وتار
لیستی 162 كار بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی ده‌كات

ستران عه‌بدوڵڵا

له‌ناو ده‌ستووری عیراقدا كه‌ گرێبه‌ستی سیاسیی نێوان عیراقییه‌كانه‌، پتر له‌ په‌نجا بڕگه‌و مادده‌ هه‌یه‌ بۆ رێكخستن‌و پیاده‌كردنی نووسراون «ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێكده‌خرێت»، له‌ناو ئه‌و ماددانه‌دا هه‌ندێكیان یاسای بۆ ده‌رچووه‌و زۆری تریش ماون كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسای بۆ ده‌رنه‌كردوون. له‌وانه‌ش یاسای تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی ئیتحادییه‌، كه‌ وه‌كو ژووری دووه‌می په‌رله‌مان وایه‌، هه‌م دیموكراسییه‌كه‌ی وڵات پته‌وده‌كات‌و هه‌میش ره‌گی دیموكراسیی ته‌وافوقی‌و شه‌راكه‌تی حه‌قیقی داده‌كوتێ‌و بۆ ئیجتیهادی فه‌زای سیاسی‌و ململانێی كاتیی نێوان پێكهاته‌كانی عیراق جێیناهێڵێت.
له‌ ماده‌ی 48ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراقدا هاتووه‌: «ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و فیدراڵی پێكدێت".
هاوكات له‌ ماده‌ی (65)دا كه‌ باس له‌ پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌كات هاتووه‌: «ئه‌نجومه‌نێكی یاسادانان به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی) پێكده‌هێنرێت كه‌ ئه‌نداماكانی بریتییه‌ له‌ نوێنه‌ری هه‌رێمه‌كان‌و پارێزگا رێكنه‌خراوه‌كانی ناو هه‌رێمه‌كان، شێوه‌ی پێكهێنان‌و مه‌رجی به‌ئه‌ندامبوون‌و  پسپۆڕییه‌كان‌و هه‌موو كاروباره‌كانیشی، به‌یاسایه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌نگی زۆرینه‌ی سێیه‌كی په‌رله‌مانتاران به‌ده‌ستبهێنێت".
لیستی 162 كه‌ لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، كار بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ئیتحادییه‌ ده‌كات.
له‌ به‌رنامه‌ی لیستی 162دا بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ده‌ق هاتووه‌: (كۆمه‌ڵێك یاسای دامه‌زراوه‌ی فیدراڵی هه‌یه‌، كه‌ تا ئه‌مڕۆ نه‌ده‌رچوون و نه‌كاریشیان پێكراوه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی (ژووری دووه‌می په‌رله‌مان)، كه‌ هاوسه‌نگی نێوان زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ دیاری ده‌كات . ئه‌مه‌ش به‌ڕای ئێمه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌).
بایه‌خی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ لێناگه‌ڕێت په‌رله‌مانی ئێستای عیراق به‌ناوی زۆرینه‌ی دیموكراتی‌و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ تێپه‌ڕێنێت، كه‌ له‌ قازانجی پێكهاته‌یه‌ك، یان دووانه‌‌و پێكهاته‌یه‌كی تری وڵات زه‌ره‌ریان لێ ده‌كات. ژووری دووه‌می په‌رله‌مان پێداچوونه‌وه‌ به‌بڕیارو یاساكانی ژووری یه‌كه‌مدا ده‌كات‌و لێناگه‌ڕێ زۆرینه‌ی تایفی یان قه‌ومی‌و شۆڤێنی، شتی وا به‌سه‌ر پێكهاته‌ی كورد بسه‌پێنێ، كه‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌و فلته‌ره‌ واده‌كات فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان هیچ نه‌بێ له‌ شته‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی وڵاتدا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پره‌نسیپی ته‌وافوق‌و سازان، تا بڕیاری زۆرینه‌ ئه‌گه‌ر دراش تێنه‌په‌ڕێ‌و نه‌سه‌پێندرێت. واته‌ ئه‌گه‌ر كۆنگرێسی عیراق (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) یاساو رێسا ده‌ربكات، ئه‌وا سینات (ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی) كه‌ ده‌نگی پارێزگاكان‌و هه‌رێمه‌كانی وڵات هاوسه‌نگ ده‌كات، ده‌توانێت ده‌ستكاری تێدا بكات.
ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ ده‌ستووری وڵات كه‌ تیمی كورد به‌تایبه‌تیش سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك پارێزه‌رێكی مافه‌كانی كوردستان له‌ده‌ستوور چه‌سپاندوویه‌تی، حسێبـی مه‌یلی تایفی‌و نه‌ته‌وه‌یی زۆرینه‌ی كردووه‌، كه‌ رۆژێك ده‌خوازێ پاشه‌كشه‌ بكات‌و هه‌وڵی ئیحتیواكردنی كورد بدات. ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ دابمه‌زرایه‌، زۆرینه‌ی شۆڤێنی‌و باڵی تایفه‌گه‌ریی به‌هێزی ناو په‌رله‌مانی عیراق نه‌یده‌توانی له‌ كه‌یسی بودجه‌و مادده‌ی 140و ماجه‌رای ریفراندۆمدا هێرش بكاته‌سه‌ر كوردو كوردستان‌و ئابڵوقه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
لیستی حزبه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، كه‌ حزبی دابینكردنی ته‌وافوق‌و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌و فلته‌ری دژه‌ شۆڤێنییه‌، له‌خولی چوار ساڵی داهاتوودا كار بۆ ته‌شریعكردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی ئیتحادی ده‌كات. نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌پێی ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
ده‌نگدان به‌ (162) ده‌نگدانه‌ به‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كوردستان له‌ پێكهاتنی ئه‌نجومه‌نی ئیتحادیدا.

 

Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
دكتۆر سه‌ردار عه‌زیز
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2016 SNN. All Rights Reserved.