وتار
رێكه‌وتنی پێشوه‌خته‌

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتی و پارتی، ته‌نها بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان نه‌بوو له‌نێوان ئه‌و دوو ڵایه‌نه‌، به‌ڵكو بۆ تێپه‌ڕاندنی قۆناغی دوای‌ گرژییه‌كانی نێوان هه‌ردوڵا بوو كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ بوو به‌رده‌وام بوو. ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ساده‌یی بنه‌مای‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنی نێوان هه‌ردوڵای ده‌ستنیشانكردبوو، هه‌م له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و هه‌میش له‌پرسی بڕیارداندا بنه‌مایه‌كی روونی ده‌ستنیشانكردبوو.
رێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها به‌ره‌نجام گفتوگۆی نێوان دوو ڵایه‌نی سیاسی بۆ حوكمڕانیی هه‌رێم نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی تێگه‌یشتن بوو بۆ ئه‌و واقعه‌ی كه‌ دیموكراسی ناتوانێت قۆناغه‌كه‌ تێپه‌ڕێنێت و سه‌قامگیریی سیاسی و ئابوریی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش دروستبكات، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ دیموكراسی گرفتی هه‌یه‌، به‌ڵكو واقعی كوردستان تاڵ بوو، بۆیه‌ ده‌بو رێككه‌وتنێكی سیاسی بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ڕێی‌ ئارامی سیاسییه‌وه‌ بارودۆخی گشتیی پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.
سه‌رباری ره‌خنه‌گرتن له‌و رێككه‌وتنه‌، بارودۆخی كوردستان له‌ 2006 تاوه‌كو 2012 كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌كه‌موكوڕییه‌وه‌ هه‌بوو، پێشكه‌وتنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی، باری سیاسی جۆرێك له‌ سه‌قامگیریی هه‌بوو، بارودۆخی ئابوریی زۆر خێرا گه‌شه‌ی‌ كرد، باری دادگاكانی كوردستان باشتربوو، رۆژنامه‌ رۆڵێكی باشتری ده‌بینی به‌راورد به‌ بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان..تد
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێنه‌كرا، هه‌م پارتی ته‌جاوزی له‌سه‌ر مافی یه‌كێتی كردو هه‌میش بارودۆخی ناوخۆی یه‌كێتی وایكرد به‌پێی‌ بنه‌ماكانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كارنه‌كرێت و سه‌ره‌نجام هه‌م زۆربه‌ی‌ جومگه‌كانی حوكمڕانیی بكه‌وێته‌ ده‌ست پارتی و هه‌میش پرسی بڕیاردان به‌ته‌واوی ڵاسه‌نگ بێت، ئه‌مه‌ش وایكرد رێككه‌وتنه‌كه‌ كاڵ ببێته‌وه‌و چه‌قبه‌ستن و ئاڵۆزیی سیاسی و ئابوریی به‌دوایخۆیدا بێنێت! ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ بریتی بوو له‌ په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و حوكمڕانیی به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، ئه‌مه‌ سه‌رباری نه‌مانی گوتاری كورد به‌رامبه‌ر به‌غداو نه‌مانی كاری هاوبه‌شی ڵایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌به‌غدا!
دوای ڵاسه‌نگبونی هێزو كاڵبونه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی، كوردستان به‌ره‌و بارودۆخێكی ناسه‌قامگیر هه‌نگاو ده‌نێت، له‌م قۆناغه‌دا دیموكراسی (وه‌كوخۆی) ناتوانێت ببێته‌ نه‌خشه‌ڕێی‌ یه‌كڵاییكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌و گرفته‌كانی دێنه‌ڕێی‌ ڵایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی. ئه‌و ئاڵۆزییه‌ش بێگومان دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانیی به‌ته‌واوی ڵاواز ده‌كات، واده‌كات نه‌ حكومه‌ت ئیشی خۆی بكات و نه‌ په‌رله‌مان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ملمڵانێكان، سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی زۆر ڵاواز ده‌بێت و رۆژنامه‌ش له‌بری بینین رۆڵی چاودێریی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو داموده‌زگاكانه‌وه‌، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ملمڵانێی‌ سیاسی و رۆڵێكی دیكه‌ ده‌گێڕێت!
به‌كورتی رێككه‌وتنی سیاسی بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنی پارتی و یه‌كێتی مه‌رجی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابورییه‌ له‌كوردستان، به‌بێ‌ رێككه‌وتنی سیاسی درێژخایه‌ن، مومكین نییه‌ بتوانرێت حكومه‌تێكی به‌هێزو سه‌قامگیر، ئه‌جێندایه‌كی روونی كورد له‌به‌غدا دروست بێت، بۆیه‌ هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان له‌پێش نییه‌، هه‌ر بژارده‌یه‌كی دیكه‌ نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامێكی باش! به‌مه‌رجێك ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌، دوو بنه‌مای‌ سه‌ره‌كی له‌خۆ بگرێت، یه‌كه‌م: داڕشتنی بنه‌مای دابه‌شكردنی پله‌و پۆست و جومگه‌كانی حوكمڕانی به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت ڵایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌. دووه‌م: پرسی بڕیاردان له‌كوردستان ته‌نها له‌ده‌ست حزبێك نه‌بێت و رێككه‌وتنه‌كه‌ میكانزمێك بۆ پرسی بڕیاردان له‌كوردستان ده‌ستنیشانبكات و وه‌كوخۆی جێبه‌جێبكرێت، نه‌ك حزبێكی دیاریكراو هه‌ژمونی به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی خه‌ڵكی كوردستان دا هه‌بێت.

« ھەموو وتارەکان کەلە تۆڕی ھەواڵی سلێمانی بڵاودەبێتەوە، تەنھا بیروبۆچونی نوسەرەکەیەتی »
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.