دیدار
دیدار - مه‌گه‌زین
یوسف سەعید: بیرم لەھاوسەرگیری نەکردۆتەوە
SNN: خێڵان رەئوف

یوسف سەعید ئەو ھونەرمەندە گەنج و سەرنجراکێشەکەی نێو دنیای ھونەری کوردی یە، کەبەکەمترین بەرھەم توانیویەتی دڵی زۆرێک لەگەنجان بەلای خۆیدا رابکێشت و دەنگە بەسۆزەکەی تائەبەد لەگوێی گوێگرانی تەمەنە جیاوازەکاندا بمێنێتەوە. 
یوسف سەعید خویندکاری ماستەرە لەبەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سلێمانی، لەدایکبووی پارێزگای ھەڵەبجەیەو لەئێستادا لەسلێمانی دەژی، کاردەکات لەرێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی.

SNN: کار و خوێندن وھونەرەکەت لەیەک جیاوازن، چۆن ئەم پەیوەندییەت لەنێوانیاندا دروستکردووە؟
یوسف سەعید: ھونەر حەزو خولیایەکمەو کۆمەڵناسیش بەھەمان شێوە،ھەردوو بەشەکەش پەیوەندیان بە خەڵکەوەیەو بۆ خەڵکە تارادەیەکی زۆر پەیوەندیەکی زۆر لەنێوانیاندا ھەیە.
SNN: لەکاری ھونەریدا،یەکەم بەرھەم لەچیەوە دەستت پێکرد؟کۆی بەرھەمەکانت چەندن؟
یوسف سەعید:یەکەم کاری ھونەریم دەگەرێتەوە بۆساڵی ٢٠١٠ بەرھەمێک بۆ شاری کەرکوکی خۆشەویست، کلیپی دووەمم کەگۆرانیەکی عاشقانەیە بەناوی (پاییز) تێکست و ئاوازی خۆمە،کۆی بەرھەمە تایبەتیەکانم سێ بەرھەمە.

SNN: بۆ (کەرکوک) یەکەم کاری ھونەریتە؟بیرۆکەی ئەم کارە چۆن بوو؟
یوسف سەعید: کەرکوک شارێکە ھەتا گۆرانی بۆ بوترێت کەمە،چونکە شارێکە ھەمیشە بریندارە، تائێستاش بەدابراو لەکوردستان سەیردەکرێت، ئەرکی سیاسی و ئەدیب وھونەرمەندانە، ھەرکەس لای خۆیەوە بەپێی توانای خۆی کاری بۆ بکات، تێکستی گۆرانیەکەشم لاجوان بوو،بۆیە ویستم بیکەم بەبەرھەمی یەکەمم.

SNN: تێکستی بەرھەمێکت خۆت نوسیوتە، تەنھا ئەو تێکستەت نووسیوە یان تێکستی شیعری دیکەش ھەیە؟
یوسف سەعید:لەرابردوو  تێکستی شیعریم نوسیوە، ماوەیەکی زۆرە وازم لەکارەکە ھێناوە،بەڵام دەمەوێت دەست بکەمەوە بە تێکست نوسین بۆ کارەکانی ئایندەم، چونکە گۆرانیبێژ تێکستی گۆرانیەکی خۆی نوسیبێتی و نزیک بێت لەھەستی خۆیەوە باشتر دەتوانێت ئەدای گۆرانیەکە بکات و کارەکە سەرکەوتووتر دەبێت.
SNN: تێکستی کام گۆرانیەت نزیکە لەژیانی خۆتەوە؟
یوسف سەعید: تێکستی بەرھەمەکانم تارادەیەکی زۆر نزیکن لەژیانی خۆمەوە.

