وتار
سێوەکەی دڵ

رەهبەر سەید برایم

ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٦٨٠ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ-داو لە دووتوێی «ئەدەبیاتی مام»دا بڵاوکرابووەوە، بەڵام بەھۆی ھەڵەیەکی تەکنیکیی موحەڕیڕی دوتوێکەوە بە پێویستمانزانی دووبارە بڵاوی بکەینەوە، لەگەڵ داوای لێبووردن لە نووسەری بابەتەکەو خوێنەران.
مام جەلال کوڕی شێخ حیسامەدینی کوڕی شێخ نوروڵڵای شێخ نووری شێخ غەفووری شێخ ئەحمەدی مەلا مەحمودی زەنگەنەی یوسف ئاغای رۆستەماغایە، بنەماڵەیەکی گەورەن ڕەگ و ڕەچەڵەکیان دیارە و بەڵگەش شیعرە مێژووییەکەی شێخ ڕەزایە، کە بۆتە سەرچاوەیەکی بەسوود:
خودا وەختێ کە حەزکا بەندەیەکی خۆی بکا خۆشنوود
لەڕێگەی دوورەوە بۆی دێ بەپێی خۆی شاھیدی مەقسوود
لە ھیندستانەوە شەش مانگە ڕێ تا خاکی کوردستان
خودا (شێخ ئەحمەدی ھیندی ) رەوانە کرد بۆ ( مەلا مەحموود)
( مەلا مەحمودی زەنگەنە ) یەعنی قوتبی دائیرەی ئیرشاد
لە دەوری مەرقەدی ھەر دەنگی یا ھوو دێت و یا مەعبوود
لەپاش ئەو، ئەرشادی ئەولادی (شێخ ئەحمەد ) لە جێی دانیشت
بە عەینی وەک (سولەیمان) جێ نشینی حەزرەتی داود
شێخ ئەحمەدی ھیندی لاھوور، لە ھیندستانەوە بە رێگەی دوور، بە شەش مانگە ڕێ دەگاتە کوردستان، لە سوورداش کوژراوە، ھەر لەوێش نێژراوە، مەلا مەحمودی زەنگەنە لە خۆشەویستی شێخ ئەحمەدی لاھووری ھیندستان، کوڕەکەی ناو ناوە شێخ ئەحمەد، بەناوبانگ دەبێ بە شێخ ئەحمەدی تاڵەبان، مەلا محمودی زەنگەنە موریدی پیری شێخ ئەحمەدی لاھوور، زەنگەنەن لقێکن لە داری گوڵی باخی حاجی کاکە سوور، شێخ ئەحمەدی تاڵەبان (١١) کوڕی بووە یەک لەوانە شێخ غەفوور، ھەموو تاڵەبانییەکان لە شێخ ئەحمەدی تاڵەبانین لەو بنە تۆیەن، شێخ غەفووری تاڵەبانی لە ساڵی (١٢٦٢ )کۆچییەوە لە کۆیەن،
شێخ غەفوری تاڵەبانی رابەری رێبازی قادری تەکیەی لە کۆیە داناوە، سەدری ئەعزەمی دەوڵەتی عوسمانی چەندان گوند و رەز و تەکیە ولیرەی پێ داوە، ھەروەک قەمبەر،نازەنین، داربەسەر، ئیلنجاخ، بانی ماران، چنارۆک، بێستانە، شێخ رەزای تاڵەبانی باسی دەوڵەمەندی مامە شێخ غەفوری دەکات لە خەزنە و خەزێنە و ئیرادی! لە شیعری مامەکەم بە بەربادی:-
یەک دوو دێ ی داوەتێ بە پێی ئیتعامی تەعام،
ھەر یەکێکی بەقەدەر خەزنەیی ئیرادی ھەیە
ئەم ھەموو گەنج و خەزێنەیی ھەیە ھێشتا کو
نە ھەوای جوود و نەمەیلی کەرەم و دادی ھەیە
شێخ رەزا ھەرچەند شیعری داشۆرینی ھەیە بەڕقێکی ئەستوور، بەزاندوویەتی ھێلی سوور و سنوور، لەگەڵ ئەوەش شیعری ستایشی ھەیە بۆ مامەکەی (شێخ غەفوور )
تا ساکنی ( کۆ )ی مامە غەفوورم وەک فەخفوور
کیسەم پڕە دایم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
حەزرەتی حاجی قادری کۆیی ناکۆک بووە لەگەڵ شێخ غەفوور، لە شعرەکانی بە مەبەست و ھێما ناوی بردووە بە ( گای کوێر) و (عەقووڕ) !.
