وتار
یەکلاییکردنەوەی سیستەمی حکومڕانی لە بازنەی دەستووردا

سەعدی ئەحمەد پیرە

ماددەی (١٣) دەڵێت چی؟ ئایا چەند گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان؟ ماوەیەک مشتومڕ و تەنانەت ناکۆکیش تووند بوو لە سەر سیستمی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستاندا، ئایا سیستمەکە پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی؟ ئەمە ھەڵبژاردەیەک نییە لە دەستی ئێمەدا بێ و چۆنمان بووێت وەھا دیاری بکەین، چی لە دەستووردا ھەیە و سیستمی حکومڕانی لە حکومەتی فیدراڵدا چۆن و چییە، دەبێ لە ھەرێمی کوردستانیشدا بەو شێوەیە بێت.
دەستوور ئەوەی دەستنیشانکردووە کە سیستمی حکومڕانی لە عێراقدا پەرلەمانییە و لە خاڵی یەکەمی ماددەی (١٣) شدا دەڵێت: ئەم دەستوورە یاسای باڵایە لە عێراقدا و دەبێ لە سەرتاسەری وڵاتدا پێوەی پابەندبن، بەبێ (استپنا‌ء).

خاڵی دووەمی ماددەکەش دەڵێت: نابێ یاسایەک دەربچێ ھاودژ بێ لەگەڵ ئەم دەستوورە و ھەر دەقێک لە دەستووری ھەرێمەکان یان لە ھەریاسایەکی تر دژ بکەوێتەوە لەگەڵ ئەم دەستوورەدا، بە بەتاڵ و پووچەڵ دادەندرێت.

ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندا ھەمیشە بە گومان بوون لەگەڵ یەکتریدا، بۆ نموونە ئەگەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرێز (مەسعود بارزانی) نەبوایە، ئەو باسە ئەوەندە نەدەبووە جێی مشتومڕ و ناکۆکی، ئەگەر سەرۆک وەزیران بە تەواوی رۆڵی خۆی ببینیایە، ھەندێ دەسەڵات ھەیە کە ھی خۆیەتی وەک سەرۆک وەزیران نەیدابوایە، ئەو بابەتە بەمجۆرە نەدەھاتە پێش.

لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣ و سەرەتاکانی ٢٠١٤ دا، کاتێ شاڵاوی ئیرھاب و شەڕی داعش دەستیپێکرد، دەسەڵاتی زیاتر درا بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات سەرۆکی ھێزە چەکدارەکان بوو، ئەمەش شتێکی ئاساییە، چوونکە لە حاڵەتی شەڕدا بیت جیایە وەک لەوەی لە حاڵەتی ئاسایی دابیت.
بەڵام ئێستا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چارەسەری ریشەیی گرفتەکە و پێویستە ماددەی (١٣) وەکو ماددەیەکی دەستووری، دەقاو دەق رێزی لێ بگیرێ و نەکرێتە بەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان لە ھەڵبژاردنی سیستمی حکومدا.

باشتر وایە ئەو ناکۆکیەی لەسەر جۆری سیستمی حکومڕانی ھەیە بگوازرێتەوە بۆ بازنەی دەقە دەستوورییەکە، چوونکە لە ھیچ کاتێکدا ناکرێ و ناتوانرێ سیستمێک دیاری بکرێ لەگەڵ ناوەڕۆکی دەستووری عێراق دژ بێت، ناکرێ تۆ بەشێک بیت لە عێراق و سیستمەکەت جیاواز بێ، ناکرێ لە ناو یەک دەوڵەتدا دوو جۆر سیستمی حکومڕانی ھەبێت، ئەمە لە رووی دەستوورییەوە رێ پێدراو نییە، ھەروەک لە ماددەی(١٣)دا ئاماژەی بۆ کراوە.

لە راستیدا ئەو ناکۆکیانەی لە پەیوەندی جۆری سیستەمی حکومڕانی لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستاندا دروستبوون، کوردی لاواز کرد، ئەو تین و وزەیەی کە دەبوو لە بەغداد خەرجی بکەین بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان، لە بەرامبەر یەکتریدا خەرجمان کرد، حکومڕانانی بەغداد لە دوورەوە و بە خۆشحاڵیەوە سەیری شەڕە دەنوکی گۆڕەپانی سیاسی ئێمەیان دەکرد.

ھەڵبەتە عێراق ھیچ کات بەوە رازی نابێ لە ھەرێمی کوردستاندا سیستەمێکی جیاوازی حکومڕانی ھەبێ تەریب نەبێ لەگەڵ ئەو سیستەمەی لەوێ ھەیە، بەڵام نەشھاتن لە سەبارەت بەم مەسەلەیە شتێکی ئەوتۆ بڵێن، چوونکە ھێزە کوردییەکان خۆیان لە نێوان خۆیاندا بەو ناکۆکییەوە سەرگەرم و سەرقاڵ بوون، ئەوان پێیان خۆشبوو ئەو ناکۆکیانە ھەمیشە ھەبن و درێژە بکێشن، چوونکە نایانەوێ ھەرێمێکی بەھێز ھەبێ کە بەر بەو پێشێڵکارییە دەستووریانە بگرێ کە عێراق ئەنجامی دەدات، ئەوان تەنھا کاتێک ئەوەی بیانەوێ بۆیان مەیسەر دەبێ کە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی کێشەی ناوخۆی خۆیەوە نەیپڕژێتە سەر ئەو کێشە و ناکۆکیانەی پەیوەندی بە عێراق و بە جێبەجێ نەکردنی دەستوورەوە ھەیە.