SNN: لەدایکبووی شاری ھەڵەبجەیت، لەبەرنامەتدا نیە بەرھەمێکت بۆ ئەوشارە ھەبێت؟
یوسف سەعید: لەئێستادا لەبەرنامەمدا نیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەداھاتوودا بەرھەمێکی تایبەتم بۆ شاری منداڵیم دەبێت.
SNN: ئەگەر داوای کارێکی خێرخوازی بۆ بۆنەو یادەکانی شاری ‌ھەڵەبجە لێکرا، ئامادەیت بەگۆرانی وووتن بەشداری بکەیت؟
یوسف سەعید: بەدڵنیایەوە ھەرکاریک لەخزمەتی ھونەرو کوردستاندا بێت، بەخۆشحاڵییەوە ئامادەم بەشدار ببم.

SNN: لەئێستادا  تێکست وئاواز وکلیپی تورکی و فارسی عەرەبی زاڵە بەسەر گۆرانیە کوردیەکاندا، بۆچونی تۆ لەسەر ئەمە چیە؟ ئامادەیت کارێکی لەوشێوەیە بکەیت؟
یوسف سەعید: بەکارێکی باشی نازانم و زۆریش خراپە،تێکستێکی کوردی ھەبێت و ئاوازێکی تورکی بکەم بەبەریدا وەک ئەوەی لەئێستادا باوە،ئەگەر بزانم وەک ھونەرمەند ئیبراھیم تاسڵیساس دەمناسێنێت، ئامادەنیم کارێکی لەوشێوەیە دروست بکەم،بەڵام بەھۆی نزیکی سنوری ھەندیک لەوڵات بتەوێت و نەتەوێت کاریگەری ھونەرەکانیان لەسەر ھونەری کوردی دەبێت،چونکە ئەو وڵاتانە لەرووی ھونەرییەوە دەوڵەمەندترن ،ئێمە ناتوانین شەری ھونەریان لەگەڵ بکەین.

SNN:لەبەرنامەتدایە گۆرانی شاد بڵێیت؟
یوسف سەعید:بەڵێ لەبەرنامەمدایە گۆرانیەکی شاد بۆ گوێگرانی ستایلی شاد ئامادە بکەم.
SNN: پەیوەندیت لەگەڵ ئامێرە موزیکیەکاندا چۆنە؟
یوسف سەعید:لەئێستادا لەھەوڵی فێربوونی ئامێری گیتاردام،چونکە ئامێرێکی ناسکە، خەریکم دەکەومە سەر ئەوەی بتوانم لەماڵەوە کارەکانی خۆمی پێبکەم، نەوەک لەستۆدیۆیەکدا بیژەنم.

SNN: پێت باشە ھونەرمەند لەکۆی بەرھەمەکانیدا، کارێکی یان زیاتر، نوێکردنەوەی کاری ھونەرمەندە کۆنەکان بێت ؟
یوسف سەعید: نوێکردنەوەی کارە ھونەرییە کۆنەکان لەلایەن ھونەرمەندە تازەکانەوە، دەکەوێتەوە سەر سەلیقەو رۆشنبیری ھونەرمەندە تازەکە، ناکرێت ھونەرمەندیک گۆرانیەکی کۆن بڵێتەوە ئەگەر نەیتوانی وەک خۆی بیڵیتەوە ھەر ھیچ نەبێت گۆرانیەکە ناشرین نەکات وە تادڵنیانەبێت گۆرانیەکە جوانتر دەکات نەڵێتەوە باشترە.
SNN: لەئێستادا کارە ھونەرییەکان بەگشتی چۆن دەبینیت؟
یوسف سەعید: بەداخەوە،ھونەرمەندانی ئێستا (کات بر) نین، دوای ماوەیەک خەڵک تاقەتی نامێنێت گوێ لەگۆرانیەکانیان بگرێت، چونکە گۆرانیەکان بەرۆحیەتەوە ناوترێت، رۆحیەتی گۆرانی ووتن پەیوەندی بەمانەوەی کاتی گۆرانیەکەوە ھەیە.