کەچی شێخ نووری لەگەڵ حەزرەتی حاجی قادری کۆیی نێوانیان خۆش بووە، شعرە بڵاوڤانەکانی بۆ تەکیەی تاڵەبانی کۆیە ناردووە، شێخ نووری لەسەر نیشتمان و سیاسەت (١٥) ساڵ حوکم دراوە، پاش(٥) ساڵ زیندانی ئەوجا ئازاد کراوە،
شێخ نوری شێخ غەفوور دێی (کەلکانی ) کڕیوە، بە لیرە و زێر لە ئاسمانەوە بۆیان نەباریوە ! . شێخ نووری شێخ غەفوور ئەدەب دۆست بووە، زاوای شێخ عەبدولقادری فائیزی ئامۆزای بووە،دێرە شیعری ھەیە، ھەر بەخۆشی و خەندان:
بەنامەی مەلایی تۆم ناردە کەلکان
کەلکت نەبوو،بۆیە لێت ھاتنە کلکان
شێخ رەزای تاڵەبانی داشۆری شێخ نوری ئامۆزای کردووە:
لووتی وەک مەمکە کەنوو، چاوی دەڵێی کونگە بووە
بەد فەساڵی وەکو (نووری ) نەدەبێت و نەبووە
تاڵەبانییەکانی کۆیە لە دێر زەمانەوە لە کۆن، دوو گۆرستانیان ھەبووە لە کۆیە لە ناو تەکیە و گۆرستانی کەکۆن، مام جەلال بەناوی مامی باوکیەوە ناونراوە، چونکە شێخ حیسامەدینی باوکی خەونی بە مام جەلالی مامی خۆی بینیوە، سێوەکی پێ داوە، لەو سەر و وەختە خوا مام جەلالی داوە، مام جەلالی مامی باوکی مام جەلال جوانە مەرگ بووە بە گەنجی، ژنی نەھێناوە، بۆیە مام جەلال دەبێ بە سێوەکەی دڵ، خزمەتکراوە وەک گوڵ، کوڕە تاقانەی شێخ حیسامەدین بووە، ناز پەروەر و ڕێزلێگیراو شیرین بووە، دایکی ناوی خەدیجە حسێنی کوێخا رەسولی مەنگووڕ بووە، خەڵکی گوندی گردگۆران بوو، ژنێکی گوناح و میھرەبان بوو، مام جەلال قەرزاری دایکیەتی، دایکی ئێجگار خۆش ویستوە، ساڵی ١٩٦٥ کە دایکی کۆچی دوایی کردووە، مام جەلال لەوێ نەبووە، مام جەلال یەک خاڵی ھەبووە حاجی رەسولی فاتمی، یەک کوڕە خاڵی ھەیە حاجی حەمەسوور، دایکی دایکی مام جەلال، واتە نەنکی ناوی فاتمەی خدری ئەحمەدی ژنێکی ئازاو سوار چاک و لە دیوەخانی پیاوان دانیشتووە، دز چۆتە سەریان فاتمە خان بەر خەنجەریانی داوە دزەکە خوێنی لەبەر رۆیشتووە، دایکی باوکی مام جەلال ( ئایشە خان ) ھێندە مام جەلالی خۆش ویستووە، کە نۆ بەرەی کوڕە گەورەی بووە، مام جەلال لە بەغدا دەیخوێند لە حقوق، دەیگووت نابێ بچێتەوە بەغدا، دەبێ زانکۆ و حقوق بێتە کۆیە، ئەو خەونە ھاتە دی بەراستی و کردەوە، بەو ئاواتە مام جەلال زانکۆی لە کۆیە کردەوە!! بەردی بناغەی دانا بەو پەرۆشیە بۆیە، ماڵ و مێوانخانەی خۆی دا بە زانکۆی کۆیە !
مام جەلال باوکی تاڵەبانی و دایکی مەنگوڕ، بۆتە ئەو زاتە گەورەی وا بە کاریگەر و گەرم و گووڕ، لە سەرەتاوە دەرکەوتووە توانا و لێ ھاتوویی مام جەلالی، پیاوانە و دەگمەن بووە بە منداڵی، لە کۆیە یادگاری خۆش و جوانی لێ دەگێرنەوە، ھەمووی بۆ زیرەکی و ئازایەتی دەگەڕێنەوە، لە گەمەی منداڵان گوتویەتی کێ لەگەڵ منە، نەیگووتووە لەگەڵ کێم پێکم دەکەن یان نا !


