ته‌ندروستی
ته‌ندروستی
ھۆشداری لە خواردنی شەکر دەدرێت
SNN: 

تادێت رۆژانە رێژەی ئەو شەکر و شیرینیەی منداڵان دەیخۆن روو لەزیادبوونە و ئەوەش مەترسی دروست دەکات لەسەر تەندروستیان و تووشبوونیان بە نەخۆشی و قەڵەویی.
بۆیە پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن کە دەبێت منداڵان رۆژانە رێژەیەکی دیاریکراو شەکر بخۆن، بۆئەوەی بە تەندروستی بمێننەوە و رایدەگەیەنن پێویستە دایکان و باوکان زۆر ئاگادار بن لەوەی منداڵەکانیان چی دەخۆن بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیان لەدوارۆژدا.
لەوبارەیەوە کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی American Heart Association، رێنوێنی نوێی بڵاوکردەوە سەبارەت بەو رێژەی شەکرەی رۆژانە لەلایەن منداڵان و ھەرزەکارانەوە دەخورێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی و بەپێی رێنوێنیەکە دەبێت رۆژانە منداڵ شەش کەوچکی بچووک شەکر زیاتر بەکارنەھێنێت.
ئەو کۆمەڵە ئەمریکیە بڵاویکردەوە گیراوەی شەکر Syrups کەزیاد دەکرێت بۆ ناو خۆراک و خواردنەوەکان بۆئەوەی تامێکی جیاوازی پێببەخشێت، بوونی ئەو گیراوەیە لەناو شیرەمەنی و کێک و خواردنەوە گازییەکان بۆتە ھۆی نیگەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چونکە خواردنەوە گازیەکان و خواردنەوە ووزە بەخشەکان برێکی زۆر شەکریان تێدایە و بۆ نمونە یەک قووتوی کۆلای ٣٥٠ ملیمەتری واتە زیاتر لە ٩ کەوچکی بچووک شەکری تێدایە.
کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد لەتەمەنی نێوان ٢ بۆ ١٨ ساڵ دەبێت رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ گەرمۆکە بەھۆی شەکرەوە بەکارنەھێنن کە دەکاتە شەش کەوچکی بچووک و منداڵانی خوار دووساڵ دەبێت شەکر نەخۆن.
ئەو کۆمەڵە ئەمریکیە ئەوەی خستەڕوو دیاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی شەکری خوراو لەلایەن منداڵانەوە دەبێَتە ھۆی کەمبوونەوەی مەترسی ئالوودەبوون لەسەر خواردنی شەکرەمەنیەکان لەقۆناغەکانی داھاتووی ژیانیان.
دکتۆر میریام فۆس لێکۆڵەری سەرەکی ئەو لێکۆڵینەوەیە ووتی: ئامانجی رێنمایەکانیان بۆ کارئاسانی کردنە بۆ دایکان و باوکان کە نابێت منداڵ رۆژانە زیاتر لە شەش کەوچکی بچووک شەکر بخوات بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیان ، چونکە زۆر خواردنی شەکر لەقۆناغە سەرەتاکانی تەمەندا دەبێتە ھۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و کێشەی تەندروستی وەک فشاری خوێن و قەڵەویی.
 وتیشی: ئەو منداڵانەی رێژەیەکی زۆر شەکر بەکاردەھێنن ئەوا رێژەیەکی کەمتر خۆراکی تەندروست وەک میوە و سەوزەوات دەخۆن کەئەو خۆراکانەش زۆر گرنگن بۆ تەندروستی و گەشەکردنیان و زیادبەکارھێنانی شەکر تووشبوون بەنەخۆشی لای منداڵان زیاد دەکات بەتایبەت ئەو منداڵانەی کێشیان زیادە و زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەجۆری دووی نەخۆشی شەکرە زیاترە.


سەرچاوە:  ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
4 مانگ پێشتر - Jul 17 2017 1:42PM
5335
بابه‌تی زیاتر