دیدار
دیدار - مه‌گه‌زین
ھەردی سەلامی: کارێک نەبێتە ھۆی دەرکەوتنم ئامادە نیم بیکەم
SNN: خێڵان و ھەورامان
ھەردی سەلامی، ئەو گەنجەی وەکو دەھێنەرێک دەستیکردووە بەکارکردن و چەندین فیلم ڤیدیۆ کلیپی بەرھەمھێناوە و بەم دواییانەش بەگۆرانی وتن زیاتر دەرکەوت، لەدیدارێکی لەگەڵ SNNدا پرۆژەکانی داھاتووی ئاشکرا دەکات.
ھەردی سەلامی لەساڵی ١٩٨٧ لەشاری سلێمانی لە دایکبووە، لەساڵی ٢٠٠٧ خوێندنی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆی تەواو کردووە، دوای دەرچوونی لەپەیمانگا سەرقاڵی کاری راگەیاندن بووە بۆ ماوەی چەند ساڵێک کەوەک وێنەگر لەکەناڵەکانی راگەیاندن کاری کردووە، لەدوای ئەوەی سەرقاڵی کاری دەر‌ھێنەری و ریکلام بووە و دواتریش چەند گۆرانیەکی بەرھەم ھێناوە و تائێستاش بەردەوامە.



SNN: نازناوی سەلامی لەکوێوە ھاتووە؟
ھەردی سەلامی: باوکم خەڵکی بانەیە و سەلامی نازناوی خانەوادەکەمانە.
SNN: سەرەتا شانۆت ھەڵبژارد بۆچی بەردەوام نەبووی؟
ھەردی سەلامی: کاتێک پەیمانگای ھونەرە جوانەکانم ھەڵبژارد بۆ کاری ھونەری نەچووم کێشەم ھەبوو لەوانەی بیرکاریدا، ھۆکاری ھەڵبژاردنی بواری شانۆش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر حەزم بۆ ھونەر دروستبوو و دوای تەواوکردنی بەشەکەشم زیاتر حەزم لە کاری ڤیدیۆ و تەلەفزیۆن بوو.

SNN: سەرەتای کاری ھونەریت چۆن دەستپێکرد؟
ھەردی سەلامی: یەکەم کارم کورتە فیلمێک بوو بەناوی فیلمی "سێ" کە باسی لەو کێشانە دەکرد بەھۆی مۆبایلەوە روبەرووی دوو خۆشەویست دەبێتەوە، ھەر چەندە بۆ من کارێکی زەحمەت بوو، ھیچ کەسێک ھاوکاری نەدەکردم بەبیانوی ئەوەی دەیانوت تۆ ھیچ ئەزمونێکت نییە ناتوانی دەرھێنانی فیلم بکەیت، بەڵام ھەر بەردەوام بووم و لە فیستیڤاڵی سلێمانی لەو ساڵەدا سێ خەڵاتی بەدەستھێنا و دەنگدانەوەی باشی ھەبوو لە ناو خەڵکیدا، لە دوای ئەو کارەوە دەستمکرد بە دروستکردنی ڤیدیۆ کلیپ و دواتر کاری ریکلامم دەستپێکرد.
SNN: لە دەرھێنەرییەوە بۆ کاری ریکلام و دواتر گۆرانی وتن ئەمە چۆن رویدا؟
ھەردی سەلامی: ئەم ھونەرانە تایبەت نین بەچەند کەسێکی دیاریکراوە، ھەموو کەسێک بۆی ھەیە یەکێک لەوانە ھەڵبژێرێت یان زیاتر، کەوتۆتەوە سەر توانای کەسەکە، من توانام ھەبووە لەو بوارانەدا کار بکەم، ئەگەر لەبوارێکی تریشدا توانام ھەبووایە رەنگە ئەویشم بکردایە، دواجار خەڵکە بڕیاردەدات کام کارەی تۆی بەدڵە.