بەو منداڵییەی خۆی بەشداری پرسەی کردووە، فاتحەی خوێندووە، پیاوانی بە تەمەن ئێرەیی یان پێ بردووە !، بەوگچکەییەی وا پیاوانە ھەڵکەوتووە، لە پێنجی سەرەتایی لە کۆیە لە مەکتەبی ئولا، خوێنی دەماری بۆ کوردایەتی دەکوڵا، سەرپەرشتیاری K.P.X کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواری بووە، سەرەتای لێپرسراویەتی و تاقیکردنەوەی کاری بووە، ھێندە گچکە بووە لەسەر مێزی پۆل و لەسەر بەرد دانراوە، بەرێک و رەوانی وتاری داوە، خەڵکی لێ کۆبۆتەوە، لە ریزی قوتابخانە شیعری خوێندۆتەوە، ساڵی ١٩٤٧ لە شاخە مشکەی کۆیە نەورۆز کراوە، مام جەلال رۆڵی تێدا گێراوە، کوڕی کاوەی ئاسنگەر بووە، بۆ سەربڕین بردراوە و ئەکتەر بووە، بەڵگەو وێنەی ئەوڕۆژە ماوە !
لە مێژووی کوردایەتی گەورەترین نەورۆز لە سوورداش کراوە ! ئاپۆرەترین خەڵکی لێ بووە مام جەلال لەوێ وتارێکی مێژوویی داوە، لە چنارۆک بوویین لە سەر رەزی شێخ غەفوور کەموڵکی باپیری باپیری مام جەلالە، بەر لەوەی بچێتە قوتابخانە! پێیان گوتوە دەم و چاوت بشۆ، ئەوجا نان بخۆ، گوتوویەتی نایشۆم، گوتیانە بەھێز بە زۆر پێت دەشۆین، گوتویەتی بە ھێز بە زۆر ناتوانن دەم و چاوم بشۆن، ھێند منداڵ بووە ھەڵیان گرتووە، بە زۆر دەم و چاویان شووشتووە، دوایی مام جەلال چووە، دەم و چاوی لە قوڕی کانییەکەی ھەڵسووە، پێ یان گووتووە بۆ وات کردووە، گویەتی: پێم نە گوتن دەبیخۆن، ناتوانن بە ھێز بە زۆر دەم و چاوم بشۆن !!
جارێکی دیکە پێ یان گوتووە دەست و دەم و چاوت بشۆ، گوتویەتی یەکیان دەشۆم گوتیانە باشە دەم و چاوت بشۆ، وایان زانی بێ دەست، ناتوانێ دەم و چاوی بشوا ، کەچی چووە دەم و چاوی لە حەوزەکە ھەڵھێناوە تەڕی کردووە، دەستی لە پشتەوە گرتووە، دەستی نەشووشتووە،! پێ یان سەیربووە،
لە سەرەتاوە بەمنداڵی و ھەرزەکاریی جێ ئومێد بووە بۆ ئایندە، دەزاندرا دەبێ بەفەرماندە و رابەر و سەرۆک و سەرکردە،! بەھەست و نەست و رەوشەنبیرێکی پێگەیشتوو، خۆی نەکردە پاسەوانی بیرۆکەی قالب بەستوو،
ساڵی ١٩٤٧ لەسەر دەستی مامۆستا تایەر سەعید گارفێن بۆتە ئەندامی پارتی بە ناز ناوی (ئاگر)، بۆتە ئەو رابەر و سەرکردە بە ھیمەتەی خۆ راگر،
ساڵی ١٩٤٩ بۆتە ئەندامی لێژنەی مەرکەزی پارتی، لە کوردایەتی و سیاسەت لە ژێر کاریگەری مامۆستا حەمەدەمین مەعروف و مامۆستا مەجید شێخ نوری و مامۆستا کەمال عەبدولقادر جەلیزادە و مامۆستا محەمەد تۆفیق وردی و مام عومەر دەبابە بووە ! دوایی کەوتە (لەژێر کاریگەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد ) لە ناو پارتی لەڕادە بەدەر مەلا مستەفا بارزانی خۆش ویستووە، یەکەم جار بینیوویەتی لەخۆی چووە،
