وتار
دادگاییکردنی ریفراندۆم: روداوەکانی ناوەوەی رۆژانی پێش ریفراندۆم

ئاسۆ مامەند

ھەرکاتێک گوتەیەکی بەرپرسێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی ھێزە سیاسییەکان لەبارەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆوە بڵاودەکرایەوە، من زیاتر سووردەبوم لەسەر بەرگریکردن لە کەرکوک و رێگرتن لە راکێشانی بۆ ناو ململانێی سیاسیی  نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چونکە من لەدوای ٢٠٠٣ەوە یەکێکم لە نزیکترین کەسەکان کە دیوی ناوەوەی رووداوەکانی کەرکوک ئاگادارم. لەو چەند ساڵەی رابردووش کە زیاتر باس لە دەوڵەتی کوردیی و ریفراندۆم دەکرا، من بەتەواوی بوومە لایەنێکی ناو گەمە سیاسییەکان. لەو وتارەدا، دیوی ناوەوە و رووداوەکانی پشتی پەردە ئاشکرادەکەم. لەبەرئەوەی لەدوای ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە ھەڵمەتێکی گەورەی ناشیرینکردن دژی ئێمە بەڕێوەدەچێت، من ھەوڵنادەم وەڵامی ھیچ تۆمەتبارکردن و پڕوپاگەندەیەکی حیزبیی و سیاسیی بدەمەوە، ھەوڵدەدەم ھاووڵاتییانی کوردستان لە ھەرکوێیەکی دونیا بن، ئاشنابکەم بەوەی ریفراندۆم چۆن کرا، بۆچی کرا، کێ دژ بوو و کێ پشتیوان بوو، ھۆکارەکانی پشتیوانیی و دژایەتییەکان چی بوون. رووداوێکی گەورەی وەکو ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ناوچەکانی جێناکۆک لەنێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان، شایانی ئەوەیە بەوردتر قسەی لەبارەوە بکەین. من بۆ ئەوەیان داوای لێبوردن دەکەم کە لە کاتی خۆیدا نەمتوانی ھەموو شتەکان باسبکەم چونکە پێموابو دەتوانم لە پشتی پەردەوە کاریگەریی خۆم بەکاربێنم بۆ پاراستنی کەرکوک و خەڵکەکەی، بەڵام بە کۆمەڵێک ھۆکار نەمتوانی. 

لەدوای ھێرشەکانی داعش بۆ سەر موسڵ لە ٢٠١٤، سوپای عێڕاق لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان کشایەوە. ئەمە دەرفەتێکی دایە حکومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک کۆنترۆڵ بکات. ھەرزو حکومەتی ھەرێم دەستیکرد بە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا و دواتریش بەڕاستەوخۆ نەوتی کەرکوک و ھەرێمی کوردستانی فرۆشت. دەستبەسەرداگرتنی نەوتی کەرکوک زیاتر وای لە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، رونتر وای لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان و خودی سەرۆکی پارتیی مەسعود بارزانیی کرد کە بانگەشەکانی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ توندتر بکات. بارزانی ئەوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بو،  برازا و زاواکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بو، کوڕەکەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییشی ھەرێمی کوردستان بو. پارتی ئابوریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەکیی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی کۆنترۆڵکردبوو. ئەمە دەرفەتی زیاتری بە پارتیی بەخشیبوو کە بانگەشەکانی دەوڵەت و ریفراندۆم زیاتر بانگەشەی خۆیان بن نەک بانگەشەی خەڵکی ھەریمی کوردستان. 

ئەمانە وایان کرد لە سەرەتای جولای ٢٠١٧، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و و یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان و چەند ھێزێکی دیکە، رۆژی ریفراندۆم رابگەیەنن، واتا بڕیاردرا لە ٢٥ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان و کەرکوک ئەنجامبدرێت. 

