وتار
راپەڕین.. بەڵام بە شێنەیی تر

ستران عه‌بدوڵڵا

ھۆکارەکانی راپەڕین زۆرن کۆن ‌و نوێ، کۆنەکە ئەوەیە کە گەلی کوردستان زوڵمی ھەمەلایەنەی لەسەر بوو. زوڵمی بەعس گەیشتبووە لوتکەی خۆی بە جۆرێک دەشێ بڵێین بەعسیزم لوتکەی فاشیزم ‌و شۆڤێنیزم ‌و تۆتالیتاریزم ‌و کۆمەڵێک لیزمی تر بوو لە دژی کورد. تازەکەشی ئەوەبوو دوای ھەڵەبجەو ئەنفالەکان کورد ھەڕەشەی لەناوچوونیشی لەسەر بوو. داگیرکردنی کوێتیش رژێمی تووشی گەمارۆدان ‌و گەلی کوردیش وەک بەشێک لە خەڵکی عیراق تووشی برسێتی ‌و تەنگژەی ئابووری ‌و گوزەران ھات.

***

– ئیرادەی ناوخۆیی بۆ راپەڕین ھەمیشە لە کایەدا بوو. بەڵگە بۆ ئەوەش دایمە بەرەنگاری ‌و شۆڕشی چەکداری ھەبوو. لە ھەشتاکان راپەڕینی جەماوەری شارەکانیش کراو رێکخستنی حزبیش بەتایبەتی ھی یەکێتی، لە چالاکیدا بوو دژی رژێمی بەعس. بەڵام گوشاری نێودەوڵەتی لە دوای گرتنی کوێت لەلایەن رژێمی سەددام حسێنەوە ھەلومەرجێکی رەخساند کە کورد بیقۆزێتەوەو راپەڕینی جەماوەری ‌و چەکداری بۆ ڕاماڵینی رژێم لە بەشێکی کوردستان بەرپا بکات. بەڵگەی ئامادەگی کورد ئەوەبوو ھەمیشە مقاوەمەتی دەکرد. بەڵگەی کاریگەری فاکتەری دەرەکیش ئەوەبوو کە پێشتر راپەڕینەکانمان سەرکوت دەکرا‌و نەدەما، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ دەرفەتە مێژووییەکە قۆزرایەوە. وەک دەڵێن دۆخی بابەتی ‌و خۆیی یەکیان گرت ‌و چەخماخەیان دا.

من ئەم قۆستنەوەم ھیچ پێ عەیب نییە، چونکە دەوڵەتی عیراق، رژێمی سەددام ‌و تەواوی تەیاری عروبی خۆی دەستچێتی فاکتەری دەرەکییەو مانەوەشی بەھۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی بوو، کە ئەم پشتیواییە نەما، راستەوخۆ دەوڵەتی عیراق لە کوردستان کەوت ‌و دەرکرا.

***

-زەحمەتە بە ڕەھایی ‌و لێبراوی بڵێین راپەڕین دابڕانێکی یەکجارەکی دروست کرد. کەلتوری رژێمێکی ستەمکاری چەند دەیەیی ھەروا بە ئاسانی لەناو ناچێت، بەڵام دەرکردنی لە کوردستان رێگای بۆ ئەوە خۆشکرد سەرەتایەک دەست پێبکرێت بۆ دەستپێکی کەلتورێکی نوێ کە تا ئێستاش بیناکردنی تەواو نەکراوە، بگرە ھەندێک جار ‌و لە ھەندێک بواریشدا پاشەکشێ روودەدات. وەک بۆ نموونە، دەستکەوتەکانی راپەڕین بۆ کێ بوو کە ئیرادەی راپەڕیوان لەگەڵ ئیدارەی کوردستانی ئێستا وەک یەک نییە؟، وەک دەوترێ «کێ کردی و کێ خواردی!».

***

لەبیرمان نەچێ بەعس خۆی کە دوای راپەڕینی ١٩٩١ لە ھەرێم دەرکرا، بەڵام لە بەغدا ‌و شوێنەکانی تری عیراق ھەر مابوو، بە بەشێکی کوردستانیشەوە. بەعس تا ساڵی ٢٠٠٣ خنەخنی کرد تا دیسانەوە بە یارمەتی فاکتەری دەرەکی لەناوچوو. بەشێکی گرنگی کوردستانیش وەکو کەرکوک ‌و خانەقین ھەر لای بەعس مایەوە ‌و دەڵێی لە کوی عیراقیش ململانێ دەکات بۆ مانەوەو خۆ بەرھەمھێنانەوە. کوردستان لە پریشکی ئەو ململانێیە بەدوور نییە. سەرەڕای ئەوەی بە حیساب دابودەستوری دیموکراسیی لە تەواوی وڵاتەکەدا کۆشش بۆ جێگیربوون دەکات.

***

– دوای (٢٨) چەند نەوەی تازە پەیدابوون کە خواستی نوێیان ھەیە ‌و وەکو نەوەی سەرەتای راپەڕین بیر ناکەنەوە. گەشەی کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی ‌و سیاسیش گۆڕانکاری ماقووڵ ‌و گرفتی نوێی دروست کردووە. کوردستان لە ژانی دایکبوونێکی نوێدایە. پێم وایە نەوەکانی پێشوو ‌و دەستەبژێری دەسەڵاتدار ‌و ھێزی دیفاکتۆش بیر ‌و مەیلە شۆڕشگێرییەکەی جارانی کاڵبۆتەوە. نە ئەو کودەتای پێ دەکرێ ‌و بە ئەقڵیەتی کودەتایش دەتوانرێ بەرەنگاری پاشەکشێی ئامانجەکانی راپەڕین چارەسەر بکرێت. تەحەددا گەورەکە ئەوەیە خەونی گۆڕانکاری گەورە ھەر بمێنێ ‌و نوێببێتەوە، بەڵام بە رەفتار ‌و کرداری نوێ، نەک بە مەیلی کودەتایی کە ئەگەر مەیلی کودەتایی سەریش بکەوێت سەرلەنوێ ستەمکارییەکی نوێ بەرھەم دێنێتەوە. ئێمە خەونەکانی راپەڕینمان دەوێتەوە، ئەقڵیەتی راپەڕینی نوێمان دەوێت، بەڵام بە ئامراز ‌و کەرەستەکانی توندوتیژی شۆڕشگێری نا. ڕاماڵین لە راپەڕینی ئەمنە سوورەکە تا ئەمنی کەرامەی کەرکوک لە ئازاری ١٩٩١ رەوایی خۆی ھەبوو. ھەمو جارێ ئەم رەوایە یەکسان نابێت ‌و ناکرێت بە توندوتیژی ‌و چەک. ئەگەر وامان کرد مانای وایە ھیچ لە دابڕانی دوای راپەڕین نەماوەتەوە.

راپەڕین ویستێکی ھەمیشەییە بۆ دابڕان لە رابردوو، بەڵام بەکەرەستەی مەدەنی و بە رێبازی شێنەیی.

ئەمە پوختەی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسێکە لەسەر راپەڕین دوای نزیکەی سێ دەیە لە بەرپابوونی.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.