دیدار

  له‌ساڵی 2030ه‌وه‌ ده‌بێت هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌شێك له‌قه‌رزه‌كان بده‌نه‌وه‌

له‌دیدارێكی تایبه‌تی SNNدا، زاگرۆس فه‌تاح به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بودجه‌ی پرۆژه‌كان له‌وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێم، پلانه‌ ستراتیژییه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌كان و ڕه‌وشی به‌ڵێنده‌ران به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت به‌غدا زوڵمی گه‌وره‌مان لێده‌كات، بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز هاوبه‌شیمان پێناكات و ته‌نها له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان پشكی هه‌رێم دیاریده‌كات.

 
SNN: له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014 كه‌ قه‌یرانی دارایی له‌هه‌رێم سه‌ریهه‌ڵدا، چه‌ند پرۆژه‌ له‌كاردابوون؟

ــ به‌رله‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی دروستببێت، زیاتر له‌ سێ هه‌زارو 200 پرۆژه‌مان له‌بواری جێبه‌جێكردندابوون، به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌مانتوانی به‌رده‌وامی به‌پێدانی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران بده‌ین، به‌وهۆیه‌وه‌ زۆربه‌ی پرۆژه‌كان ڕاگیران، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌به‌ڵێنده‌ران له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان پرۆژه‌كانیان ته‌واوكرد.
 
SNN: ئێستا كه‌ قه‌یرانی دارایی به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕوات و داهاتی هه‌رێمیش به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێت، هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ تا به‌شێك له‌و پرۆژه‌ ڕاگیراوانه‌ بخرێنه‌وه‌ بواری جێبه‌جێكردن؟

ــ له‌ساڵه‌كانی 2015 و 2016 به‌دوو قۆناغ پاره‌ بۆ به‌ڵێنده‌ره‌كان خه‌رجكرا، له‌قۆناغی یه‌كه‌م 200 ملیۆن دۆلارو له‌قۆناغی دووه‌میشدا 100 ملیۆن دۆلار بۆ سه‌رجه‌م به‌لێنده‌ران خه‌رجكرا، له‌ساڵی 2017 دوو وه‌جبه‌ پاره‌ سه‌رفكرا بۆ به‌ڵێنده‌ره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی توانیومانه‌ بیكه‌ین سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی دانه‌وه‌ی قه‌رزی به‌ڵێنده‌ران  كه‌م تا زۆر به‌رده‌وامی پێبده‌ین، ئێستاش نزیكه‌ی 300 ملیۆن دۆلار قه‌رزاری به‌ڵێنده‌ران ماوین، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی به‌ڵێنده‌ران چه‌كه‌كانیان فرۆشته‌وه‌، زۆر زه‌ره‌رمه‌ندبوون به‌پله‌ی دووه‌م له‌دوای شه‌هیدبوون له‌شه‌ڕی داعش، به‌ڵێنده‌ران زه‌ره‌رمه‌ندی دووه‌م بوون، به‌ڵێنده‌ر هه‌یه‌ 800 هه‌زار دۆلارو به‌شێكی تریان دوو ملیۆن دۆلاری له‌لای حكومه‌ت بوو، به‌شێكیان ناچاربوون خانووی خۆیان بفرۆشن بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌رزانه‌، ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندانانیش كردومانه‌ زۆر له‌نزیكه‌وه‌ كارمانكردوه‌ بۆئه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان بده‌ینه‌وه‌.


SNN: له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك به‌ڵێنده‌ر به‌هۆی زۆری قه‌رزه‌كانی سه‌ریان و نه‌بوونی توانای حكومه‌ت بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ ئیفلاسیان كرد، ئێوه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندانان چۆن هاوكارییان ده‌كه‌ن؟

ــ ئاسانكاریمان بۆ كردون ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كۆتایی به‌گرێبه‌سته‌ وژاۆكراوه‌كان بهێنن ده‌توانن بیكه‌ن و پرۆژه‌كان بوه‌ستێنن، غه‌رامه‌ی دواكه‌وتنمان له‌سه‌ر لابردون، ئێستاش به‌رله‌ساڵی 2019 هه‌وڵده‌ده‌ین بڕێك پاره‌ له‌حكومه‌ت وه‌ربگرین و پێیان بده‌ین.

