بەغداد داوای قەرەبووی تاوانی ئەنفال بەرزبکرێتەوە و ئەو بەڵگانەش کە بەردەستن و بریاری دادگای باڵای تاوانیش پابەندی دادگا دەکات بە دەرکردنی حوکمی قەرەبوو و پابەند کردنی حکومەتی ناوەند بە بژاردنی زیانەکان و کەس وکاری قوربانیان لە بوودجەی گشتی عیراق .

رێبوار محمد صالح ( مامۆستای زانکۆ/ کۆلێژی یاسا)

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
د.بەختیارشاوەیس
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.