SNN: تۆ وەک ھونەرمەندێک لای خۆتەوە چی دەکەیت بۆئەوەی ھونەری گۆرانی ووتن لەشێوازی زوو کات بەسەرچوون نەمێنێت؟
یوسف سەعید:من پێم باشە ھونەرمەند لەساڵێکدا یەک کاری ھونەری بکات بەڵام بەرۆحیەتەوە، نەک کاری زۆر وبێ پێز، بەڵینم بەخۆم داوە یان کاری ھونەری نەکەم یان ئەگەر کارێکم کرد بەرۆحیەتەوە بیکەم وبەرھەمەکە پربێت لەھەست و سۆز تابتوانێت بمێنێتەوە.
SNN: بیرت لەبەرھەمھێنانی سێدێ نەکردۆتەوە؟
یوسف سەعید: لەراستدا بیرم لەبەرھەمھێنانی سێدێ نەکردۆتەوە، چونکە دەبێت پێش بەرھەمھێنانی بزانرێت، سێدیەکەت دەکرێت پێشوازی لێدەکرێت لەلایەن خەڵکەوە، من بەباشی نازانم ھەر کەسێک بەرھەمێکی ھەبێت، دەست بکات بەدروستکردنی سێدێ.


SNN: شارەزایت لەچەند زمانێکدا ھەیە،‌بیرت نەکردۆتەوە بەو زمانانە گۆرانی بلێیت؟
یوسف سەعید: بەڵێ شارەزاییم لەزمانی فارسی و ئینگلیزی و عەرەبیدا ھەیە،جار جار بەزمانی فارسی گۆرانی دەڵێم، بەڵام بیرم نەکردۆتەوە وەک کارێکی جدی گۆرانی بەزمانی بیانی بڵێم.
SNN: لەکوردستان ئەوگرفتانە چین، رووبەرووی کەسێک دەبنەوە کەبیەوێت کارێکی ھونەری بکات؟
یوسف سەعید: گرفتی سەرەکی بەشێکی زۆر لەھونەرمەندان لەکاری ھونەریدا کێشەی مادییە،چونکە ئەگەر ھونەرمەند بیەوێت کارێکی باش بکات ودەچێت کار لەگەڵ  موزیکژەن و ئاوازدانەرە باشەکان ولەستۆدیۆیەکی دەرەوەی وڵات کارەکەی دەکات، ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەوێت.

 SNN: خۆشەویستت ھەیە؟
یوسف سەعید: ھەموو کەسێک بەقۆناغێکی خۆشەویستیدا تێدەپەرێت و کەسێک دەبێت سەرنجی رابکێشت و بەجیاوازتر لەکەسانی دیکە سەیری بکات،بەڵام لەئێستادا نەخێر خۆشەویستم نیە.
SNN: بیرت لەھاوسەرگیری نەکردۆتەوە؟
یوسف سەعید:نەخێر تائێستا بیرم لەھاوسەرگیری نەکردۆتەوەو حەزم لێی نیە،چونکە پێموایە ھاوسەرگیری پرۆسەیەکی واقعییە،ئەو خەیاڵاتە نیە کەدووکەس پێش ھاوسەرگیری بیری لێدەکەنەوە، بەرپرسیارێتیەو خۆئامادەکردنی دەوێت،دەمەوێت کاتێک ھاوسەرگیری بکەم کەبتوانم ئەوبەرپرسیارێتیە ھەڵبگرم.

SNN: بەرھەمی  نوێت چی یە؟
یوسف سەعید:بەرھەمێکە،ئاوازو ھۆنراوەی ھونەرمەندی خۆشەویست کاک زیاد ئەسعەدە،لەئێستادا خەریکی بەرھەمھێنانی کلیپەکەییم وکاک ھەردی سەلامی دەرھێنەری کارەکە دەکات، لەلایەن کۆمپانیایەکی پێشکەوتووی بەرھەمھێنانی کلیپ.






مانگ پێشتر - May 19 2017 3:50PM
2042
بابه‌تی زیاتر