 
SNN: كاری وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون دروستده‌كه‌ن، تاچه‌ند په‌یوه‌ستن به‌ئێوه‌وه‌، به‌جۆرێك له‌رابردوودا به‌شێكیان به‌هۆی زۆری قه‌رزه‌كانی سه‌ریان هه‌ڵاتون و پرۆژه‌كانیان به‌ته‌واونه‌كراوی به‌جێهێشتووه‌؟

ــ ئێمه‌ زیاتر په‌یوه‌ستین به‌پرۆژه‌كانی حكومه‌ت كه‌ بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكردون، هیچ به‌ڵێنده‌رێك نه‌بووه‌ كۆتایی به‌كاره‌كه‌ی نه‌هێنێت و ڕابكات، ئه‌وانه‌ زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ده‌سته‌ی گشتی وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ نه‌ك ئێمه‌، هه‌ندێك وه‌به‌رهێنه‌ر پاره‌یان له‌خه‌ڵك وه‌رگرتوه‌و ڕایانكردوه‌و ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ به‌ڵكو زیاتر له‌ئه‌ستۆی وه‌به‌رهێنه‌رانه‌، ئه‌وان مۆڵه‌ت ده‌ده‌نه‌ وه‌به‌رهێنه‌ر بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، پرۆژه‌كانی ئێمه‌ زیاتر خۆیان له‌دروستكردنی خوێندنگه‌و شه‌قام و نه‌خۆشخانه‌و چاككردنی ئاوو ئاوه‌ڕۆو كاره‌با ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌ت و له‌ڕێگه‌ی به‌ڵێنده‌ره‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێن، به‌ڵام وه‌به‌رهێنان كه‌سێكی ده‌وڵه‌مه‌ند زه‌وییه‌ك وه‌رده‌گرێت و ده‌ستده‌كات به‌دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون و دواتریش پاره‌ له‌خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت.

SNN: ئه‌و پرۆژه‌ ستراتیژیانه‌ی ئێستا له‌به‌رنامه‌تان دایه‌ تاوه‌كو له‌ئاینده‌ بخرێنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ چین؟

ــ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی ستراتیژیمان هه‌یه‌ له‌بواری جێبه‌جێكردندان و ته‌واو نه‌بوون، له‌وانه‌ش پرۆژه‌ی كاره‌با كه‌ خۆی له‌گۆڕینی هێڵه‌كان و دروستكردنی وێستگه‌كانی كاره‌با ده‌بینێته‌وه‌، به‌مه‌ش كاره‌با باشتر ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ هاوڵاتیان، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی دروستكردنی به‌نداو به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌وه‌ ڕاگیراون، له‌وانه‌ش به‌نداوی گۆمه‌سپان كه‌ گرێبه‌ستیش بۆ واژۆكراوه‌، پرۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 196 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌هه‌ولێر ڕاگیراوه‌، پرۆژه‌ی 100 مه‌تریه‌كه‌ی سلێمانی، به‌ڵام هه‌وڵده‌درێت له‌بودجه‌ی 2019 بودجه‌یان بۆ ته‌رخانبكرێت و بخرێنه‌وه‌ بواری جێبه‌جێكردن، له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌وڵمانداوه‌ له‌ڕێگه‌ی قه‌رزی ده‌ره‌كی له‌بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و پرۆژانه‌ جێبه‌جێبكرێن، جگه‌ له‌وانه‌ش پرۆژه‌ی ئاو یه‌كێكی تره‌ له‌پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان و ئێستاش پرۆژه‌ی ئاوی دوكان و چه‌مچه‌ماڵ و شه‌قڵاوه‌و هه‌ریر ڕاگیراون، به‌شێكی بودجه‌ی 2019 بۆ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كان و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ته‌رخانده‌كرێت، چونكه‌ به‌خستنه‌گه‌ڕی ئه‌و پرۆژانه‌ سه‌ره‌ڕای خزمه‌تێكی به‌رچاو به‌هاوڵاتییان ده‌گات له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا هه‌لی كار زیاد ده‌كات، له‌بوجه‌ی 2019 یه‌ك ملیار دۆلار بۆ پرۆژه‌كان سه‌رفبكه‌ین ئه‌وا نزیكه‌ی 50 هه‌زار ده‌رفه‌تی كار ده‌ڕه‌خسێت ئه‌مه‌ش بێكاری به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مده‌كاته‌وه‌.

SNN: به‌شی دووه‌می پرۆژه‌ی 120 مه‌تریه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌كوێ گه‌یشت، پاره‌ی پێویستی بۆ دابینكراوه‌؟

ـــ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌، به‌ڵێنده‌ری جێبه‌جێكاری پرۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی هه‌ستاوه‌ به‌و كاره‌، له‌كاتی هه‌بوونی پاره‌دا پاره‌كه‌ی بۆ سه‌رفده‌كرێته‌وه‌، تا ئێستاش یه‌ك دیناری بۆ سه‌رفنه‌كراوه‌، ئاماده‌یی داوایكردوه‌ كه‌ی حكومه‌ت پاره‌ی هه‌بوو پێی بداته‌وه‌.