SNN: ئەم کارانەی تۆ لە چەند بوارێکی جیاوازدایە حەزی خۆتن یان پێویستە؟
ھەردی سەلامی: کارکردنم تەنھا بۆ حەزی خۆم دەگەڕێتەوە، بۆیە وەک پێویستی سەیریان ناکەم لەھەموو بوارەکاندا خەڵکی زۆر باشمان ھەیە، کەمی دەھێنەر و گۆرانیبێژمان نییە و خەڵکانێکی زۆر لە بوارەکاندا کاردەکەن، بەڵام دوای ئەوەی زانیم خەڵک قبوڵیان دەکەن بەتایبەتی گۆرانیەکانم ھەوڵمدا زیاتر بەردەوامبم، بەڵام نازانم تاکەی بەردەوام دەبم، رەنگە چەند کارێکی تر بکەم واز بھێنم یان ھەر بەردەوامبم جارێ بڕیارم نەداوە.
SNN: چۆن بڕیاری ئەوە دەدەیت کە بەردەوام بیت لە کاری ھونەری؟
ھەردی سەلامی: تا ئەو کاتەی بتوانم کارێکی باش دروست بکەم بەردەوام دەبم، بەڵام نامەوێت لەبەر ئەوەی خەڵک بەمن دەڵێن دەنگی تۆ خۆشە یان گۆرانیەکانت باشە بەردەوامبم.

SNN: وەکو دەھێنەرێک ئامادەی کار بۆ ھەر ڤیدیۆ کلیپێک بکەی کە بۆت پێشنیار دەکرێت؟
ھەردی سەلامی: لەسەرەتادا کە ویستم کاری دەرھێنەری بکەم کەس پێی نەدەوتم کاری بۆ بکەم، خۆم زۆرجار ھەوڵمداوە بروا بەھونەرمەندێک بھێنم کلیپی بۆ بکەم بە بێ ئەوەی ھیچ پارەیەکی لێوەربگرم، تەنھا بۆ ئەوەی کارێک بکەم و کەسانێک بیبینن و لەدوای ئەوە کاری تر وەربگرم، بەڵام لە ئێستادا پێم خۆش نییە ھەر کارێک ھاتە بەردەستم بیکەم، نەک لەبەر ئەوەی ئاستی من زۆر بەرزەو گۆرانیەکان باش نین، لەبەر ئەوەی من بۆ حەزی خۆم کاردەکەم، ئەگەرنا لەروی مادییەوە قازانجی بۆ من نییە، چونکە ئەو قازانجەی لە رێگای ریکلامەوە دەستم دەکەوێت لە ڤیدیۆ کلیپدا دەستم ناکەوێت و تەنھا بۆ ناوەکەی خۆم کاری ڤیدیۆ کلیپ دەکەم، زۆر جاریش پیشنیارم بۆکراوە بۆ ڤیدیۆ کلیپ بە ھەر بیانویەک بێت دورم خستۆتەوە.
SNN: کێن ئەوانەی ھەست دەکەی ناوی تۆش لەگەڵ کلیپەکانیاندا دەردەکەوێت و باشن بەلاتەوە؟
ھەردی سەلامی: لەھەموو کارەکانی خۆم رازی نیم، بەڵام کۆمەڵێک کاریان تێدایە بۆ من باش بووە و کاریگەری لەسەر ناوی من ھەبووە، لەو کارانەش لەگەڵ ھونەرمەند ھەڵوێست و شێرکۆ تالیب و نەوید زەردی کردوومە
15
SNN: چۆن دەستت کرد بە گۆرانی وتن و یەکەم گۆرانیت چی بوو؟
ھەردی سەلامی: پێش ئەوەی یەکەم گۆرانیم بە تەواوی بڵاوبکەمەوە چەند کارێکی کورتم دروستکرد و بڵاومکردنەوە، چاوەڕێی ئەوەم دەکرد بزانم رای خەڵکی چی دەبێت و کاردانەوەیان چی دەبێت بەرامبەریان، کە بەتەواوی دڵنیا بوومەوە ئینجا بڕیارمدا کارێکی تەواو بڵاو بکەمەوە، یەکەم کاریشم گۆرانی "بۆتۆ دەژیم" بوو.
SNN: گۆرانی "بۆ تۆ دەژیم" بۆ ھیچ کەسێکی تایبەتت وتووە؟
ھەردی سەلامی: بەڵێ بۆ کەسێکم وتووە و کاتێک تێکستی ئەو گۆرانیەم نوسیووە لەگەڵ کەسێکدا لەپەیوەندی خۆشەویستدا بووم بە ئێستاشەوە، ئەو کەسە بۆتە ھۆی ئەوەی تێکست و ئاوازی ئەو کارە بێتە بەرھەم، بەڵام مەرج نییە کارەکانی داھاتووە پەیوەندی بە ژیانی خۆمەوە بێت یان بۆ کەسێکی تایبەت بێت.