مامۆستا حەمەدەمین مەعروف بەکاری حزبی دەینێرێتە کەرکوک چونکە رێکخستنی پارتی لە کەرکوک لاواز بووە، حزب داوای کەسێکی بە توانایان کردووە، بۆیە مام جەلالیان ناردووە، مام جەلال خۆی ئاگر و گڵپە و گڕ، ھێند بە حەماسەت و گەرموگوڕ، ھێندەی دی دەبێتە مەشخەڵانی بابە گوڕگوڕ، سەرەنجام بوە بە ئەندام (م.س) و فەرماندەی ھێزی رزگاری و سکرتێری کۆمەڵەی ( م. ل) کوردستان و سکرتێری یەکێتی شۆرشگێرانی کوردستان و سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) و یەکەم سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی عێراق
مام جەلال لە کەس ناچێ لە خۆی دەچێ، خۆی میژووە و مێژوو کردە! بە دەستو مەقامی خۆی بە ژیری و توانایی خۆی دەبێتە رابە رو سەرکردە ! ساڵێک پێش پەیدا بوونی فلوسی سوور، نوورێ دەرکەوت ئەژادو ئابادی تێیدا بوو (نوور ) ! راستە مام جەلال ساڵی ١٩٣٢ لە دایک بووی دێی کەلکان بوو، بەڵام خەڵکی ھەموو کوردستان بوو، ئەوسا کەلکان سەر بە کۆیە بوو نەک سەر بە دوکان بوو ! باوکی و بابپری و باپیری باوکی مام جەلال لە کۆیە لە دایک بووین لە کۆیەش نێژراون !
مام جەلال نەتەوە پەروەرێکی رەسەن و خۆراگر، بۆ ژنان و گەنجان و ھونەرمەندان ئاڵاھەڵگر، بۆ نموونە ھاندەرو ھاوکاری زۆری ھونەرمەند (حەسەن زیرەک)ی کردووە، ئەویش لە(چریکەی کوردستان) بەسەر مام جەلالی ھەڵگوتووە، زیرەک ھونەرمەندێکی رەسەنودەنگ زوڵاڵا بوو:
مـسافرێـکـمان کە(مام جەلال ) بوو
یەکجار گەنجێکی بە بێ غەلال بوو
خۆ پیریش نەبوو پێ یان دەگووت مام
کوڕێـکی شـیرین وەکـو شـەکـری خام
گەورە دبیلۆماتیکی دەم بە خەندە و شارەزا، فەرماندەیەکی چاک و چالاک و پاک و ئازا، درەنگ نەھاتووە کەمی نەھێناوە، ئەو پەندە ئەو دایھێناوە، لە چالاکییەکی بەرنامە دارێژراو بۆ ھێرش، خەزنە و خەزێنەی کۆیەیان ھێنا بۆ شۆرش!
خاوەن ئەزمونێکی دوورو درێژو دەوڵەمەند، گەورە بیر مەندێکی ھەمە لایەنە و فرە رەھەند! عەوداڵ و عەشقی خوێندنەوە و زانیاری، بوونە سەرکردە و ڕچەشکێنی لە خەبات و شۆڕش بە خوێندەواری! گەورە نوسەرێکی خاوەن قەڵەمێکی بە بڕشت و بە پەیام، گوتار بێژێکی کۆمپیتەری و وتارشیرن و بە تام !
راگری ھاوسەنگییەک ریزی و تەبایی بوو، ھەڵوێستەکانی بۆ ئاسۆی گەش دەرکەوتەی دوایی بوو، فەرھەنگێکی گەورە بوو لە خەباتی نەتەوایەتی و کوردایەتی ! بەوەفا و دەگمەن بوو لە پیاوەتی و مەردایەتی !! خۆش مەحشەر و قسەکراوە و نوکتە باز، کەم وێنە و سەیر و سەرسام و جیاواز، بە کلیلی بچووک دەرگای گەورەی دەکردەوە، مەردی مەیدان بوو بە کردەوە زۆر باسی ئاشتی دەکرد و ئامادەی شەڕیش بوو، پارێزەرو دادوەر و دەرمان و چارەسەریش بوو
سەرکردەی مەزن ئەوەیە بێ شەڕ سەرکەوێ، مانگە شەو دەوری نامێنێ کە خۆر دەرکەوێ،
دەیزانی قەڵەم تیژترە لە نووکی شمشێر و لوولەی تفەنگ، لەگەڵ نان و ئازادی بوو بۆیە دەھاتە ناو کایە و دەنگ! شانازی دەکرد بە وشککردنی تنۆکە فرمێسکێک نەک بەرپاکردنی رووبارێک خوێن لە ھەر کوێیەک با، گەورەو بە سێبەر و ئاوەدان بوو وەک رەشماڵی ھەشت ھەسوێن، ! .