SNN: بۆچی پرۆژه‌ی 100 مه‌تریه‌كه‌ی سلێمانی نه‌خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌؟

ــ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ درایه‌ به‌ڵێنده‌رێك و بڕیاربوو له‌سه‌ر بودجه‌ی 2014 جێبه‌جێبكرێت، بڕه‌ پاره‌یه‌كیشی وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م بۆ ته‌رخانكرا، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پاره‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كراو كۆمپانیاكه‌ش ئاماده‌ نه‌بوو به‌قه‌رز جێبه‌جێی بكات و ئێمه‌ش ناتوانین فشار له‌سه‌ری له‌سه‌ر دروستبكه‌ین هاوشێوه‌ی 120 مه‌تریه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌قه‌رز دروستی بكات.

SNN: له‌پلاندا هه‌یه‌ بۆ ساڵی 2019 پاره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی 100 مه‌تریه‌كه‌ی سلێمانی ته‌رخانبكرێت؟

ــ ده‌بێت به‌رله‌هه‌ر شتێك ئه‌و زانیاریانه‌مان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ پێبدرێت كه‌ بۆ ساڵی 2019 چه‌ند بودجه‌ بۆ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ته‌رخانده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ پاره‌ بۆ پرۆژه‌كان ته‌رخانده‌كرێت و به‌دڵیناییشه‌وه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌درێت به‌و پرۆژانه‌.

SNN:  شاره‌وانییه‌كان زۆرجار باس له‌ماسته‌رپلانی پارێزگاكان ده‌كه‌ن، ئێوه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندانان چ ماسته‌رپلانێكتان به‌گشتی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و چۆن هاوكاری شاره‌وانییه‌كان ده‌كه‌ن؟

ــ ماسته‌رپلان په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان بۆئه‌وه‌ی هاوكاریان بین و بزانین پێداویستییه‌كانیان چیه‌ له‌رووی پرۆژه‌وه‌.

SNN:  چۆن پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2019 داده‌نرێت؟

ــ پرۆژه‌كه‌ له‌دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، بودجه‌ی به‌كاربردن و بودجه‌ وه‌به‌رهێنان، به‌كاربردن له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ داده‌نرێت، به‌شی دووه‌م كه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانه‌ له‌لای ئێمه‌وه‌ داده‌نرێت به‌پێی ئه‌و بوجه‌یه‌ی بۆمان دیاریده‌كرێت، چونكه‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌رپرسیاره‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی داهات، بڕی داهاته‌كه‌ی دیاریده‌كات و ئێمه‌ش به‌پشت به‌ستن به‌بڕی داهاته‌كه‌ پرۆژه‌و پلانه‌كانمان له‌ناو بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان دیاریده‌كه‌ین.

SNN:  په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌چ ئاستێكدایه‌ بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز، زۆرجار ده‌وترێت هه‌رێم ناتوانێت ڕاسته‌وخۆ قه‌رز وه‌ربگرێت چونكه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقدایه‌، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ چیتان كردوه‌؟

ــ راسته‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت قه‌رز بدات به‌ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نیین، ئه‌وان هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ وڵاته‌ سه‌ربه‌خۆكاندا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ سندوقی نه‌قدی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ قه‌رزده‌ده‌نه‌ عیراق، پشكی هه‌رێم وه‌ربگرین له‌و قه‌رزانه‌، ده‌مانه‌وێت فشار له‌سه‌ر به‌غدا دروست بكه‌ن تا به‌شێكی قه‌رزه‌كان بدرێنه‌ هه‌رێم، هه‌رچه‌ند تا ئێستا به‌داخه‌وه‌ هیچیان نه‌كردوه‌، چاوه‌ڕوانده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، بتوانین بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنێك كه‌ له‌و قه‌رزانه‌ پشكی هه‌رێم بدرێت، له‌ساڵانی پێش 2014 به‌شی هه‌رێم دراوه‌ له‌قه‌رزه‌كان، له‌وه‌رگرتنی قه‌رزی پرۆژه‌كان به‌شی هه‌رێم دراوه‌ بۆنمونه‌ ڕێگه‌ی نێوان هه‌ولێر – پردێ له‌قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی دروستكراوه‌ كه‌ دراوه‌ به‌هه‌رێم، به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و دوكان كه‌ 40 ملیۆن دۆلاری بۆ خه‌رجكراوه‌ له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانانی عیراقه‌وه‌ جێبه‌جێكراون.