SNN: تائێستا ستایلی کارکردنی خۆتت دۆزیوەتەوە؟
ھەردی سەلامی: خۆم لەئاستێکی وادا نابینم بتوانم ستیایلێکی تایبەت بەخۆم دروست بکەم،چونکە ئەوە بەرپرسیارێتیەکی زۆر گەورەیە، چونکە ھەر ستایلێکی گۆرانی ووتن دروست بوبێت، بە شارەزاییەکی زۆرەوە دروست بووە، پێم سەیرە ئەگەر گۆرانیبێژێک بڵیت من ستایلی خۆمم ھەیە،بەڵام خۆم حەزم لەجۆرێک ئیشکردنە کەگۆرانیبێژ زۆر بەئاسانی دەتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوەو ھەموو نەتەوەیەکیش دەتوانێت بەکاربھێنێت.
SNN: گۆرانیەکانی پێشووتر،تێکست وئاوازی خۆتە،گۆرانیەکانی داھاتوشت بەم شێوەیە دەبێت؟
ھەردی سەلامی: ئەوەی تائێستا ھەیە تێکست و ئاوازی خۆم بەکارھێناوە بۆ گۆرانیەکانم، مانای ئەوە نیە مەبەستم ئەوە بێت تێکست و ئاوازی کوردی باش نیە،لەوانیە زۆر ھەبێت بەلام من بەرچاوم نەکەوتوە،رەنگە لەداھاتوشدا تێکست یان ئاوازی کەسانی دیکە بەکاربھێنم.

SNN:  کاری داھاتووت چییە؟
ھەردی سەلامی: چەند کارێکی تایبەتی خۆم ئامادەیە تائێستا بڵاومنەکردونەتەوە و ھەروەھا دوێتێک لەگەڵ ھونەرمەند "نەوید زەردی" لە ماوەی ئایندەدا بڵاوی دەکەینەوە.

SNN: لەکاتێکدا تۆ دەرھێنەری، بەڵام تائێستا کلیپی تایبەت بەخۆت نییە ھۆکاری ئەمە چییە؟
ھەردی سەلامی: رەنگە من بتوانم لەخەڵکی تر ئاسانتر کلیپ بۆ خۆم دروست بکەم، بەڵام نەمکرد چونکە دڵنیا نەبووم گۆرانیەکەی من چۆن دەبێت لای خەڵک، لە ئایندەشدا ئەگەر کلیپ بۆ بەرھەمەکانم بکەم نامەوێت بەھیچ شێوەیە تەداخولی تێدا بکەم، دەرھێنەرێکی تر کارەکەم بۆ بکات و بەو جۆرە بێت کە خۆم بەدڵم بێت، چونکە کاتێک کلیپ بۆ گۆرانی بێژێک دەکەم و تەداخولی کارەکە دەکات من بێزار دەبووم نامەوێت خۆم ئەوە دووبارە بکەمەوە.

SNN: لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا چۆنی؟
ھەردی سەلامی: پەیوەندی کۆمەڵایەتیم باش نییە، ھۆکارەکەشی نازانم و زۆر کەس وا دەزانێت ساردم لەگەڵ خەڵکیدا، بەڵام لە راستیدا وانیم و ئەو کەسە نیم ھیچ کەسێکم لا گرنگ نەبێت، شێوازی ژیانم وایکردووە کە بەو شێوەیە دەربکەوم، چونکە بەتەنیا دەژیم و پەیوەندیم زیاتر لەگەڵ خزمەکانمدا باش نییە، ئەمە خاڵێکی لاوازی منە و شانازی پێوە ناکەم.
SNN: لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا چالاکی ھۆکاری ئەمە چییە؟
ھەردی سەلامی: تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ناساندن گرنگن و وای لێھاتووە بەئەندازەی کەناڵەکانی راگەیاندن تۆ نزیک بکاتەوە لەخەڵک و پەیوەندیان لەگەڵ دروست بکەیت و ھەواڵە نوێکانی خۆتیان پێ بگەیەنیت و وەکو ھاوڕێیەک ھەڵسوکەت بکەیت لەگەڵیاندا.
SNN: تۆ لە سێ بواردا کار دەکەیت، چۆن توانیوتە لە یەک کاتدا بەدواداچوون بۆ ئەو سێ بوارە بکەی؟
ھەردی سەلامی: لە شتێکی خۆم زۆر رازیم ئەویش ئەوەیە بەردەوام بەدواداچوونم ھەیە بۆ ئەو بوارانەی کاریان تیدا دەکەم، تا رادەیەکیش کارێکی ئاسانە بۆ من، چونکە بوارەکانی کاریان تیدا دەکەم پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە، چاودێری سەرجەم کارە کوردیەکان دەکەم و لە ھەمان کاتدا گوێ دەگرم لە کارە فارسی و تورکییە تازەکان، چونکە ئەوان رۆژانە زۆر بە خێرایی پێش دەکەون و تەکنیکی جوان بەکار دەھێنن لە کارەکانیاندا.

