لەکوردستانەوە
داستانێکی پێشمەرگە دەبرێتە ئیسپانیا
SNN: 

فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، چیڕۆکەکەی پاڵەوانی لەشجوانی (ئەحمەد ڕامبۆ) نووسیویەتی، سیناریۆکەشی لە لایەن (سەعید مەحمود) نووسراوە، کاری دەرھێنانیشی (حەسەن عەلی) بۆی کردووە، لە یەکەم بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا، بە نوێنەرایەتی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (ئەکشن) لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداری دەکات، کە لەگەڵ (٩) فیلمی وڵاتانی تر کێبرکێی بەدەست ھێنانی خەڵات دەکات، فێستیڤاڵەکە لە بەرواری (٢٢ تا ٢٨/١٠/٢٠١٧) لە شاری (سیڤیلیا) بەڕێوە دەچێت.
چیرۆکی فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، باس لە داستانی مەفرەزەیەکی پێشمەرگە دەکات لە ھەلومەرجی زستانێکی سەختدا، لەگەڵ خانمە ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی کە ھاتبووە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ھەواڵەکانی شۆڕشی کورد بگوێزێتەوە بۆ جیھان لە ڕێگەی کامێراکەیەوە، لەو دەمەی کە ھەموو دونیا لە بوونی کورد و ئازارەکانی بێ ئاگا بووە،. کە ڕژێم پێی دەزانێ زۆر بۆی گرنگ دەبێت کە ئەم ڤیدیۆ و دیکۆمێنتانە نەگاتە تیڤیەکانی جیھان، بە ھێزێکی سەربازی گەورە بە دوای دەکەون بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام ئەم مەفرەزە گیانی ڕۆژنامەنووسەکە دەگرنە ئەستۆ، لە ململانێیەکی سەخت و دژوار خۆیان گیان فیدا دەکەن تاکو لە سنووری تورکیا ڕەتی کەن و بۆ ئەوەی ھەواڵی شۆڕشی کورد بە جیھان بگات.
بەرھەمھێنەر و پاڵەوانی فیلمەکە (ئەحمەد ڕامبۆ) بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە) ستایلێکی نوێیە لە سینەمای کوردی، ئەویش ستایلی ئەکشنە، دەتوانم بڵێم یەکەم فیلمی ئەکشنە بەو قەبارەیە کاری دەرھێنانی بۆ کراوە، ئەم فیلمە کاری وێنەگرتنی سەرەتای ساڵی (٢٠١٦) بوو، لە شاخەکانی کوردستان وێنەی گیراوە، لە ھەڵومەرجی شەڕی بەرەنگار بوونەوەی دژ بە داعش بەرھەم ھات، کە ویستمان لە ڕێگەی ئەو فیلمەوە دووبارە مێژووی کۆنی گیان فیدایی پێشمەرگە ھەڵبدەینەوە، دەری بخەین پێشمەرگە کێ یە و لە سەرەتاوە چۆن بووە، بەو شێوەیە پێشانمان داوە، کە شەڕی کردووە لە پێناوی بەدەست ھێنانی ئازادی و بەرەنگار بوونەوەی ھێرشەکانی دوژمن کە پەلاماری کوردستانی داوە.
فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە) بە پاڵەوانێتی قارەمانی لەشجوانی (ئەحمەد ڕامبۆ) و خانمە ئەکتەری بەناو بانگی ئەڵمانی (لیۆنی زیومر)، و ئەکتەری بەناو بانگی عەرەبی (شمم الحسن)ـە، و لەنواندنی ھەریەک لە ئەکتەران (عادل عبدالرحمن، کاوە قادر، عەبدولی حەمە جوان، نیگار عوسمان، عبدالرحمن محەمەد، مازن محەمەد، کارزان سەلاح، ئەحمەد سەعد، عبدولا محەمەد، ھەنار کامەران)ـە، کاری مۆنتاژ (نەعمەت نارنجی) جێ بەجێی کردووە،  بەڕێوەبەری بەرھەمەکەش (نێچیرڤان ئەرگوشی)یە، فیلمەکە لە ناوچەی سەفین و ھیزۆپ و دۆلی سماقولی وێنەگیراوە کەماوەکەی (٨٩) خولەکە و بەرھەمی ساڵی (٢٠١٦)یە. 

gellerytitle

gellerytitle

gellerytitle

gellerytitle

هەفتە پێشتر - Oct 12 2017 9:36PM
1679
بابه‌تی زیاتر