SNN: ده‌وترێت هه‌رێم پاره‌ی به‌قه‌رز بۆ پرۆژه‌كان وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام حكومه‌ت به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی له‌لایه‌ن موچه‌خۆرانه‌وه‌ له‌سه‌ری دروستكراوه‌، به‌شێكی پاره‌كه‌ی بۆ موچه‌ سه‌رفكردوه‌؟

ــ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌، قه‌رز بۆ پرۆژه‌ له‌لایه‌ن بانكی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌قدی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ده‌درێت و ئه‌وانیش چاودێری ده‌كه‌ن، حكومه‌تی هه‌رێم راسته‌ قه‌رزی كردوه‌ به‌ڵام له‌كۆمپانیاكانی نه‌وت كردویه‌تی تا بتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێبدات، ئه‌گه‌رنا بۆ پرۆژه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌و درابێته‌ موچه‌، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تیشدا ناتوانرێت قه‌رز بۆ پرۆژه‌ وه‌ربگیرێت و بدرێته‌ موچه‌.

SNN: ئه‌و وڵاتانه‌ كامانه‌ن كه‌ له‌رابردوودا قه‌رزیان داوه‌ به‌حكومه‌تی هه‌رێم؟

ــ ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاگادارین، توركیایه‌ قه‌رزی داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌ویش له‌ پاره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت وه‌ریده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌گشتی وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌یه‌.

SNN:  ده‌وترێت له‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی پلاندانان جیاوازی له‌نێوان پارێزگاو ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌كرێت، ئه‌مه‌ چۆنه‌؟

ــ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست نییه‌، چونكه‌ له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ تا ساڵی 2014 كه‌ پاره‌ هه‌بوو، ئه‌وكاته‌ وه‌زیری دارایی به‌ده‌ست یه‌كێتیه‌وه‌ بوو، له‌وه‌زاره‌تی پلاندانانیش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پرۆژه‌كان پۆستی یه‌كێتی بوو، بۆیه‌ نه‌ پارتی و نه‌یه‌كێتی ناتوانن غه‌در له‌ناوچه‌كان بكه‌ن و جیاوازی له‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كاندا بكه‌ن، به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان بودجه‌ بۆ پرۆژه‌كان خه‌رجده‌كرا، جگه‌ له‌وه‌ش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرا كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی تێدابوو چه‌ند پاره‌ بۆ ناوچه‌ جیاوازه‌كان خه‌رجده‌كرا، بۆیه‌ هیچ لایه‌نێكی سیاسی نه‌یتوانیوه‌ غه‌در له‌ناوچه‌یه‌ك بكات له‌به‌ر خاتری ناوچه‌یه‌كی تر، ئه‌وه‌ی روون بێت پاره‌ هه‌بووه‌و نه‌توانرابێت جێبه‌جێی بكه‌ن، هه‌رئه‌وه‌شه‌ وایكردوه‌ هه‌ندێك پارێزگا خزمه‌تگوزاری زیاتر پێشكه‌ش بكات به‌راورد به‌پارێزگایه‌كی تر.

SNN:  ئه‌و گرفتانه‌ی به‌غدا بۆ پلانه‌كانی هه‌رێم دروستیان ده‌كات چین؟

ــ ئه‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ لێمان ده‌كرێت، له‌و قه‌رزانه‌ی وه‌ریانگرتوه‌ له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 15 ملیار دۆلاره‌، یه‌ك دۆلاری نه‌دراوه‌ به‌هه‌رێم، ئه‌مه‌ش به‌قه‌رز دراوه‌ به‌عیراق و له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌بێت بدرێته‌وه‌، به‌جۆرێكی تر له‌كاتی وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كان ئێمه‌ به‌شێك نیین له‌عیراق به‌ڵام بۆ دانه‌وه‌ی به‌شێكین له‌عیراق، سبه‌ینێ له‌بودجه‌ی 2030 حكومه‌تی عیراقدا، ئێمه‌ ده‌بێت قه‌رزی بانكی نێوده‌وڵه‌تی بده‌ینه‌وه‌، چۆن له‌ساڵی 2006ه‌وه‌ حكومه‌تی عیراق ده‌ستیكرد به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزی كوێت، له‌پشكی ئێمه‌ كه‌مبۆوه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ئێمه‌ به‌رپرسیار ده‌بین له‌دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌و له‌ئه‌ستۆی بودجه‌ی هاوڵاتیان ده‌بێت.

