وتار
١٠ خاڵ لەبارەی یەکێتییەوە

عەدالەت عەبدوڵا

یەکەم: ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی بەغداو ھەرێمیش، بۆ ھێزێکی وەکو یەکێتی، پێویستییان بە لێکۆڵینەوەو ئەنجامگیریی ھەمەلایەنە. ئەگەر لەم دوو بۆنەیەدا، لەڕووی پێگەی پەرلەمانییەوە، کورسیش زیادی کردبێت، ئەوا دەنگ کەمی کردووە. بۆ ئەوە، گەڕانەوە بۆ ژمارەو داتاکان، بەسە.

دووەم: دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی، لەچەند روویەکەوە، زیانی ھەیە، سەرەتا بۆ نێوبانگی حزبەکە، پاشان بۆ سەرکردایەتییەکەی کە ٤ ساڵ بەسەر ماوەیدا تێپەڕیووەو نوێ نەکراوەتەوە.

سێیەم: چەند ساڵێکە بەڵێنی زۆر دراون کە گۆڕانکاریی دەکرێت چ لە حزب و چ لە نوێنەرانی یەکێتی لەناو دەزگا دەوڵەتییەکانی عیراق و ھەرێمدا، بەڵام، لەکرداردا، تائێستا، گۆڕانکاریی لەئارادا نییە، ئەوەی ھەیە گواستنەوەی کۆمەڵێک بەرپرسە لەم پۆستەوە بۆ ئەویتر، واتە تەنھا دەستکارییەکە لەناو بازنەیەکی داخراودا، ئەمەش سەدان و بگرە ھەزاران کادر لە حزبەکە دەتۆرێنێت و دەست بەسەر ماف و چانسی ھاتنە پێشەوەیاندا دەگرێت.

چوارەم: دیاردەی دەستەگەریی چارەسەر نەکراوە، بەڵکو بە فۆرم و شێوازی نوێ ئیشی خۆی دەکات، ئەمەش ئینتیما بۆ حزب دەکاتە ئینتیمایەکی لاوەکی و لەجێیدا ئینتیما بۆ کەس و گروپەکان پتەوتر دەکات، ئاکامەکانی ئەم دیاردەیەش بە رادەیەک ترسناکە کە بتوانرێت بەشێکی زۆری کورتھێنانەکانی یەکێتییان پێ بخوێنرێتەوە.

پێنجەم: پلەو پایە بەخشینەوە بەبێ بنەمای زانستیی ھەڵسەنگاندن و تەنھا بۆ کۆکردنەوەی وەلائـ ‌و ئامانجی تایبەتی، زیانی گەورە لە دووانەی ئەرک و ماف و ئیرادەی کارکردن و چالاکیی دەدات، ئەوەشی کە لێی بەرپرسە تەنھا سەرکردایەتیی یەکێتی خۆیەتی.

شەشەم: دابەشبوونی میدیای حزبەکە و دەستکارینەکردنی لەڕووی خاوندارێتی و پەیام و لایەنی تەکنیکی و مرۆیییەوە، توانای رکابەرایەتیکردنی میدیاکانی تری کوردستانی تێدا نەھێشتۆتەوە، ئەمەش سیاسەت و ھەڵوێستی حزبەکە، لەبەردەم رای گشتیی ناوخۆو دەرەوەدا، بە لاوازی دەخاتەڕوو.

حەوتەم: دابەشکردنی زانستییانەو دادپەروەرانەی سەرمایەی دارایی حزبەکە بەسەر ئۆرگان و دەزگاکان و کاروباری گشتیی یەکێتیدا، لە پێویستییە ھەرە ھەستیارەکانە. ئەم سەرمایەیە وەک چۆن دەشێت لە خزمەتی بوژاندنەوەو ھاندان و چالاککردنی ئۆرگان و کادراندا بخرێتە گەڕ، ئاوھاش، بە پێچەوانەوە، مومکینە ببێتە مایەی پشێویی و ناڕەزایی و دڵشکان لەناو حزبەکەدا، بەتایبەتی ئەگەر بە شێوەیەکی دامەزراوەیی و ئیداریی مۆدێرن وەگەڕ نەخرێت و تەنھا لەدەستی کەسەکاندا بمێنێتەوە.

ھەشتەم: بوونی گروپی چەکداری سەربە ئەم یان ئەو بەرپرسی حزبی، ھاوکات میدیای تایبەت بەخۆیان، لەھەمان کاتیشدا کاری فراوانی بازرگانی و توانای دارایی خەیاڵییان، ھەمیشە وەک تارمایی ھەڕەشە وان لەسەر یەکێتی ناو یەکێتی، بگرە ھەریەکەیان پڕۆژەیەکن بۆ جیابوونەوە لە قۆناغی داھاتوودا!. نۆیەم: نەبوونی دیدێکی ستراتیژی لە دروستکردنی پەیوەندیی نیشتمانی، نەتەوەیی، دەرەکی، ناسنامەو فەلسەفەی سیاسیی یەکێتی دووچاری تێکشکان و گومان و بێ متمانەیی دەکات، دووبەرەکیش لەناو ریزەکانی سەرکردایەتیدا، بە پلەی یەک، لەم کێشەیە، بەرپرسە.

دەیەم: دەستگرتن بە دەسەڵات و پۆستەوە تەنانەت ئەگەر بە وەزیرێکێش بێت وەک ئەوەی لە حکومەتی عیراقدا دەبینرێت، تا رادەیەکی زۆر، پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی و رازیکردنیانەوە ھەیە نەک لەسەر بنەمای جەدوای سیاسی و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن، ئەمەش ئەم حزبە فێری سازشکردن بۆ ئەوانی ترو لەدەستدانی ئیرادەو ھەڵوێستی مەعنەوی، دەکات.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.