ئەمە سەرەتای رووداوێک بوو کە بووە رووداوێکی سیاسیی گەورەی نەک ھەر ھەرێمی کوردستان  و عێراق، بەڵکو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیش. ھەر لە سەرەتاوە، ویست و ئامانج و ھۆکاری ھەر ھێز و گروپ و کەسێک لە پشتیوانییکردن و دژایەتییکردنی ریفراندۆم جیاواز بو، ھەر بۆیە؛ من دەبوایە زوو بڕیاربدەم تا بتوانم لەو رووداوە کە داھاتوو و چارەنووسی گەلەکەم و کەرکوکی پێوە بەندبوو، نەکەومە ھەڵەیەکی سیاسیی گەورە کە بۆ ئەبەد لە خۆم خۆشنەبم. 

من ئەندامی حیزبێکم، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە یەکێک لە دروشمەکانی “مافی چارەی خۆنوسین،”ە، بۆیە؛ بڕیاردان بۆ من زۆر ئاسان بوو ئەگەر بەڕووکەشیی بڕیارمبدابووایە و بکەوتبوومایە ژێر کاریگەریی گوتاری ناسیۆنالیستیی کوردیی و سۆزی حیزبییانەی خۆم بۆ وەدیھێنانی ئەو مافە. ھەرزوو بۆ ھەرێمی کوردستان دەکرا بە بڕیارێکی باشی بزانم، لای کەم بۆ ئەوەی دژ بە بەغداد بەکاریبێنین و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبێنین، بەڵام کاتێک کەرکوک بووە چەقی ململانێکە، من بەجدیی کەوتمە قەناعەتپێھێنانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد تا کەرکوک نەخەنە ناو گۆماوێکی قوڵی لێڵەوە کە خنکان تێیدا ئەگەرێکی زۆر بەھیزتر بوو لە پەڕینەوە لێی. 

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی لە سەرەتایی مانگی ئەیلولی ٢٠١٧، یەکێتیی زۆر بەڕاشکاویی رای خۆمم دەربڕی، بەتایبەت لە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک. بە سەرکردایەتییم گوت: کە ریفراندۆم لە ناوچەکانی جێناکۆک و کەرکوک دەبێتە ھۆی بەخشینی بەھانە بۆ دژایەتییکردنی عێڕاق و وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکی کەرکوک کە دواجار وا دەکات کەرکوک لەدەستبدەین. دوابەدوای ئەو کۆبونەوەیە، کۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی کرا، کە تێیدا ھەمو دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک بەشدارییان کرد. بە تێکڕای دەنگ دژی ئەوە بوین ریفراندم لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. یاداشتێکمان ئامادەکرد بۆ ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی. ئینجا دەستمانکرد بە کۆبونەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی کەرکوک بۆ ئەوەی باشتر بزانین رای ھەموان چییە. دەستمانکرد بە لۆبیکردن دژی ریفراندۆم چونکە ھەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماڵوێرانیی گەورە بەدوای خۆی دەھێنێت. 

بە چەند ڕۆژێک بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەسعود بارزانیی، کۆسرەت رەسول عەلی،  حەمەی حاجی مەحمود، سەلاح دەلۆ، کەمال کەرکوکی، لقی کەرکوکی پارتیی و چەند ھەڤاڵێکی مەڵبەندی یەکێتیی کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاوانە تەواوی مەترسییەکانمان پێڕاگەیاندن و باسی دۆخی نالەباری پێشمەرگە و نابەرانبەریی عەسکەریی نێوان سوپای عێڕاق و ھێزی پێشمەرگەمان کرد، ھەڕەشە جدییەکانی وڵاتانی دەوروبەرمان بۆ رونکردنەوە، باسمان لەو ھەڵە ستراتیژییە کرد کە پێشنیازەکانی ئەمریکا و ئەوڕوپا رەتبکەینەوە.

دوای ئەمە، خۆم و د نەجمەدین کەریم، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک کە دۆستایەتییەکی بەتینی لەگەڵ مەسعود بارزانیی دروستکردبوو، کۆبونەوەیەکی دو-قۆڵییمان ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا زۆر بەڕاشکاویی پێم گوت: “د. نەجمەدین لەبەر خاتری من و یەکێتیی و کەرکوک، تکات لێدەکەم، کاک مەسعود گوێ لە تۆ دەگرێت، تکات لێ دەکەم تکایە ھەوڵبدە وا بکەیت ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت، ئەگینا کەرکوک لەدەستدەدەین.” ئەوکات د. نەجمەدین بەڵێنی پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنارێت “بەڵام جارێ ئیعلانی ناکەین تا دوو رۆژ پێش وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی ئۆفەری ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا باشتر بێت و زیاتر بەرژەوەندیی بدەنە کورد.” 