SNN:  ئایا به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه‌، دۆخی هه‌رێم باشتر ده‌بێت له‌ساڵانی ئاینده‌ یاخود به‌ره‌و قوڵبونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانه‌كان؟

ــ وه‌زاره‌تی پلاندانان به‌هاوكاری بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌رنامه‌یه‌كی ڕیفۆرمی ئاماده‌كردوه‌، ئابوری هه‌رێم كێشه‌ی تێدایه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كانمان ده‌ستنیشانكردوه‌، كۆمه‌ڵێك ڕیفۆرمی ریشه‌یی هه‌یه‌ ده‌بێت جێبه‌جێبكرێن تا به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روون بڕۆین، تا ئه‌و ڕیفۆرمه‌ جێبه‌جێنه‌كه‌ین ناتوانین ئابورییه‌كی پته‌وو باشتررمان هه‌بێت.

SNN: ئه‌و ڕیفۆرمه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پلانی حكومه‌ت بۆ بچوككردنه‌وی هه‌یكه‌لیه‌تی حكومه‌ت؟

ــ یه‌كێك له‌جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ڕیفۆرمه‌كه‌ بچوككردنه‌وی قه‌باره‌ی حكومه‌ته‌، حكومه‌تێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ هه‌م له‌ژماره‌ی كارمه‌ندان و هه‌میش له‌ڕووی قه‌باره‌وه‌، كه‌ بارگرانییه‌كی زۆری له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروستكردوه‌، ئێمه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر سه‌رفبكه‌ین بۆ خزمه‌تگوزاری ئاوو كاره‌باو قوتابخانه‌ پاره‌كه‌ هه‌مووی ده‌درێته‌ موچه‌خۆران، ئه‌مه‌ش شتێكی خراپه‌و ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستی حكومه‌ت ده‌كه‌وێت به‌شێكی بدرێته‌ موچه‌ نه‌ك هه‌مووی.

SNN: پلان هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی موچه‌خۆر ی حكومه‌ت و زیادكردنی موچه‌خۆری كه‌رتی تایبه‌ت؟

ــ له‌به‌رئه‌وه‌ی موچه‌خۆر به‌پێی یاسای خزمه‌تی مه‌ده‌نی دامه‌زراون، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ناتوانرێت هیچ كارمه‌ندێك دوروبخرێته‌وه‌ له‌حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ته‌نها كارێك بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌خۆر ئه‌وه‌یه‌، فه‌رمانبه‌رێكی حكومه‌ت خۆبه‌خشانه‌ وازبهێنێت، له‌ساڵانی رابردوودا هه‌ندێك میكانیزم هه‌بوون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، یه‌كێك له‌وانه‌ش ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی وازده‌هێن له‌كه‌رتی حكومی، پێنج ساڵ به‌به‌رده‌وامی موچه‌یان پێده‌دراو خزمه‌تیان بۆ ئه‌ژمارده‌كرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌فه‌رمانبه‌ران ده‌یانه‌وێت له‌حكومه‌ت بمێننه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌نگاوی جدی بنرێت یه‌كێك له‌وانه‌ش سه‌نته‌ری بانكی و كه‌رتی تایبه‌ت پێشبخرێت، جگه‌ له‌وه‌ش وه‌ك چۆن خانه‌نشینی له‌حكومه‌ت هه‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌كه‌رتی تایبه‌ت هه‌بێ.

SNN: وه‌زاره‌تی پلاندانان چۆن هاوكاری وه‌زاره‌ته‌كانی تر ده‌كات؟

ــ له‌كاتی دانانی بودجه‌ی په‌ره‌پێدان، وه‌زاره‌تی پلاندانان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی تر ده‌كات، تا پێداویستییه‌كانیان بخه‌نه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ی بودجه‌یان بۆ دابینبكرێت، به‌ڵام ئێستا كه‌ بودجه‌ نه‌ماوه‌، هاوكاری وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفۆرم، له‌دانانی به‌رنامه‌و كاری باش پسپۆڕان بانگهێشتده‌كه‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هاوكاریان ده‌بین له‌هێنانی هاوكاری ته‌كنیكی وڵاتانی كۆمه‌ك به‌خش تا كاره‌كانیان باشتر ئه‌نجامبده‌ن.


4 مانگ پێشتر - Aug 4 2018 8:54AM
4599
‌زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.