وتار
ئەی تاوانی قاچاخچییەکان ؟!

سۆران ڕەشید

با لە نوێترین کارەساتی ڕێگای کۆچەوە دەستپێبکەین، ڕۆژی ١٠ی مانگی ڕابردوو (تشرینی یەکەم)، نزیکەی ٢٩ کۆچبەری کوردی خەڵکی دھۆک و زاخۆ لە دەریای ئیجەدا خنکان، مانگی ئەیلولیش، چەند قاچاخچییەکی کورد، شەش کۆچبەری کوردیان لە شوقەیەکی شاری ئەستەنبوڵدا بە بارمتەگرت، دوای لێدان و سوکایەتی زۆر بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، ناچاریان کردن ڤیدیۆیەک تۆمار بکەن و بە خێزانەکانیان بڵێن کە قاچاخچییەکان ئەوانیان گەیاندووەتە فەڕەنسا بۆئەوەی پارە لە خێزانی کۆچبەرەکان بکشێننەوە، دواتر پۆلیس ھەموویانی ڕزگارکرد، بەڵام قاچاخچییەکان ھەڵھاتن، ئەمانە تەنھا نوێترین تاوانیانە و ھەزاران تاوانیان ھەیە، کەواتە کاتی ئەوە ھاتووە بپرسین، ئەی تاوانی قاچاخچییەکان؟! ئایا یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات؟

ھۆکارەکانی کۆچکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکران، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، نزیکەی ٦٠٠ ھەزار عێراقی کە بەشێکی زۆریان کوردی ھەرێمی کوردستانن کۆچیان کردووە و داوای مافی پەنابەڕێتییان لە ٤٣ وڵاتی جیھان کردووە و نزیکەی ھەموویان لە ڕێگەی نایاسایی و قاچاخەوە بووە، واتە قاچاخچییەکان ھەڵسوکەوتیان بە ژیان و سەلامەتی ئەو کەسانەوە کردووە، بەپێی دواین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، قاچاخچییەکان بەرپرسن لە ٥٠%ی توندوتیژی سێکس و جەستەیی و دزین و فراندنی کۆچبەران.

ڕۆژانە قاچاخچییەکان تاوان لە دژی کۆچبەران ئەنجام دەدەن، پارەیەکی زۆر لە کۆچبەر وەردەگرن، گوێ بە سەلامەتی ژیان کۆچبەر نادەن و ژیانیان دەخە مەترسییەوە، نەک ھەر بەڵێنی درۆ ، بەڵکو زۆرجار پێچەوانەی بەڵێنەکەشیان ڕەفتار دەکەن، ناسنامە و بەڵگە فەرمییەکان ساختە دەکەن، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر کچان و ژنان، پارە لە خێزانی کۆچبەرەکان دەکێشنەوە و چەندین تاوانی دیکە.

قاچاخچییەکان گوێ بە سەلامەتی کۆچبەر نادەن، سەدان کەیس تۆمارکراون کە قاچاخچی شەوێک پێش دەرچوون وێنەی یەختێکی گەورە دەداتە کۆچبەر و دەڵێت سبەینێ بەو یەختە گەورەیە کۆچ دەکەن، بەڵام بۆ بەیانییەکەی کۆچبەر لوتی بە بەلەمێکی ناسەلامەتی چوپی بچوکدا دەتەقێت و بە ھەڕەشە و چەک و لێدان ناچاردەکرێت قەدەری خۆی و ماڵ و منداڵی بداتە دەستی ئەو بەلەمە بچوکە کە زۆرجار نزیکەی ٣٠ تا ٧٠ کۆچبەری تێدەکرێت کە لە کاتێکدا گونجاو نییە بۆ ١٠ کەسیش، نمونەی کار و تاوانی قاچاخچی ئەوەندە زۆرن، بە دەیان و سەدان بابەتی دەوێت بۆ باسکردن. 

بەداخەوە قاچاخچییەکان، کە ناوی عەجیب و غەریبیان ھەیە، شوێن و ناونیشانیان دیارە، لە ھەرێمی کوردستان باندی تایبەتی ناونوسین و وەرگرتنی پارەیان ھەیە، ھەندێجار بە چاوساغی بەرپرسان تاوانەکانیان ئەنجام دەدەن و یاری بە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکەن.

کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ھیچ قاچاخچییەک سزا دەدرێت لە ھەرێمی کوردستان؟ ئایا یاسایەک ھەیە بۆ وەستاندنیان؟ بۆچی تائێستا پەرلەمانی کوردستان ھیچ دانیشتنێکی لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە؟ چۆن تائێستا ھیچ یاسایەک بۆ دژایەتی بەقاچاخبردنی مرۆڤ و قاچاخچییەکان دەرنەکراوە؟

لە دواین ھەمواری پرۆژە یاسای نەھێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ ژمارە (٢٨)ی ساڵی ٢٠١٢ی عێراق لە ‌ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاماژەیەکی بە ڕوبەڕوبوونەوەی دیاردەی بەقاچخبردنی ھاوڵاتیانی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە کە بەڕای من ئەرکی لەپێشینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە بۆئەوەی یاسایەک لەوبارەیەوە دەربکەن.

لە زۆرێک لە وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت لە تورکیا، یاسای ڕوبەڕوبوونەوەی فاچاخچی ھەیە و ڕۆژانە چەندین قاچاخچی دەستگیردەکرێن و سزادەدرێن، یان بەلانی کەمەوە، بەو ئازادییەی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.

بەداخەوە بەپێی ئامارەکان، تائێستا نزیکەی ٣٠٠ کەسی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای قاچاخی و بەھۆی ھەڵەی قاچاخچییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە؟

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.