ئەوەی رۆیشتووە تازە رۆیشتووە، لەمەودوا گرنگە رەچاوی ئەوە بکەین و بشزانین کە لە ئاستی ناوخۆییدا عێراق ھەوڵدەدات ھەرێمی کوردستان بە ھێز و گەشەکردوو نەبێت، ھاوکات لە سەر ئاستی ھەرێمایەتی و جیھانیدا ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی عێراق و ھەرێمی کوردستان پێشنەکەون، دەتخەنە بارودۆخێکەوە کە ھەموو شتێکت لە پێناو خۆپاراستنتدا خەرجبکەیت، سەدان ملیار داھاتت ھەیە، شەڕێکت بۆ دروست دەکەن کە ناچاربیت لە بری ئەوەی ئەو پارەیە لە خۆپێشخستندا خەرج بکەیت، لە خۆپاراستندا خەرجی بکەیت.

زۆربەی جار سەرنج لەسەر بنیادنانەوەی بەرجەستەیە وەک لە بنیادنانەوەی نابەرجەستە، بنیادنانەوە زۆربەی جار تەنھا بە بنیادنانەوەی باڵەخانە و شەقام و رێگاوبان داندراوە، لە کاتێکدا بنیادنانەوەی کەسایەتی تاک ھەمان گرنگی ھەیە، رەنگە زیاتریش، ئەوەی رووخاوە تەنھا باڵەخانە و پرد و رێگا نییە، کەسایەتی تاک لەم وڵاتەدا لە ھەموو شتەکانی تر خراپتر رووخاوە، ھەڵبەتە ئەمە بە واتای کەمکردنەوەی بایەخی بنیادنانەوەی بەرجەستە نییە، چونکە ئەویش لە شوێنی خۆیدا کاریگەری ھەیە بەسەر دیوەکەی تردا کە کەسایەتییە، لە خانوویەکی بە دڵۆپە بژی و بە رێگایەکی پڕ لە چاڵ و چۆڵدا بڕۆی، ئەمانیش بۆخۆیان کەسایەتیت تێک دەشکێنن.

بنیادنانەوەی کەسایەتی پرۆسەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، ئەمە پرۆسەیەکی درێژماوەیە، سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە بەندە بەو ژینگەیەی تاک تێیدا دەژی، ھەوڵەکان بێ ئەنجام دەبن ئەگەر ژینگەی بۆ ئامادە نەکرێت، کاری دروست ئەوەیە بە ھاوسەنگی و ھاوکاتی، ھەردوو بوارەکە بایەخی پێبدرێت.
زانینی ئەم راستییانە دەبێ وامان لێ بکات وەکو ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان ئەو رێ و جێیانە بگرین کە تەبامان دەکات و ئەو تەباییەش ھێزمان پێ دەبەخشێت، ئەو بە ھێزبوونەش دەستی توانای ئەوەمان دەداتێ دەستوور وەک ئەوەی ھەیە جێبەجێ بکرێت.

ھەر ھێزێکی عەرەبی کە لە عێراقدا حکومەت پێک دەھێنێ کار لەسەر ئەو لایەنەی دەستوور دەکات کە دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی حکومەتەکەی و لاوازبوونی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکان، دەبێ لە بەرامبەردا حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی باشتر کار لە سەر ئەو بەشانەی دەستووردا بکات کە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ کەم دەکاتەوە و دەیدات بە حکومەتی ھەرێم و پارێزگاکان.

ئەوە چاوەڕوانکراوە کە تا عێراق بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، ئەم ململانێیە بەردەوامی دەبێت، ھەر لیستێکی عەرەبی لە ھەلبژاردندا بیباتەوە و حکومەت پێکبھێنێ و ھەر کاندیدێکیشی پایەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بگرێت، ھیچ لە جەوھەری بابەتەکە ناگۆڕێ و ململانێیەکە وەکو خۆی درێژەی دەبێ و ھەوڵدەدرێت ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی ئەوتۆی ئابووری و سیاسی و سەربازیی نەبێت، ئەوە زۆر کێشە نییە، کێشە ئەوەیە ئەگەر ھەرێمی کوردستان کە لایەنی دووەمی ململانێیەکەیە پلانی وردی خۆ بەھێزکردنی نەبێ لە ھەر سێ ئەم بوارانەدا.

دەشێ و ئاساییە ئەگەر ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە نێوان خۆیاندا ململانێی یەکتر بکەن، بەڵام ئەگەر ئەم ململانێیە ببێتە ھۆی لاوازبوونی کورد لە بەغداد و لە بەرامبەر عێراقدا زیانەکەی گەورە و ھەمەلایەنەیە و ھەموومان ئەو زیانەمان بەردەکەوێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.