لەکوردستانەوە
رووەکێک لەکوردستان چارەسەری ٣٦٠ نەخۆشی دەکات
SNN: ھەورامان ھاشم
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی دوای ١٧ ساڵ بەدواداچوون و توێژینەوە لەسەر رووەکێک،  کە چارەسەری زیاتر لە ٣٦٠ نەخۆشی دەکات و ھیچ زیانێکی لاوەکیشی نییە، توانیوێتی بۆ یەکەمجار بھێنێتە کوردستان و بیڕوێنێت و نزیکەی ھەزار و ٢٠٠ نەخۆشی پێ چارەسەربکات.
مۆرینگا "رووەکی ژیان" ئەو رووەکەیە کەبۆ چارەسەری ٣٦٠ نەخۆشی بەکاردەھێنرێت و بەھۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر لە ڤیتامنین و کانزا و دژە ھەوکردن و دژە ئۆکسیدی تێدایە کەرێژەکەی زۆر زیاترە لەچاو سەوزە و میوەکانی تر.

لەو بارەیەوە "دکتۆر جمال سەعید رەشید" مامۆستا لەکۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕ لەرەچەڵەک زانی رووەکی،  بە SNNی رایگەیاند: مۆرینگا رووەکێکە نزیکەی ١٥ جۆری ھەیە و بەپێی توێژینەوە نێودەوڵەتیەکان دەرکەوتوووە کەچارەسەری زیاتر لە ٣٦٠ نەخۆشی دەکات، ئێمە کە ھێناومانەتە کوردستانەوە ناومان لێناوە داری ژیان، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ڤیتامین و کانزا و نزیکەی ٣٥ جۆر  دژە ھەوکردن و ٤٦ جۆر دژە ئۆکسیدی تێدایە و ھەروەھا مادەی سربسترۆڵی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە.

وتیشی: مۆرینگا بەپێچەوانەی زۆر لە رووەکەکانی تر رەگ و قەد و گەڵا و گوڵ و بەر و تۆوەکەی ھەمووی سودی خۆی ھەیەو دەتوانرێت لە بواری پزیشیکیدا بەکاری بھێنرێت.
ئەو مامۆستای زانکۆیە ئاماژە بەوەدەدا، بیرۆکەی ھێنانی ئەم رووەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٩٠ کە سەرەتا رووەکەی لە وڵاتی تایلەند ناسیوە و دوای چەندین توێژینەوە لەسەری توانیوێتی لە کوردستان بیڕوێنێت و نزیکەی ١٧ ھەزار رووەکی بەرھەم بھێنێت.

راشیگەیاند: زیاتر لە ١٢٠٠ کەس داوای بەرھەمەکانی مۆرینگایان لێ کردووە و بەشێوەی کەپسول و پاودەر و پێمانداون و سودی زۆریان لێوەرگرتووە، نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەپسولمان دروستکردووە، بەبێ بەرامبەر دەیدەین بەھاوڵاتیان و بۆ چەندین نەخۆشی جیاواز بەکاریان ھێناوە و بەھیچ شێوەیەک گلەیان لێنەبووە،.

رونیشیکردەوە، مۆرینگا چەندین جۆری ھەیە و تەنھا دوو جۆریان لە کوردستان دەڕوێن و سودێکی زۆریان ھەیە، لە ھەموو جۆرەکانی تر دەوڵەمەنترە بە کانزا و ڤیتامینەکان و ھیچ جۆرە مادەیەکی ژەھراوی و ھۆشبەری تێدا نییە.
دکتۆر جمال سەعید رەشید باسلەوەشدەکات، سەرەتا کە ئەم رووەکەمان بڵاوکردەوە لە کوردستان بۆ ئەو کەسانە بوو کە نەخۆشی شەکرەیان ھەبوو، بەڵام جگە لە نەخۆشی شەکرە چارەسەری زۆر لە نەخۆشییەکانی تر دەکات، ھەر لە نەخۆشیەکانی گەدە و قۆڵۆن و چەندین نەخۆشی تر، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ جۆرە زیانێکی لاوەکیشی نابێت لەسەر نەخۆشەکە، چونکە ئەم رووەکە پێش ئەوەی دەرمان بێت خواردنە وەکو ھەموو سەوزەیەکی تر و ھەروەھا بەھەزاران تویژینەوە لەسەر رووەکی مۆرینگا لە وڵاتانی جیھان  کراوە و باس لەچارەسەرەکانی دەکات و ئێمەش پشتمان بەستووە بەو توێژینەوانە.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی بەرھەمەکانی مۆرینگا لە بازاڕەکانی کوردستان "دکتۆر جەمال" رایگەیاند: پێش ئەوەی ئێمە مۆرینگا بڵاوبکەینەوەو بیدەین بە خەڵک ھیچ کەسێک لەکوردستان زانیاری لەسەری نەبوو، بەڵام پاش ئەوەی من بۆ یەکەمجار ھێنامە کوردستانەوە، راستەوخۆ رووەکەکەمان بڵاونەکردەوە بەڵکو توێژینەوەمان لەسەر کرد تا بزانین ئەم رووەکە چۆنە و کام جۆرەی باشە بۆ کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە لە شەش وڵاتی جیاوازەوە تۆومان ھێناوە، پاش چوار ساڵ لە توێژینەوە لەسەر رووەکە بۆمان دەرکەوت تەنھا یەک جۆری باشە بۆ کوردستان و دەتوانین بیڕوێنین.

وتیشی مەبەستمان لەم کارە تەنیا خزمەتکردنی خەڵکە و مەبەستی بازرگانیمان نیە و دەمانەوێت ئەو جۆرە لە کوردستان بڵاوبکەینەوە کەباشە، چونکە مەرج نیە ھەموو جۆرێکی تۆوی مۆرینگا باش بێت بۆ تەندروستی چونکە رەنگە پێکھاتەی تری رووەکی لەگەڵدا تێکەڵ کرابێت و کاریگەری لاوەکی لەسەر تەندروستی جێ بھێڵێت و تەنیا ئامانج لێی قازانجی مادی بێت. 

مانگ پێشتر - May 19 2017 4:31PM
50125
بابه‌تی زیاتر