دوای ئەمە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول، کۆبونەوەیەکی تر لە ھەولێر ئەنجامدرا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بو. ھەڤاڵانم کاک کۆسرەت و کاک مەلا بەختیار و کاک سەعدی پیرە پەیوەندییان پێوە کردم دڵنیایان کردمەوە کە لە کۆبونەوەکەدا تەئکیدکراوەتەوە کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت “کەرکوکمان لە ریفراندۆم دەرکردوە.”

بۆ رۆژی دواتر، لە سەری رەش کۆبونەوەیەکی تر ئەنجامدرا بە ئامادەبونی مەسعود بارزانی، کۆسرەت رەسول، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، پاڤێڵ تاڵەبانی و سەلاحەدین بەھائەدین و من. لەوێدا نێچیرڤان بارزانیی بە منی گوت: “ئاسۆ پێویست ناکات قسەبکەیت. ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ناکرێت.” منیش بێدەنگ بوم چونکە بەڵێنم پێدرابو کە ریفراندۆم نەکرێت. لەو کۆبونەوەیەدا باسی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسنیش کرا. باس لەوە کرا کە “لە ئێستادا ئەوە راناگەیەنین کە لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنادەین بۆ ئەوەی دەستکەوت و زەمانەتی زیاتر بەدەستبێنین.” 

دوای ھاتنەکەی مەسعود بارزانییش بۆ سلێمانیی بە چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە ڕیفراندۆم بۆ بانگەشەی ریفراندۆم، لەو کاتەدا دیارە کۆبونەوەیەک ئەنجامدرابو. بۆ شەوەکەی، ھەڤاڵێکی مەکتەب سیاسیی تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: “ئاسۆ ئاگات لێ بێت، دەیانەوێت ریفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ئەنجامبدەن.” 

ئەمە وای کرد دیسان ھەوڵەکانم بخەمەوەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانەی کە پێشبینییم کردبوون لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کەرکوک، رێیان لێ بگرم. ئەمجارە کارێکی جدییترمان کرد؛ یاداشتێکمان ئامادەکرد کە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک-لیستی یەکێتیی، سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کەرکوک و یاداشتەکەی مەڵبەندمان ھاوپێچ کردن و ناردمان بۆ لیژنەی باڵای ریفراندم. 

ھەموتان بیرتانە خۆپیشاندانێک لەسەر قەڵای کەرکوک رێکخرا. کاک کۆسرەت داوای لێکردم کە خۆپیشاندانەکە رێکبخەین. منیش داواملێکرد بەو مەرجە خۆپیشاندانەکە رێکدەخەین کە لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت. ئەویش بەڵێنی پێداین و ئێمەش لەسەر بنەمای بەڵێنەکە خۆپیشاندانەکەمان ئەنجامدا.

لە ٢٣ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر ھەڤاڵ ڕەوەندمان راسپارد کە لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان کۆببێتەوە و وا بکەین ھەمو لایەک ھەوڵبدەین ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرێت. 

دوای ئەوەی دڵنیابوین کە ئەو بەڵێنانەی پێمان درابوون بۆ ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە کەرکوک وەک خۆیان جێبەجێناکرێن، شەوی ٢٣/٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوکمان رێکخست کە تەواوی سەرکردەکانی کەرکوکی یەکێتیی بەشداربون جگە لە د. نەجمەدین کەریم. کە دڵنیابوین ریفراندۆم ئەنجامدەدەن، بەیاننامەیەکمان ئامادەکردبو کە ئەوەمان راگەیاندبو کە ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و ناوچەکانی جێناکۆک کە جگە لە د. نەجمەدین کەریم تەواوی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوک، ئەندامانی پارلەمان، کادرانی پێشکەوتوی یەکێتیی و دەزگاکانی یەکێتیی لە کەرکوک ھاوڕا بوین. 