SNN: لەئێستادا کاری ریکلامکردن لەکوردستان چۆن دەبینی؟
ھەردی سەلامی: یەکێک لەوبوارانەی کەزۆر دڵم پێ خۆشە، بەرەوپێشچونی کاری ریکلامە، خۆشبەختانە لەماوەیەکی کورتدا بەشوەیەکی زۆر باش چۆتە پێشەوە وزۆری نەماوە ریکلامی کوردی بگاتە ئاستی ریکلامە جیھانیەکان.
SNN: کوردستان شوێنی باش و جوانی ھەیە بۆ کاری ریکلام؟
ھەردی سەلامی:کۆمەلێک شوێن ھەیە،بەڵام زۆر کاریان تێدا کراوەو ناکرێت بەردەوام دووبارە بکرێنەوە،بۆیە لەسەر دەرھێنەری ریکلام پێویستە،خۆی شوێن دروست بکات یان رێکی بخات ئەگەر بیەوێت ریکلامێکی جوان بەرھەمبھێنێت.
SNN: دوا وتەی تۆ چیە؟
ھەردی سەلامی: دەمەوێت باسی ئەوە بکەم، کۆمەلێک پەیج و ئەکاونت لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، دەچنە ژیانی تایبەتی زۆرێک لەوکەسانەی دەرکەوتوون و ناسراون و زانیاری ناراست بڵاودەکەنەوە، حەزەکەم خەڵک ئاگاداری ئەوە بێت، کەھەرچیەک بڵاودەکرێتەوە دوورە لەراستیەوە، دڵنیاشـم خەڵک گەشتۆتە ئاستێک بڕوا بەھەموو شتێک ناکەن و دەزانن راستی و دروستی شتەکان چیە.
10 مانگ پێشتر - Aug 11 2017 4:55PM
5817
بابه‌تی زیاتر
گۆران ئایار: بەگۆرانی برادەر دۆست و دوژمنی خۆمم ناسی...
سوڵتان: کۆمپانیاکانی ھونەر دەستی گەنجان ناگرن...
نیان عەزیز: خۆم بۆ شاجوانی کوردستان ھەڵدەبژێرم...
​ئاسۆس جاف پەیکەر بۆ ھونەرمەندێکی کورد دروست دەکات...
خاوەن پێداویستیەکی تایبەت نھێنی سەرکەوتنەکانی ئاشکرادەک...
ژیلیا: ھیچ کەس ناتوانێت رێگریم لێ بکات...
هەڵوێست :گۆرانی ئاینی دەڵێم...
ئەمەل سەعید کوردە: پێویستە بەرێچکەشکێن ناومان بنێن...
توانا حەمە: ھونەرمەند دەبێت کەسێکی نائاسایی بێت...
میران بورھان عاشقی سلێمانیە...
ھەردی سەلامی: کارێک نەبێتە ھۆی دەرکەوتنم ئامادە نیم بیک...
ئارام سەردار: کاری دەرھێنانم بۆ زیاتر لەھەزار گۆرانی کر...
غەزەل مستەفا بەرھەمی نوێ تۆمار دەکات ...
جەنگیز: یەکەم کارم گۆرانیەکە بەزاراوەی سۆرانی ...
رەوەز:حەز دەکەم بەزمانی تورکی گۆرانی بڵێم...
لوقمان سەلیم : گۆرانیەکانم عەشق و ئەوینداری لەپشتەوەیە...
ئاریان کەریم: بۆ بژێوی ژیان کوردستانم جێھێشتووە...
رازە: ئەمساڵ مۆدیلی قژی کورتە...
123