خەم و خەباتی بۆ خاک و خەڵک بوو، دارەکەی مام جەلال لە قۆجەلەری ئاغجەلەر بە سێبەر و پەلک بوو، چارەسەری کێشەکان و ناکۆکییەکان بوو، گەوھەری روحی جێی ناکۆک و کەرکوکییەکان بوو، ھەرەسھێنەری ھەرەس بوو، ھەڵگیرسێنەری شۆرشی نوێ و فریاد رەس بوو، بە خۆراگری و پشوو درێژی بەردەوام، شۆرش و خەباتی گەیاندە ئەنجام ! کۆکەرەوەی پێکھاتەکان بوو، ئاسۆی پێشھات و پێش کاتەکان بوو، مام جەلال وەک ھەنگی کەژ لە دەرزی شاخ و کونە ئەشکەوت و کەلێنی بەرد و گرد، ھەنگوینی نایاب و شەپەتووکەی دروست دەکرد ! لە رۆژگاری سەخت قەندیل و بناری مامەندە کەش و ھەوایەکی وای دەخولقاند، کادیرو پێشمەرگەی بە گیانی خۆراگری پێ دەگەیاند،! .
دەنگی زەنگی کەنیسە و ملوانکەی خاچی دیانان بوو، بانگ و سەلاو تریفەی ئەستێرە و مانگی گومبەزی موسڵمانان بوو، چرای (بەگەنەگەر چەک) بوو لە شەوی تاریک و نمە نمەی باران، دەگەڕا لە خانووی قوڕ و کونجی ھەژاران، لە بنکەو بارەگا و کۆنە ھەواران، بەوەفا و ئەمەکدار بوو بۆ یادی جاران، مەجنونی دەولە بوو، لە گێژەن ئەو کەشتییە بە سەولە بوو، دەیگەیاندە کەناری ئارام، بە ژیر و بیری خۆی بە ئۆقرە و فام !
دەبووە ھاوسەنگی شیعەو سونە و نەتەوەکان و لایەنەکان، ھەتوان بوو بۆ سارێژی زامی قووڵی درێژ خایەنەکان !! وتە بە تامەکانی، دەستخەتە نامەکانی، بەڵگە راستین، ھەڵوێست و خۆشەویستن، گەورەیی مروارییەکی پڕ بەھایە، بێ پۆست و پایەش ھەر پاشایە! ھەڵەی ساتێک تەمەنێک خەم دروست دەکات، بەخشینی تاوان تۆڵەیەکی لەسەر خۆیە، شەڕ بەشەڕ لە ناو نابات، لێبوردن لەدوژمنێک ئاسانترە لە دۆستێک، کورسی کەسایەتی گەورەترە لە پۆستێک،پەشیمان بوو لە جیابوونەوە و لێکترازان. ئەمەش جورئەت و جوامێری بوو بۆ ئاواتە خوازان ! مەلا مستەفای بارزانی، گرینگی مام جەلالی دەزانی، بۆیە دەیویست ھەرگیز جیانەبێتەوە، لە نامەکەی ( وەرە لام، وەرە لام) ی بارزانی دەدرەوشێتەوە.