درەنگانی شەو کاک کۆسرەت تەلەفۆنی کرد و گوتی: “ئێوە دەتانەوێت شەڕی ناوخۆ ھەڵگیرسێننەوە،” منیش بەڕاشکاوانە پێمگوت کە “ئێمە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمین لە کەرکوک و ھیچ ئامانجمان شەڕی براکوژیی نییە.” 

ھەر ھەمان شەو کاک نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی کرد و داوای لێ کردم کە ئەو بەیاننامەیە بڵاونەکەینەوە، پێیگوتم: “بەیانی [٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧] کۆبونەوەیەک لە سەری رەش ئەنجامدەدەین.” منیش لەگەڵ ھەڤاڵانم رێککەوتین کە بەیاننامەکە دوابخەین. 

لە ٢٤ی سێپتێمبەری ٢٠١٧ جارێکی تر کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە سەری رەش ئەنجامدرا. منیش وەکو لێپرسراویمەڵبەندی کەرکوک بەشداربوم کە لێپرسراوی لقی پارتیی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێبوار تاڵەبانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان مامۆستا کاکەڕەش بەشداربوین. بۆ چەندەھەمین جار پێمان راگەیاندنەوە کە ئەو ریفراندۆمە نابێت لە کەرکوک ئەنجامبدرێت. لەوێ بیرمخستنەوە: “ئێوە ھەموتان بەڵێنتان پێدام کە ریفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنادرێت.” کاک نێچیرڤان وەڵامیدامەوە و گوتی: “بەڵێ، بەڵێنمان دابوو کە ریفراندۆم لە کەرکوک ناکرێت.”

دوای کۆبونەوەکە من گوتم دەڕۆمەوە کەرکوک. کاک مەسعود بارزانی لەوە تێگەیشتبو کە ئێمە نامانەوێت ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، ھەر بۆیە بە کاک کۆسرەتی گوت: “تۆ بڕۆ بۆ کەرکوک و سەرپەرشتیی ریفراندۆم لە کەرکوک بکە.” ئەوە بو لەگەڵ کاک کۆسرەت گەڕاینەوە، فشارەکانی ئەوان بەھێزتر بون. ئێمە لەنێوان بژاردەی رێگرتن لە ریفراندۆم و ئەگەری پێکدادانی عەسکەریی، ناچار بوین ھیچیان ھەڵنەبژیرین.

ئێمە چ وەک کەسایەتیی سیاسیی و پێشمەرگە، چ وەک حیزب، لە دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە تا ئەمڕۆ، زۆرترین قوربانییمان لە پێناو کەرکوک داوە، زۆرترین کاریگەرییشمان لە کەرکوکە، کەرکوکییەکانیش زۆرترین ھاوسۆزیی و خۆشەویستییان بۆ ئێمە و یەکێتیی ھەبوە. لەگەڵ تورکمان و عەڕەب و کاکەیی و مەسیحیی کەرکوکیش ھەر ئێمە نزیکایەتیی زیاترمان ھەبوە. خۆشمان ئاگاداریی تەواوی ئەو پلانە و نیگەرانییە عێڕاقیی و تورکیی-ئێرانیی و ئەمریکیی و بەڕیتانییا و ئەوڕوپییانە بوین کە لەبارەی کەرکوکەوە ھەبون. ھەمو وردەکارییەکانی ئەگەری سەرکەوتن و شکستی ریفراندۆمیشمان بە دۆکیومێنت ئامادەکردبوو. کەچی ھەر ویست و کورتبینیی خۆیان سەپاند بەسەر خەمخۆریی و تێگەیشتنە قوڵ و دوربینییەکانی ئێمە. ھەر بۆیە، بێ دادگاییکردنی رۆژانی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم و قسەکردن لەسەر ئەو روداوانە، ناکریت دادگایی رۆژانی دوای ریفراندۆم بکەین. ئەوەی بوە ھۆکاری کەوتنی کەرکوک، ریفراندۆم و کورتبینییەکانی ئەندازیارانی ریفراندۆم بو. 

 

*ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
عەبدولواحید محەمەد
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
ئاشتی عەبدوڵا
پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.