وتار
بۆچی باشترە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم چەن مانگێک دوابکەوێت؟

ڕزگار حەمەنوری

وەک ئاشکرایە بەفەرمی ڕۆژی (۳۰) ی ئەیلولی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم ، ماوەیەکە بەھۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکانەوە مشتومڕی زۆر لەسەر ئەم بابەتە دەکرێ و تەنانەت ھەندێ جار دەبێتە بابەتی موزایەدە بۆیە من لەم نووسینەدا ڕای شەخسی خۆم دەخەمەڕوو ئەویش ئەوەیە کەباشتر وایە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە دوابخرێت بۆ چەن مانگێکی دواتر بۆئەوەی ھاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنەدا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمیش ئەنجامبدرێت کە لە (۲٤/٦/۲۰۱٨) وادەی یاسایی خولەکەی تەواو بوە ، ئەمە جگەلەوەی کە یەکخستنی ھەردوو ھەڵبژاردنەکە سوودی دەبێت چ بۆ خەڵکی بەگشتی و چ بۆ حیزبەکانیش بۆیە ئەم دواخستنە باشترو گونجاوترە لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە :-

یەکەم/ لەڕووی ئابورییەوە ئەنجامدانی ئەم ھەموو پرۆسەی ھەڵبژاردنە لەزەمەنی جیاوازدا بڕێکی زیاتر لە بودجەی ئەم ھەرێمە دەبات کەلەم قەیرانەدا ناکرێ حساب بۆ ئەوە نەکرێت . 

دوەم/ بەداخەوە لەھەموو بانگەشەکانی ھەڵبژاردنەکانا کۆمەڵێ بەرکەوتەو کێشەو ململانێی نابەجێ ڕوودەدەات لەنێوان کادیرو ئەندام و دەنگدەرانی  حیزبەکان ، ئەمەش گیانی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن کاڵ دەکاتەوە .                                                        سێیەم/ کەلتورێکی نوێ ھاتۆتە کایەوە ھیچ لایەنێک ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و دەست دەکا بە تانەو تەشەرو ھەڵوێست وەرگرتن تەنانەت سوور بزانێ دەنگەکانی لەقەبارەی خۆشی زیاتر بێت ، ئەمەش لەجوانی پرۆسەی ھەڵبژاردن و بەھای دیموکراسی کەم دەکاتەوە 

چوارەم/ دوای ھەموو پرۆسەیەکی ھەڵبژاردن شوێنە گشتیەکان بەتایبەتی بیناو بازاڕو شەقامەکان سیمایەکی ناشیرین دەنوێنی بەھۆی پاشماوەی ڕیکلامەکانی ھەڵبژاردن کە بەداخەوە بەشێکی بەرچاویان لەشوێنی ڕێگەپێنەدراودا ھەڵدەواسرێن .  ئەمانە خاڵە جەوھەریەکانن لەوانەیە ھۆکاری تریش ھەبن و بەندە پەی پێ نەبردبێت . 

ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و ڕەخنەیە لەکاتی نووسینی ئەم بابەتە ھەواڵێکم لە یەکێک لە سایتەکان بەرچاوکەوت کەتایبەت بوو بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێم کەئەمە کۆپلەی کۆتایی ھەواڵەکەیە (وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم سەبارەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان شیروان زرار رایگەیاند ، بابەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھیچ کاتێک لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا نەبووەو دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بکەین‌و کاتێکیتر ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بکرێت) ئەم کاکی وتەبێژە کەمن نایناسم و نازانم سەر بە چ لایەنێکیشە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێ (ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ھیچ کاتێک لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان نەبوە) ئەم ڕستەیە کەپشت بەھیچ دەقێکی یاسایی یان ڕێنماییەک نابەستێ و تەنھا بۆتە کەلتور ئەم بەڕێزە دەیەوێ شەرعیەت بەم کەلتورە ھەڵەیە بدات بەڕێزم بڕۆ تەماشای وڵاتە دیموکراسیەکانی ئەوروپا بکە وڵات ھەیە حەوت پرۆسەی ھەڵبژاردن لەیەک ڕۆژدا ئەنجام دەدات و تا چوار ساڵ سەری بابەتی ھەڵبژاردن دەنێنەوە بەڵام ھۆکاری ئەوەی کەئەم بەڕێزە بەمشێوە بیردەکاتەوە ئەوەیە شوێنی گەرمەو مووچەی باش وەردەگرێ بۆیە بۆ ئەم بەڕێزەو وە بۆ ھەموو ئەوانەی کە وەک ئەم بیربکەنەوە لە کۆمیسیۆن زۆر ئاساییە ھەر چەن مانگ جارێک ھەڵبژاردنێک بکرێت و ئەو بودجە زەبەلاحە سەرف بکرێت و ئەو ھەموو کێشانە ڕووبدات کەلە سەرەوە ئاماژەمان پێدا چونکە خێر لەوەدایەو بازاڕی ئەم جۆرە کەسانە گەرم دەبێت .

*ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
ئاشتی عەبدوڵا
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.