داری بەرز دەھەژێ بە ھەموو بایەک، گەورە دیارە دەبیندرێت، لە گشت لایەک، مەزنایەتی نابەخشرێت، بەڵکو بە دەست دەھێندرێت، دەکرێ پلە و پایە بکڕدرێت، بەڵام رێز و خۆشەویستی خەڵک ھەرگیز ناکڕدرێت، مام تووڕەبوونی بە رەشەبای ھەیبەسوڵتان دەچوو، گڕی دەگرت ! گڵپەی دەکرد وا ھەڵدەچوو، دوایی ھێور دەبۆوە بە ئازاری ویژدانەوە مات دەبوو، وەک تووڕەیی ئاسمان بۆ زەوی پڕ خێرو خەڵات دەبوو، دڵێکی منداڵانەی ھەبوو، دڵی دەریا بوو رۆخەکانی نەدەدۆزرایەوە،!! گریانی بە کوڵ، بە دڵ ، بە قوڵپ لێی ھەڵدەقولایەوە، شاعیر نەبوو، شیعری ھەیە و زۆر شیعری لەبەر بوو شارەزا بوو لە شیعر و ئەدەب، کڵاوی کوردی کەلێی نوسرا بوو (کوردستان یا نەمان) دەدایە شاعیری عەرەب، محمەد مھدی جواھیری، لوتکەی عەرەب بوو لە شاعیری، ئەو کڵاوانەی دەکردە دیاری بۆی، جەواھیری لەسەر دەنا بۆ خۆی، ببووە ھێمای روخساری، بە کڵاوی کوردەواری ! سەرکردایەتی کردنی خەڵکی ئەمانەتێکی گەورەیە، تایبەتمەندیەکانی ئارامگری و خۆ گرتنەوەیە !!
مام جەلال ھەرگیز نەدەبەزی و نەدەروخا !
بۆ سیاسەت خولقا بوو خولقا !
سیاسەتی پێکەوە ژیان و فرەباوەڕی و لێکترگەیشتن و گونجان بوو، لەگەڵ مافی ژنان و ئازادی و نان بۆ ھونەرمەندان و پێشخستنی گەنجان بوو، لەگەڵ چینی چەوساوەو ھەژاران بوو، پارێزەری راستەقینەی جوتیاران بوو،
٣/١٠/٢٠١٧ ماڵ ئاوایی کردنی لە ژیان بوو، گەرمە گۆری قوڕ پێوان و لە خۆدان و گریان بوو، پرسەی ھەموو خەڵکی کوردستان بوو، لە مێژووی نەتەوایەتی و گەلی کورد، ھیچ سەرکردەیەک وەک مام جەلالیان بۆ نەکرد !!لە ژیان غەدریان لێکرد، لە مەرگ تۆڵەیان بۆ کردەوە، لە سیلەی قەبران ھاوارە، کۆچی کوردانە ئەمجارە ! مەزاری پیرۆزی لە دەباشان، دەبێتە جێی نەزرگەی پیاو باشان! بەشە میراتی لە ئەژدادەوە بۆ بەجێ مابوو، بەڵام قەت نەیویستووە وازی لە موڵک و میرات ھێنابوو، خودی خۆی خاوەنی ھیچ نییە، نەگرد، نەکێڵگە، نەباخ ، نە کۆشک و تەلار، ئەگەر تەسدیقی نەفەرموون ئەوە تاپۆ و ئەوە تۆمار !!
رێباز و قوتابخانەکەی بمێنێ، چونکە ویژدان و مێژوو نایمرێنێ !
پیرۆز دەباشان بە مەزاری مام
بڕازێتەوە بە گوڵ و نەمام
سەرچاوەکان :
١.دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی
٢.دیداری تەمەن ( سەلاح رەشید )
٣.کورتە لە مێژووی شێخانی تاڵەبانی ( شەرەف ئەشرەف تاڵەبانی )
٤.مام جەلال لوتکەی گەورەیی (ممتاز حەیدەری )
٥.گۆڤاری سلێمانی ژ ( ١٨٤ ساڵی ٢٠١٧ ) وگۆڤاری لڤین ژ ( ٣٦١ ساڵی ٢٠١٧ )
مانایەکان :
•ساڵێک پێش پەیدابوونی فلووسی سوور واتە ساڵی ١٩٣٢
•لە ئەژداد و ئابادی تێدا بوو ( نوور ) مەبەست لە ( نوور ) شێخ نوروللە و شێخ نووری کە دەکاتە باپیری و باپیری باوکی مام جەلال !
•ھەشت ھەشە سوێن : واتە رەشماڵێک لە ھەشت (ھەسوێن ) پێک ھێنرا بێت و تەنیا ماڵە گەورەکان رەشماڵی ھەشت ھەسوێنییان ھەبووە.
•ھەسوێن : پایەی رەشماڵ .
•بەبێ غەلال : بێ خەلەل، بێ غەل و غەش
•شەپەتووکە : ھەنگوینێکی نایابە بە شەپارووەکە( ھەنگی کەژ ) دەیکات ئەو ھەنگی کەژە ماڵی نابێ ھەر لە شاخ و بەندە نانە !! .

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.